هەر چەندە تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆك پێشەنگی یانەكانی كوردستانی گرتووە و هەفتە لە دوای هەفتە بەپشتبەستن بە كوڕانی شارەكە ئاستی یانەكە زیاتر بەرەو پێش دەچێت و یانەكە خاوەنی 28خاڵە لە خولی كوردستان و پاڵەوانی قۆناغی یەكەم بووە، لە خولی عێراقیش بە هەمان یاریزانانی شارەكەی یاری دەكات، جگە لە ئەنجامدانی ئەم هەموو یارییە بەڵام یاریزانانی یانەكە هیچ بڕە پارەیەك و مووچەیەكیان وەرنەگرتووە لە یانەی دهۆك و تەنیا بۆ خۆشەویستی یانەكە و وەفادارییان بۆ یانەی دهۆك یاری دەكەن. یانەی دهۆك گرێبەستی سەرجەم یاریزانانی ئەم وەرزی نەداوە، تاكو ئێستاش یاریزانانی تیپەكە داوای هیچ بڕە پارەیەكیان نەكردووە و پێشەنگن. لە بارەی پێنەدانی بڕی گرێبەستەكانیش محەمەد عەلی لە راگەیاندنی یانەی دهۆك بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە بەهۆی ئەوەی بارودۆخی تیپەكەمان وەكو پێویست نەبووە لە رووی باری داراییەوە، بۆ ماوەی دووساڵ دەبێت قەیرانی داراییمان هەبووە، بەڵام ئەوەی ئێمەی خۆشبەخت كردووە، خۆشەویستی یاریزانانی ئێمەیە بۆ یانەی دهۆك كە ئەوان بەردەوام لە خەمی یانەكەیانن و شارەكەیان خۆشدەوێ، ئێمە قیستی سێیەمی وەرزی رابردووی یاریزانانمان نەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە تاكو ئێستا ماوەی زیاتر لە شەش مانگە هیچ بڕە گرێبەستێكی یاریزانانمان نەداوە بە كورد و عەرەبەكان و سەرجەم یاریزانانیش داوای ئەوەیان نەكردووە كە پارەكانیان پێبدرێت، بەهۆی خۆشەویستییان بۆ یانەكە و وەفادارییان بۆ شاری دهۆك، جگە لەوەش یاریزانانی ئێمە هیچ مووچەیەكیان نییە لە یانەكەمان تەنیا گرێبەستە و یاریزانە عەرەبەكانیش داوای پارە ناكەن تاكو مانگی 9ی ئەمساڵ بەهۆی رێككەوتنمان لەگەڵیان، جگە لە كێشەی دارایی ئێمە توانیومان ئاستی تیپەكەمان رابگرین بە یاریزانانی كوردی شارەكەمان كە ئەوان هەمیشە لە خەمی یانەكە و شاری دهۆك بوون بۆ ئەوەی دهۆك بكەنە پێشەنگی یانەكان، هەرچەندە باری دارایمانیش خراپە، بەڵام دڵسۆزی یاریزانەكان لەبەردەم بەدەستهێنانی ئەنجامی تیپەكە رێخۆشكەر بووە، هیواداریشین لە داهاتوو بڕە پارەیەكمان بگاتە دەست بۆ ئەوەی خزمەتی یانەكە و شارەكەمانی پێ بكەین و یاریزانانیش مافی سرووشتی خۆیانە بۆ ئەوەی مافیان بدرێت.