گواستنەوەی زستانەی خولی كوردستان تەواو بوو یانەكانی هەولێر تا چەند سوودیان لێی وەرگرتووە؟

گواستنەوەی زستانەی خولی كوردستان تەواو بوو یانەكانی هەولێر  تا چەند سوودیان لێی وەرگرتووە؟
دوای تەواوبوونی یارییەكانی قۆناغی یەكەمی خولی پلە نایابەكانی كوردستان بۆ تۆپی پێی، یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەرگای گواستنەوەی زستانە بۆ یانەكانی كوردستان بكاتەوە بەمەبەستی پتەوكردنی تیپەكانیان، لەم قۆناغەدا هەندێك یانە سوودیان لێوەرگرت و هەندێكی دی نەیانتوانی سوود وەربگرن، لەم هەفتەیەدا تەنیا تیشك دەخەینە سەر یانەكانی شاری هەولێر، كە تا چەند سوودیان لە گواستنەوەی زستانە وەرگرتووە.


یانەی هەولێر
یانەی هەولێر بەهۆی قەیرانی دارایی لە سەرەتای ئەم وەرزدا دەستبەرداری گشت ئەستێرەكانی بوو و تەنیا پشتی بە یاریزانە لاوەكانی بەست، لە گواستنەوەی زستانە، یانەی هەولێر تەنیا گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی پێشووی پێشمەرگەی هەولێر (هۆگر حوسێن) مۆركرد، كە ناوبراو لە هێڵی هێرشبەر یاری دەكات و هەروەها گرێبەستی لەگەڵ دوو تا سێ یاریزانی لە لاو لە تیپە میللیەكان مۆركردووە، كە بە بۆچوونی راهێنەر داهاتووێكی باشیان دەبێت، لە بەرانبەردا چەند یاریزانێكی لاو لەسەر داوای خۆی یانەی هەولێریان جێهێشت، ئەویش (هەرێم تەحسین)، كە گەڕایەوە تیپی لاوانی یانەی هەولێر و (فەرمان ئیسماعیل، دلێر رەمەزان) و تا ئێستا چارەنووسی یاریزان بەهێز ئەنوەر دیار نییە، چونكە ناوبراو تووشی نەخۆشیەكی كتوپڕ هات، ئەوەش بووە هۆكاری دابڕانی لە مەشقەكانی یانەی هەولێر.


پێشمەرگەی هەولێر
لە یانەكانی شاری هەولێر پێشمەرگەی هەولێر پشكی شێری گۆڕانكارییەكان بەر كەوتووە، كە چەندین یاریزان لە یانەكە دوورخرانەوە و لە بەرانبەردا گرێبەستیان لەگەڵ چەند یاریزانێكی لاو و پیشەگەر مۆركردووە.
بەشێوەیەكی فەرمی هەر چوار یاریزانی یانەی بروسك پەیوەندیان بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر كردووە ئەویش هەریەكە لە (هێمن عەلی، رێبوار محەمەد، گۆران عیماد، عەبدوڵڵا عەلی پیشەگەری سووری)، هەروەها گرێبەستیان لەگەڵ یاریزانی یانەی هەندرێن (نەوزاد شێرزاد) و یاریزانی یانەی برایەتی (رێبەر چەتۆ سیان) مۆركردووە، لە بەرانبەردا شەش یاریزانە لە یانەكە دوورخرانەوە ئەویش هەریەكە لە (نێچیرڤان پاشا، شێرزاد محەمەد، ئامانج فەخرەدین، هۆگر حوسێن، ئەحمەد حوسنی (میسر)، مازن)، ئەم یاریزانانە پەیوەندییان بە یانەكانی تری كوردستان كرد.

یانەی ئارارات
یانەی ئارارات لەگەڵ تەواوبوونی قۆناغی یەكەم، گرێبەستیان لەگەڵ راهێنەرێكی ئێرانی (محەمەد ئەحمەدزادە) مۆركرد بۆ ئەوەی تیپەكە لەم قەیرانە خراپی ئەنجامەكان رزگار بكات لەگەڵ گەیشتنی راهێنەری ناوبراو یانەی ئارارات گرێبەستی لەگەڵ چەند یاریزانێك مۆركردووە ئەویش هەریەكە لە (نێچیرڤان پاشا، هەندرێن عەلی، ئامانج فەخرەدین، هیشام هادی)، هەروەها یانەی ئارارات دەستبەرداری هەریەكە لە یاریزانان (شوان فەلاح، مەحمود ئەمیر، هێمن عەلی، بژار شاكر) بوو.


یانەی برایەتی
یانەی برایەتی لە رووی مۆركردنی گرێبەست تەنیا سوودیان لە دوو یاریزانی لاو وەرگرتووە و هاتوونە یانەكە ئەوەیش هەریەكە لە یاریزانان (رێبوار ئەحمەد، سەفین مەنسور) لە بەرانبەردا یانەكە بەفەرمی دەستبەرداری چوار یاریزان بووینە، ئەویش (حەیدەر كەریم، رێبەر چەتۆ سیان، ئاكۆ محەمەد، رێكان دەروێش)، بۆ قۆناغی دووەم یانەی برایەتی پارێزگاری لە پێكهاتەكەی كردووە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەنجامی باش لەم قۆناغە بە دەستبهێنێت.


یانەی هەندرێن
یانەی هەندرێن تاكە یانەیە لەم گواستنەوەیە سوودی وەرنەگرتووە و گرێبەستی لەگەڵ هیچ یاریزانێك مۆرنەكردووە، هەرچەندە بەشێوەیەكی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی یانەی هەولێر كارزان عەبدوڵڵا مۆركرد، بەڵام ناوبراو سزایەكی كارگێڕی لە لایەن یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لەسەرە، كە ناتوانێت بۆ ماوەی 2 ساڵ یاری بۆ هیچ یانەیەك ئەنجام بدات بۆیە هەندرێن ناتوانێت سوود لە ئەزموونی ئەم یاریزانە وەربگرێت، لە بەرانبەردا هەردوو یاریزان (رێبوار نەجمەدین، نەوزاد شێرزاد) لە تیپەكە دوورخرانەوە.
Top