تیپی گۆڕەپان و مەیدانی هەولێر یەك ساڵە بێ مووچە یاری دەكەن

تیپی گۆڕەپان و مەیدانی هەولێر یەك ساڵە بێ مووچە یاری دەكەن
هەر چەندە تیپی كچانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر بەردەوامە لە مەشقكردن بۆ خۆئامادەكاریی بۆ پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە و ناوخۆی عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی زیاتر لە 12 مانگە كچانی ئەم یانەیە هیچ بڕە مووچەیەكیان لە یانەی هەولێر وەرنەگرتووە، بەهۆی ئەو كێشە داراییەی كە بەرۆكی یانەی وەرزشی هەولێری گرتووە، بەڵام كچانی هەولێر ئامادەن بەبێ بەرامبەریش لەبەر خۆشەویستییان بۆ یانەی هەولێر یاری بكەن، لەبارەی بەردەوامیشیان لە وەرزشكردن خزمەتی یانەكە بكەن. رێبوار محیەدین جەباری راهێنەری تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «هەرچەندە ئێمە ماوەیەكی زۆرە مووچەمان وەرنەگرتووە لە یانەی وەرزشی هەولێر بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامیمان داوە بە وەرزش كردن، بەهۆی ئەوەی كە ژمارەیەك لە یاریزانانی ئێمە لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقدان و لەوێ بەردەوام مووچەكانیان وەردەگرن، بۆیە كێشەمان بۆ دروست نەبووە و ئەمساڵیش هەوڵدەدەین یاریزانی زیاترمان لە هەڵبژاردەكە وەربگیرێن بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە داراییەی كە لە یانەكەمان هەیە لەوێ بۆیان پڕ بكەنەوە، ماوەی زیاتر لە یەك ساڵە هیچ مووچەیەكەمان لە یانەی وەرزشی هەولێر وەرنەگرتووە و بەردەوامیشین لە ریزی یانەكەمان لەبەر خۆشەویستیی یانەی هەولێر و یاری گۆڕەپان و مەیدانیش ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتكردن بە یانەی وەرزشی هەولێر و بەرزكردنەوەی ناوی یانەی هەولێر لە یاریی گۆڕەپان و مەیدانیش، بەڵێنی ئەوەشمان داوە بەبێ پارەش لە یانەی وەرزشی هەولێر بەردەوام دەبین.
Top