لە خولی نایابی کوردستان پێشمەرگەی سلێمانی و ئارارات و پێشمەرگەی ھەولێر سەرکەوتنی گرنگیان بەدەستھێنا

لە خولی نایابی کوردستان پێشمەرگەی سلێمانی و ئارارات و پێشمەرگەی ھەولێر سەرکەوتنی گرنگیان بەدەستھێنا
کارزان کانەبی
لەدرێژەی یارییەکانی ھەفتەی چواردەھەمی خولی نایابی یانە پلە نایابەکانی کوردستان لە قۆناغی دووەمی خولەکە چەند یارییەکی گرنگ و بەھێز لە نێوان یانەکانی کوردستان بەرێوە چوو، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەسەر یاریگای فەرماندەیی لە شاری سلێمانی ڕووبەرووی یانەی برایەتی بووە لەم یارییەشدا یاریزانانی ھەردوو یانە ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد لە یارییەکە و سەرئەنجامیش یانەی پێشمەرگەی خاوەن یاریگا یارییەکەی بەتاکە گۆلێکی یاریزان محەمەد رەزوانی پیشەگەری سوری سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستھێنا، لە شاری کەلاریش یانەی ئارارات لەبەردەم ھاندەرانی یانەی شێروانە ڕووبەرووی یانەی خاوەن یاریگاو ھاندەران بووە لەم یارییەشدا یاریزانانی یانەی ئارارات بە ریتمی یاری پێشووی توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و سەرکەوتنی تۆمارکردو بە سێ خاڵەوە گەڕایەوە پیرمام، گۆڵەکانی ئارارات ھەریەک لە یاریزانان(عەلی عەزیز،ئەلێکس) تۆماریان کرد، گۆڵی شێروان سەلام عەزیز تۆماری کرد، لە شاری زاخۆش لەسەر یاریگای بارزان لە یارییەکی بارناوی و ساردا ھەردوو یانەی زاخۆ و سلێمانی بەیەک گەیشتن لەم یارییەشدا یاریزانانی یانەی زاخۆ سەرەتا توانیان ئاستێکی بەرز پێشکەش کەن و کۆنترۆلی یاریگان کردو لە ھەموو لایەکەوە ھێرشیان دەکردە سەر گۆڵی یانەی سلێمانی و لەم ناوەشدا خاوەن یاریگا توانی دوو گۆڵ لە رێگای یاریزانان(ئەمیرخان یوسف،ئیدریس عەلی)تۆماربکات، لە دوا خولەکەکانی یارییەکەش یاریزانانی سلێمانی کەوتنە خۆیان و توانیان دووگۆڵ لە رێگای یاریزانان(رێبوار جەمال،ھاوکار حوسێن) تۆماربکەن و ھەردوو یانە بە خالێک و بە دوو گۆڵ یەکسان بوون، لە یاریگای دووەمی شەھید فەرەنسۆ ھەریری یانەی پێشمەرگە میوانداری یانەی کەرکوکی کرد لەم یارییەشدا یاریزانانی ھەردوو تیپ لە یارییەکی ساردو باراناویدا بەیەک گەیشتن و سەرئەنجامیش یانەی پێشمەرگە یارییەکە بە تاکە گۆلێکی یاریزان عیماد ئەسعەد سێ خاڵی گرنگی بەدەست ھێناو کەرکوکیش بەدەست بەتاڵی گەڕایەوە شارەکەی، لە شاری سلێمانیش یانەی نەورۆز میوانداری یانەی ھەولێری کردو لە یارییەکی ساردو باراناویدا ھەردوو یانە دوای پێشکەش کردنی ئاستێکی مام ناوەند ھەردوو یانە بەبێ گۆڵ و بە خالێک یەکسان بوون.
Top