عەبدولكەریم هاشم یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی: هیوادارم لە پاڵەوانیەتی جیهانی و ئۆڵۆمپیات ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوە

عەبدولكەریم هاشم یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی: هیوادارم لە پاڵەوانیەتی جیهانی و ئۆڵۆمپیات ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوە
عەبدولكەریم هاشم لە دایكبووی ساڵی 1995ی شاری هەولێرە و دەرچووی پەیمانگەی وەرزشییە و ئێستاش قوتابی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە و یەكێك لە یاریزانە لاوەكانی شاری هەولێرە كە لە ساڵی 2002ـەوە تێكەڵی یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی بووە و چەندین ئەنجامی گەورەی بەدەستهێناوە، ئێستاش یاریزانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی بەرزكردنەوەی قورسایی عێراقە، ئێمەش لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

*چۆن بوو ئەم یارییە قورسەت هەڵبژارد كە یاریی ئاسنە؟
-لە ساڵی 2002 یاری بەرزكردنەوەی قورساییم هەڵبژارد بە هۆی براگەورەكەم كە یەكێكە لە پاڵەوانەكانی بەرزكردنەوەی قورسایی بوو لە سەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەب و خاوەنی ملوانكەی زێڕە، ئەو یەكەم هۆكار بوو بۆ پەلكێشكردنی من بۆ هەڵبژاردنی یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی.
*ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان بە گشتی چۆن دەبینی؟
- ئاستی ئەم یارییە لە كوردستاندا پێشكەوتنێكی زۆرباشی بەخۆیەوە بینیوە، هەر لە ساڵانی 1980ـەوە تاوەكو ئێستا بەردەوام پاڵەوانی دروستكردووە، ژمارەیەكی بەرچاو چوونەتە ئاستەكانی پاڵەوانییەتی عەرەبی و ئاسیا و جیهانی و ئەنجامەكانیان دیارن.
* ئەی لە شاری هەولێردا ئەو یارییە لە چ ئاستێكدا دەبینی؟
- بێگومان شاری هەولێر قوتابخانەیە بۆ یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی و لە ئاستێكی زۆر باشدایە كە توانای بەراوردی پاڵەوانانی جیهانی دەكرێ، زۆربەی پاڵەوانەكان لە شاری هەولێر درووست بوون.
*بۆچی ئەم یارییە وەكو پێویست نییە كە یاریزانان رووی تێبكەن؟
- یاریزانان بە كەمی روو لەم یارییە دەكەن بەهۆی پێویستی و تایبەتمەندیی ئەم یارییە بە توانا و تەركیز و خێرایی، هەروەها كەمیی ئەنجامدانی پاڵەوانەتییەكان كە ساڵانە، یان دوو ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت، ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ كەمیی یاریزانان لەم یارییە.
*كێشەو گرفتتان لە یاری بەرزكردنەوەی قورسایی چییە؟
- یاری بەرزكردنەوەی قورساییش وەكو هەموو یارییەكانی دیكە كێشەی هەیە، دەتوانرێ بە بودجەیەكی كەم چەند یاریزانێكی بەتوانا دروست بكرێت و ملوانكەی زێڕین لە پاڵەوانەتییەكانی ئاسیا و عەرەبی بەدەست بهێنن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا تەنها یانەی وەرزشیی هەولێر گرنگی بەو یارییە دەدات، ئەویش بە توانایەكی ماددی زۆر سنووردارەوە، نەكردنەوەی خول و سەربازگەی مەشقی بۆ یاریزانان لە دەرەوەی وڵات، نەبوونی راهێنەرێكی نێودەوڵەتی و بەشدارینەكردنی یانەكانی هەولێر لە پاڵەوانەتییەكاندا ئەوانە هەمووی كێشەی ئەم یارییەن لە كوردستاندا.
* یانەكەتان وەكو پێویست هاوكاریتان دەكات؟
- بەڵێ بەگوێرەی ئەو توانا كەمەی هەیەتی تا رادەیەكی زۆر باش هاوكاریمان دەكات، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی دووچاری كوردستان بووەوە لە 2014 ئێمە وەك راهێنەران و یاریزانان بۆ زیاتر لە (13) مانگ، بەبێ مووچە بەردەوامبووین.
* بەهۆی ئەو گرفتە ئەمنییەی هەیە ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەردەوامیت؟
- لە ساڵی 2007 ـەوە لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقم و ئێستاش بەردەوامم.
* هیوا و ئاواتت وەكو كوڕە وەرزشكارێك چییە؟
- هیواخوازم بتوانم لە پاڵەوانیەتی جیهانی و ئۆڵۆمپیات بەشداربم و ئاڵای دەوڵەتی كوردستان بەرزبكەمەوە.
* بۆپێشكەوتنی ئەم یارییە چی بكرێت باشە؟
- دابینكردنی هۆڵێكی تایبەت بە یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی بە ستاندەری نێودەوڵەتی و هاوكاریكردنی یاریزانان لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە، دڵنیام لە ماوەیەكی كەمدا ئەنجامێكی بەرچاوی لەسەر ئاستی عەرەبی و ئاسیادا دەبێت.
*داواكاری و پێشنیارت بۆلایەنی بەرپرس چییە؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بە یارییە تاكەكان بدرێت لەسەر ئاستی كوردستان، چونكە لەم یارییانە ئەنجامی گەورە بەدەستدێت.


* بە یاریزانانی چ وڵاتێك سەرسامیت لەجیهاندا؟
- بەڕاستی سەرسامم بە ئاستی یاریزانانی هەڵبژاردەی رووسیا و ئێران و چین و ئێستاش توركیاش لە كێبڕكێیەكان هاتۆتە پێشەوە و هەوڵی بە سیاسیكردنی یارییەكان دەدات، بۆ نموونە بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتی بەرزكردنەوەی قورسایی لە ئەنتالیا.
*بۆچی ئێستا كەمتر لە پاڵەوانیەتییەكان دەبیندرێی؟
- لەبەرئەوەی من لە كێشی (77كغم)دا تاكە یاریزانی كوردم كە بەشداربم لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق، هەروەها ئەم كێشەی نێوان كورد و بەغدا منیش بەشێك بووم لەوانەی ئەو باجەم داوە، بۆ نموونە مانگی 4 بەشداریم كرد لە كەمپێكی مەشقی زیاتر لە 85 رۆژ بۆ پاڵەوانیەتی جیهانی لە مۆسكۆ، بەڵام دوای نەبوونی ركابەرم بەشدارییان پێ نەكردم، لە مانگی 8 بانگیانكردم بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانیەتی ئاسیادا لە وڵاتی كۆریا بەهەمان شێوە بەشداریم پێنەكرا، هەروەها لە مانگی 10 بانگكرام بۆ پاڵەوانیەتی ئاسیا لە وڵاتی كازاخستان دیسانەوە بەشداریم پێنەكرا، هەروەها لە مانگی 1ی ساڵی 2015 بانگهێشتكراوم بۆ بەشداری لەپاڵەوانیەتی وڵاتی قەتەر، بەڵام دیسان رەتیانكردەوە بەشداریم پێبكەن، هەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی بەرزكردنەوەی قورسایی هەرێمی كوردستان و یەكێتیی بەرزكردنەوەی قورسایی عێراق، من بڕوام بەتواناكانم هەیە و بە پشتبەستن بە خوای گەورە، دەمتوانی چەندین ملوانكەی دیكە بۆ كوردستان بەدەست بهێنم.
*باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان تا ئێستا چی بوون؟
- باشترین دەستكەوتەكانم لە پاڵەوانیەتی عەرەبی (3) ملوانكەی زێڕ و لە پاڵەوانیەتی ئاسیا لە وڵاتی تایلەند توانیم (3) ملوانكەی زێڕ بەدەست بێنم بە پلەی یەكەم چەندین ئەنجامی باشیشم لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان هەبووە.
*بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە ؟
- هەوڵدەدەم بەردەوامبم لە مەشق و راهێنانەكان بۆ ئەوەی بتوانم ئەنجامی شایستەتر لە پاڵەوانیەتییەكان بەدەستبهێنم.
*ئەگەر شتێكت لە كۆتاییدا مابێت؟
-سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەركردنەوەی بەردەوامی یاریزانان، سوپاس بۆ راهێنەران (خەسرۆ ئیسماعیل و د.عەبدولسەمەد) كە بۆ بەردەوامبوونم لە یاریكردن هانیان داوم، هەروەها زۆر سوپاسی دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی هەولێر دەكەم و راهێنەر و یاریزانانی كە بوونە هاندەر و پشتیوانم لە سەركەوتنەكانم، هەروەها یەكێتیی بەرزكردنەوەی قورسایی لقی هەولێر و تاهیر سابیری بۆ هاوكاری بەردەوامی من.
Top