لە یاریگەی خۆی هەولێر دوو خاڵی تری لە دەستدا
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا یانەی هەولێر كۆنترۆڵی یارییەكەی كرد و یاریزانان هەڵگورد مەلا محەمەد و لوئەی سەڵاح و محەمەد جەفال و حاتم زێدان چەندین هەلی ئاسانی گۆڵ تۆماركردنیان لە دەستدا لە بەرانبەردا یانەی زەورا هیچ مەترسییەكی لەسەر گۆڵی هەولێر نەبوو، لە خولەكی 35 یاریزان ئەمجەد رازی توانی گۆڵی یەكەم بۆ یانەی هەولێر تۆمار بكات و گێمی یەكەم بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ تەواو بوو.
لە گێمی دووەمی یارییەكەدا بەهەمان سیناریۆی گێمی یەكەم هەولێر بەردەوام بوو لە لەدەستدانی هەلی ئاسانی گۆڵ تۆماركردن تا خولەكی 84 كاتێك ناوبژیوانی یارییەكە لێدانێكی سزای بۆ یانەی زەورا هەژمار كرد و یاریزانی پیشەگەری میسری مستەفا جەلال توانی گۆڵی یەكسانبوون بۆ یانەكەی تۆمار بكات.
دواتر ناوبژیوانی یاری فیكەی تەواوبوونی یارییەكەی لێدا بەیەكسانبوونی هەردوو یانە بە ئەنجامی (1-1) گۆڵ.
بەم ئەنجامە یانەی هەولێر كۆی خاڵەكانی بۆ 8 خاڵ بەرزكردووە لە 4 یاری.
رێبین رەمزی
