هەر چەندە ئەم وەزرە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە هیوای ئەوە بوو بتوانێ ئەنجامێكی شایستە بەدەست بهێنێ لە یارییەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستان، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینییەكان یانەكە لە كۆی ئەنجامدانی شەش یاری لە خولی پلە نایابەكانی كوردستان نەیتوانیوە هیچ یارییەك براوە بێت و تەنیا سێ خاڵی بەدەستهێناوە و لە ریزبەندیی یانەكانیش لە پلەكانی دواوە دێت، ئەم ئەنجامەش جێگەی دڵخۆشیی هاندەرانی یانەكە نەبووە. هاوكات لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا راهێنەری یانەكە شاهین عەباس دەستی لە مەشقی یانەكە كێشایەوە و دەستەی كارگێڕی یانەكەش دەست لەكاركێشانەوەكەی پەسند كردو لە شوێنی ئەویش سیروان جەباری یاریدەدەری راهێنەری یانەكەی بۆ راهێنەری یانەكە بە شێوەیەكی كاتی دەستنیشانكرد، لە بارەی دەستنیشانكردنیشی بۆ پۆستی راهێنەرایەتی یانەكە، سیروان جەبار بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە لەم وەزرە هیوامان زۆر بوو بتوانین ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، بەڵام بەهۆی گرفتی گۆڵ نەكردن دووچاری ئەم بارودۆخە بووینەوە كە نەتوانین ئەنجامەكانمان باش بێت، دوای ئەوەی شاهین عەباسی راهێنەری یانەكەمان دەستی لە مەشقی یانەكە كێشایەوە دەستەی كارگێڕیی یانەكەشمان داوایان كرد من بۆ چەند یاری تیپەكە بەڕێوە ببەم، منیش وەكو یاریدەدەر لە یانەكە ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ ئەو تیپەم، بۆیە بە شێوەیەكی كاتی مەشقی یانەكەیان بەمن راسپاردووە بۆ ماوەی دوو هەفتە، رەنگە زیاتریش بێت»، جەبار گوتیشی: «من دەمەوێ لەم یارییانەی داهاتوو پلانێكی تازە بۆ تیپەكە دابنێم لە یارییەكانی خولی كوردستان و رەنگە دوو یاریزانی تازەمان بۆ بێت بۆ بەهێزكردنی هێڵی هێرشبردن، منیش گۆڕانكاری لە پێكهاتەیی تیپەكە ئەنجام دەدەم بۆ ئەوەی ئاستی تیپەكەمان بەرز بێتەوە، بەدوای یاریزانانیش دەگەڕێن بۆ تیپەكە و بەهێز بوونەوەی سەر لەنوێ تیپەكە».