دوای ئەوەی ناوی یاریزانانی هەڵبژاردەی كوردستان دیاری كرا بۆ یارییە دۆستانەكەی هەڵبژاردەی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییە دۆستانەیە لەبەرامبەر هەڵبژاردەی هەرێمی ئیلان ڤانینی وڵاتی ئێرلەندا كە بڕیارە لە وڵاتی ئینگلتەرا لە شاری پیرمینگهام رۆژی 17-3-2015 بەڕێوە بچێت، هەندێك ناڕەزایی لە دیاریكردنی ناوی یاریزانانی هەڵبژاردەكە دروست بوو، كە گوایە لەلایەن دەستەی راهێنەرانەوە ناوچەگەریی كراوە و یاریزانانی شارێك لە شارێكی دیكە زیاتری تێدایە. ئەرسەلان جەلال یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان لەو بارەیەوە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «دوای دەستنیشانكردنمان بە یاریدەدەری راهێنەر ئێمە لەگەڵ دەستەی راهێنەران ناوی یاریزانانی هەڵبژاردەكەمان دیاری كرد، بەبێ دەستكاریكردنی هیچ لایەك لەو دەستنیشانكردنە، لەم هەفتەیەشدا دەست بە ئامادەكارییەكان دەكەین بۆ ئەم یارییە دۆستانە كە بڕیارە لە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، كە باسی ناوچەگەریش دەكرێ، ئەوە دوورە لە راستی، چونكە بە هیچ جۆرێك ئێمە وەكو دەستەی راهێنەران ناوچەگەریمان نەكردووە، پێمان باش بوو لە هەر یانەیەكی پلە نایاب یاریزانێك دیاری بكەین بۆ هەڵبژاردەكە، دواتریش من خەڵكی هەولێرم ماوەی زیاتر لە 20ساڵە لە سلێمانی دەژیم، بەهیچ جۆرێك رێگە نادەم ناوچەگەری بكرێت، هەر راهێنەرێكیش ئەو كارە بكات، من بە راهێنەری نازانم». گوتیشی: «دەستنیشانكردنی ئەو یاریزانانە تەنیا بۆ ئەم یارییە دۆستانەیە و دواتریش نازانین چی بەسەر دێت، تائێستاش گرفتمان نییە و هەوڵدەدەین ئامادەكارییەكی باش بكەین بۆ ئەم یارییە دۆستانە بۆ ئەوەی تیپێكی تۆكمە دروست بكەین و یاریزانان بەشێوەی باش ئامادەبكەین .