سلێمانی تووشی سزایەكی قورس بوو

سلێمانی تووشی سزایەكی قورس بوو
دوای ئەوەی یانەی سلێمانی وەكو نارەزایەك لەبەرانبەر گۆرینی ئەنجامی یارییەكەی بەرانبەر یانەی نەفت و سزادانی بە ئەنجامدانی یارییەكانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و بە بێ جەماوەر، بەفەرمی یانەكە كشانەوەی خۆی لە خولی نایابی عێراق راگەیاند.
ئەم كشانەوە كاردانەوەی لەسەر شەقامی كوردستان و عێراق هەبوو تا رادەیەك باس لەوە دەكرا، كە هیچ یانەیەك لە وەرزی ئەمسالدا دانابەزێت.
لە لێدوانێكی تایبەتدا مالح مەهدی ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و سەرۆكی لێژنەی هونەری یەكێتیەكە سەبارەت بەم بابەتە گوتی: بەفەرمی ئێمە بڕیارمان داوە بە پێی پەیرەوی ناوخۆی یەكێتی تۆپی پێی عێراق لە كاتی كشانەوەی هەر یانەیەك سزای توند دەدرێت، بۆیە بەفەرمی بڕیاردرا یانەی سلێمانی بۆ خولی پلە دووی عێراق دابەزێت لەگەڵ غەرامكردنی بە بڕی 30 ملیۆن دینار و لابردنی ناوی لە لیستی دەستەی گشتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و لەگەڵ چەندین سزای تر.
لە درێژەی قسەكانیدا مالح مەهدی گوتی: یانەی سلێمانی بەفەرمی ئەم بڕیاریان پێگەیشتووە و ئاگاداری هەموو سزایەكانن، بۆیە یانەی سلێمانی لە وەرزی داهاتوو دەبێت لە خولی پلە دووی عێراق یاری بكات نەوەك پلە یەك.
رێبین رەمزی
Top