نەریمان خدر و یانەی زاخۆ دەستیان لەیەكتری بەردا

نەریمان خدر و یانەی زاخۆ دەستیان لەیەكتری بەردا
هەرچەندە ئەم وەرزە نەریمان خدری گۆڵپارێز ریزی یانەی هەولێری جێهێشت بەهۆی یاری پێنەكردنی لە ریزی یانەكە و بۆ یاریكردنیشی لە خولی عێراقی بە گرێبەستێكی 130ملیۆن دیناری پەیوەندی بە ریزی یانەی زاخۆوە كرد، بەڵام بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ یانەی زاخۆ و بەشداری كردنی لە چەند یارییەك لە خولەكە نەریمان و یانەی زاخۆ رێك نەكەوتن بەهۆكاری جیاواز لە ئێستاشدا نەریمان بە تەواوی مافی گواستنەوەی لە یانەی زاخۆ وەرگرتووە و چەندین یانەش پەیوەندییان پێوە كردووە بۆ ئەوەی یاری لە ریزی یانەكانیان بكات؟ لە بارەی هۆكاری جێهێشتنی ریزی یانەی زاخۆ نەریمان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «من پەیوەندیم بە یانەی زاخۆ كردو لەگەڵیان رێككەوتووم بۆ ماوەی یەك وەرز لەگەڵ یانەكە بم و بڕی 130ملیۆن دینار گرێبەستەكەم بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو یانەیە هیچ مافێكی منی نەدا كە دەبوایە بڕی 65ملیۆنم پێ بدەن لە بەرامبەر یەك قۆناغ یاری كردن، بەڵام ئەوان تەنیا بڕی پێنج ملیۆن دیناریان پێ داوم، ئەوەش مافی خۆم نییە زۆر زیاتریان لێم خواردووە».
لە بارەی تۆماركردنی سكاڵاش لەسەر یانەی زاخۆ نەریمان گوتی: «نەخێر بەنیازی ئەوە نیم سكاڵا تۆمار بكەم، چونكە هیچم لەگەڵ یانەی زاخۆ نەماوە، ئەوان بە فەرمی دەستبەرداری من بوون و لەو پارەیەش خۆش بووم كە لای ئەوان مابوو كە بڕی 60ملیۆن دینارە، چونكە دەزانم پێم نادەن، بۆیە نامەوێ خۆم ماندوو بكەم.
لەبارەی هاتنی گرێبەستی دیكەش بۆ ئەوەی یارییان بۆ بكات، ناوبراو گوتی: «چەند یانەیەك پەیوەندییان كردووە بۆ ئەوەی یارییان بۆ بكەم، بەڵام تەنیا بە مووچە نەك گرێبەست، منیش تاكو ئێستا من چاوەڕێم و هیچ بڕیارێك لەسەر چارەنووسی خۆم نادەم، تازە لەگەڵ یانەی زاخۆ بە تەواوی كۆتاییم هاتووە، بەڵام یانەی زاخۆش بێ بەڵێن دەرچوون لەگەڵ من، چونكە مافەكەیان پێ نەدام .
Top