بەمەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە ئاستەكانی لاوانی كچان لە شاری سلێمانی و دەوروبەری و بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی یاریی باسكە لە شارەكەدا، لقی سلێمانی یەكێتیی تۆپی باسكەی كوردستان خولێكی بۆ تۆپی باسكە بۆ یانەكانی ئەو شارە كردەوە كە پێنج یانەی شارەكە هەفتانە یارییەكانیان لە هۆڵەكانی شارەكە بەڕێوە دەبەن، لە دوایین یاریی پێش كۆتایی خولەكەش لە هۆڵی داخراوی یانەی پێشمەرگەی سلمێانی هەردوو یانەی تیپی باسكەی كچانی سیروانی نوێ A و كچانی یانەی سلێمانی رووبەڕووی یەك بوونەوە، لەم یارییەشدا یاریزانانی هەردوو تیپ ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد، بەڵام كچانی سیروانی نوێ بە ئەزموونی خۆیان و لێهاتوویی راهێنەرەكەیان توانییان ئاستێكی بەرزتر پێشكەش بكەن و كۆنترۆڵی یارییەكە بكەن و درێژە بە ئەنجامە باشەكانیان بدەن لە پاڵەوانێتییەكەدا، لەم یارییەش بە ئەنجامی(84-71)خاڵ یارییەكەیان بە سوودی خۆیان بە كۆتایی هێناو بەر لە تەواوبوونی هەفتەی كۆتایی توانییان نازناوی شاری سلێمانی بۆ خۆیان یەكلایی بكەنەوە، دوایین یاریشیان لەبەرامبەر تیپی دووەمی یانەكەی خۆیان لە هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدەن، لە یارییەكانی پێشووتریش كچانی سیروانی نوێ سەرجەم یارییەكانی بە بردنەوە بۆ خۆی یەكلا كردۆتەوە، لە بارەی بەدەستهێنانی نازناوەكەش رزگار رەئوف راهێنەری كچانی سیروانی نوێ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «كردنەوەی ئەم پاڵەوانێتییە گرنگیی خۆی هەبووە بۆ یاریزانانی تیپە بەشداربووەكان، چونكە ماوەیەكە هیچ خولێك بەڕێوەنەچووە، بۆیە یانە بەشداربووەكانیش كۆمەڵێك یاریزانی لاویان تاقیكردەوە، ئێمەش وەكو كچانی سیروانی نوێ بە دوو تیپەوە بەشداربووین لەم خولە و ئاستی باشمان پێشكەش كردوە و هیوامان وایە كردنەوەی ئەم جۆرە پاڵەوانێتییانە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی یاریزانی زیاتر ئامادە بكرێت.