رۆڵی حکوومەت لە چارەسەرکردنـی قەیرانی دارایی یانەکان چییە؟

رۆڵی حکوومەت لە چارەسەرکردنـی قەیرانی دارایی یانەکان چییە؟
لە ھەفتەی رابردوو باسی چۆنیەتی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی یانەکانمان کرد، کە بە چەند رێگەیەک دەتوانن لەم قەیرانە رزگاریان بێت، ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت، بۆیە بە پێویستی دەزانم لەم ژمارە باس لە رۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەم لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە داراییە و بە بێ ئەوەی ھیچ پاڵەپەستۆیەک لەسەر حکوومەت درووست بێت، دەتوانێت ھاوکاری یانەکان بکات، ئەوەیش بەمشێوەی خوارەوە:
لە کوردستان چەند یانە ھەیە؟
دوای ئەوەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە پێی سیستەمێک بە چەند قۆناغێک ژمارەی یانەکانی کوردستان-یان کەمکردووە و ئێستا ٧٤ یانە مانگانەی خۆیان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش وەردەگرن، کە ئێستا بەھۆی قەیرانی دارایی حکوومەت بڕیاری داوە مانگانە (٥٠%)ی مینحە بداتە یانەکان تا ئەم قەیرانە داراییە چارەسەر دەکرێت.
چەند یانەی دامەزراوە ھەیە؟
لە کوردستان ٧ یانەی دامەزراوە ھەیە، کە ھەریەکیان سەر بە وەزارەتێک-ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و بودجەی خۆیان لەم وەزارەتە وەردەگرن، ئەوەیش ھەریەکە لە یانەکانی (پێشمەرگەی ھەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی) سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە و (یانەی زێرەڤانی) سەر بە زێرەڤانییە و (یانەی پیشەسازی) سەر بە وەزارەتی پیشەسازییە و (٣ یانەی تایبەتمەند بە ئەسپسواری) لە کوردستان ھەن، کە ئەوانیش سەربەخۆن.
پلانی چارەسەرکردن چییە؟
ئەوەی پێویستە باس بکرێت، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت چارەسەرێکی کۆتایی بۆ ئەم قەیرانە دارایی یانەکان بدۆزێتەوە لە رێگەی دانانی پلانێکی دە ساڵی، کە ھاوکاری یانەکان بکات لەم ١٠ ساڵی داھاتوودا لە بەرانبەردا یانەکان پلانێکی خۆیان پێشکەش بە حکوومەت بکەن، چۆن لەم دە ساڵە ژێرخانی ئابووری خۆیان بەھێز دەکەن و پێویستیان بە پاڵپشتی حکوومەت نابێت.
ئێستا لە زۆربەی وڵاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی، حکوومەت بە بێ ئەوەی ھیچ زیانێکی ماددی بەربکەوێت، ھاوکاری یانەکان دەکات، ئەوەیش لە رێگەی بەستنەوەی یانەکان بە وەزارەتەکان واتا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت چوار تا پێنچ یانە بە وەزارەتێک ببەستێتەوە بۆ ئەوەی ھاوکاری مانگانە، یاخود ساڵانە لەو وەزارتە وەربگرن و بتوانن چالاکییەکانیان بەڕێوە ببەن، جگە لە ھەر چوار یانە گەورەکەی کوردستان (ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و کەرکووک)، کە ئەم چوار یانەیە بە پێی مێژوو و دەستکەوت لە پاڵەوانێتیەکانی دەرەوە و ناوەوەی کوردستان پێویستە ھەر دوو یانە سەر بە وەزارەتێک بێت، بۆ ئەوەی بتوانن پاڵپشتی دارایی زیاتریان ھەبێت.
ئەم بابەتە دەبێتە ھۆکارێکی گەورەی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە داراییە، کە بەسەر یانەکان تێپەڕ دەبێت و ھەروەھا دەبێتە ھۆکارێک بۆ پێشکەوتنی وەرزشی کوردستان، چونکە لە رێگەی دابینکردنی بودجە بۆ یانەکان خولەکانی کوردستان بەھێزتر دەبێت و دەتواندرێت دەستکەوتی گەورەتر لە پاڵەوانێتیەکانی دەرەوەی کوردستان و عێراق بە دەستبھێنن لە زۆربەی یارییەکان وەکو (تۆپی پێ، تۆپی باسکە، تێنسی سەرمێز، پایسکلسواری، گۆڕەپان و مەیدان.. ھتد)، دەکرێت حکوومەت خوێندنەوەیەک بۆ ئەم پێشنیارە بکات و سەیری لایەنی باش و خراپی بکات، ھەرچەندە لایەنی باشەکانی زیاترە، چونکە وەرزشوانان لێ سوودمەند دەبن.
چۆن ژێرخانی وەرزشی درووست بکرێت؟
مانگانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بڕی (٧١٠) ملیۆن دینار وەکو مینحە دەداتە یانەکان، ئەم بڕە پارەیە سوودێکی ئەوتۆی بۆ یانەکان نییە، چونکە ناتوانن ھەموو پێداویستیەکانی یانەکان جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشنیاری بەستنەوەی یانەکان بە وەزارەتەکان بکات، ئەوە ئەو کاتە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ھیچ پەیوەندییەکی دارایی بە یانەکان نامێنێت و دەتوانێت لە رێگەی ئەم مینحەوە مانگانە، کە ساڵانە کۆی گشتی دەکاتە (٨) ملیار و (٥٢٠) ملیۆن دینار ژێرخانی وەرزشی بۆ شارەکانی کوردستان درووست بکات، وەکو یاریگەی نێودەوڵەتی و ھۆڵی داخراو و مەلەوانگەی نێودەوڵەتی...ھتد، مەرج نییە ھەموو لە یەک کات دروست بکرێت، بەڵکو ساڵانە دەتواندرێت درووست بکرێت لە ماوەی ١٠ ساڵ ژێرخانێکی وەرزشی دەوڵەمەندمان دەبێت لە کوردستان.
لە کۆتاییدا لە کوردستان وەرزش وەکو ئەنجام پێشکەوتووە، بەڵام وەکو ژێرخان دواکەوتووە، ھەروەھا کوردستان خاوەنی چەندین بەھرەمەندە لە یارییە جیاوازەکاندا، بەڵام نەبوونی بودجە و بایەخدان بە ئەزموونەکانیان دەبێتە ھۆکارێک بۆ لە ناوچوونی ئەم بەھرەمەندانە.
وەرزش ھۆکارێکی ئاسانە بۆ ناساندنی میللەتێک بە ھەموو جیھان لە رێگەی دەستکەوتێک، یاخود بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیەک ئەو مەبەستە دەپێکێت.رێبین رەمزی
Top