دوای ئەوەی یانەی زاخۆ دەستەیەكی راهێنەران و ژمارەیەك لە یاریزانانی بۆ تیپەكەی دەستنیشان كرد بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە یارییەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی عێراقی، لە ئێستاشدا یانەی زاخۆ زیاتر پشت بە تواناكانی یاریزانان و راهێنەری دەرەوەی شارەكە دەبەستێێت بۆ بەردەوامیدان بە ئەنجامی باش لە خولەكە و كێبڕكێ كردن بۆ ریزبەندی پێشەوەی یانەكان، بۆ ئەم مەبەستەش دەستەی كارگێڕی یانەكە بە فەرمی ئەحمەد والی یاریزانی پێشووی یانەكەی كە بە رەگەز عەرەبە بۆ سەرپەرشتیاری تیپەكەی لە خولی تۆپی پێی عێراق دەستنیشان كرد، لەم بارەشەوە شڤان خەلیل ئەندامی دەستەی راگەیاندنی یانەی زاخۆ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و نزیكبوون لە یاریزانانی تیپەكەمان دوای گفتوگۆكردنمان لەگەڵ ئەحمەد والی توانیمان بگەینە رێككەوتن بۆ ئەوەی بە سەرپەرشتیاری تیپەكە دەستنیشانی بكەین، ئەحمەد والی خزمەتێكی زۆری یانەی زاخۆی كردووە و چاكەی لەسەر یانەكەمان هەبووە، بۆیە لەسەر داوای دەستەی راهێنەران و بە رەزامەندی دەستەی كارگێڕیی یانەكە هێناومانەتە یانەكە و ئومێدی زۆرمان بە ئەحمەد والی هەیە كە شارەزایەكی باشی لە خولی كوردستان هەیە و دەتوانێ بە تەواوی لە یاریزانان و تیپەكەش نزیك بێت بۆ ئەوەی بەهەموو لایەك ئەنجامی یانەكە باشتر بكەین، ئێستاش هیچ گرفتێكمان نییە و تیپەكەمان لە وڵاتی توركیایە بە ئامانجی ئامادەكاری زیاتر بۆ یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی عێراق، ئێمەش لە قۆناغی دووەم چاومان لەوەیە بتوانین ئەنجامی شایستە بۆ یانەی زاخۆ بەدەستبهێنین، سوپاس بۆ دەستەی كارگێڕی تیپەكەشمان كە نەیانهێشتووە گرفتمان هەبێت و پێشەنگ بوون لە هاوكاریی یاریزانان و تیپەكە.