لە یانەكانی كـوردستان چ باسە؟

لە یانەكانی كـوردستان چ باسە؟
ئەو بارودۆخە دژوار و پڕگرفتە داراییەی كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە، كاریگەری نەرێنی لە سەر هەموو بوارەكان داناوە و یەكێك لە زەرەرمەندەكانیش یانەكانی وەرزشی بوون، كە ئەو قەیرانە داراییە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر یانەكان داناوە و بووە هۆكاری ئەوەی چەندین یانە لە پاڵەوانێتیە جیاوازەكان پاشەكەشە بكەن، هەروەها لێژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستانیش بەناچاری بڕیاری راگرتنی خولەكانی وەرزشی دا و تەنیا لقەكانی یەكێتیە ناوەندییەكان بە ئەنجامدانی پاڵەوانێتیەكان سەرپشك كراون.

ئا:رێبین رەمزی

لێژنەی ئۆڵۆمپی و كەمكردنەوەی بودجە
لێژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان مانگانە بودجەی تایبەتی خۆی هەبوو، كە بریتی بوو لە (300) ملیۆن دینار و بەم بڕە پارەیە خولەكانی كوردستان لە گشت یارییەكان ئەنجام دەدرا و (30) یەكێتی وەرزشی لێی سوودمەند بوون، بەڵام ئەم بارودۆخە داراییە خراپە بووە هۆكارێك تاوەكو بودجەی لێژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان بۆ (150) ملیۆن دینار كەم بكرێتەوە، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر یەكێتیە وەرزشییەكان كرد، بۆیە بە بڕیارێكی فەرمی لە لێژنەی ئۆڵۆمپی هیچ یەكێتی وەرزشییەك بۆی نییە خولەكان ئەنجام بدات، تاوەكو ئەم بارودۆخە چارەسەر دەبێت، ئەم بڕیارەی لێژنەی ئۆڵۆمپی لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كرا، هەندێك یانە دەستخۆشییان لێكردن و هەندێكی دیكەش لەگەڵ بەشێك لە یەكێتییە وەرزشییەكان لەو بڕیارە ناڕازی بوون، بەڵام لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بڕیارێكی دیكەی دا، كە یەكێتی لقەكانی شارەكان دەتوانن خولەكان لە ئاستی پارێزگاكانی كوردستان بۆ یانەكانی شارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن.
دهۆك دەرگای یانەكەی داخست
هەر بەهۆی ئەم قەیرانە داراییە یانەی دهۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بەفەرمی هەڕەشەی داخستنی دەرگای یانەكە دەكەن، ئەگەر پارێزگای دهۆك یاخود وەزارتی رۆشنبیری و لاوان بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی پشتگیریی یانەكە نەكەن لە رووی داراییەوە، بۆ ئەم مەبەستەش یانەی دهۆك بە فەرمی دەستبەرداری شەش یاریزانی سەرەكی تیپی تۆپی پێی یانەكە بوون، كە لە خولی عێراق یاری دەكەن، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاستی تیپەكە دەبێت لە خولی عێراق، چونكە یانەی دهۆك تا ئێستا لە پێشەنگی كۆمەڵەی خۆیدایە لە هەمان كاتدا بڕیاری هەڵپەساردنی یارییەكانی دیكەش هەیە، بەتایبەتی تۆپی باسكە، كە مێژوویەكی دێرینی هەیە.
سلێمانیش بای بای
دوای رووداوەكانی یاری نێوان هەردوو یانەی سلێمانی و نەفت لە خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێی، كە بووە هۆكاری درووست بوونی ئاژاوگێڕی لە یاریگەی سلێمانی، یەكێتی تۆپی پێی عێراق چەندین بڕیاری قورسی دا، وەكو سزادانی یانەی سلێمانی بە بڕی (10) ملیۆن دینار و ئەنجامدانی پێنج یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە بێ جەماوەر و هەژماركردنی یارییەكە بە دۆڕانی سلێمانی بە ئەنجامی (3-0) گۆڵ، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی لە لایەن سلێمانییەكان هەبوو، كە بە فەرمی تانەیان لە بڕیارەكەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دا و هەڕەشەی كشانەوەیان لە خولی نایابی عێراق كرد، ئەگەر یەكێتی تۆپی پێی عێراق لە بڕیارەكەی پاشەگەز نەبێتەوە، بەتایبەتی لە ئەنجامی یارییەكە.
هەرچەندە یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەهۆی سەرقاڵبوونی بە پاڵەوانێتی جامی كەنداو تا ئێستا بەفەرمی وەڵامی تانەكەی یانەی سلێمانی نەداوەتەوە، بەڵام یانەی سلێمانی بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە خولی نایابی عێراق راگەیاند و دەستبەرداری زۆربەی یاریزانە عەرەبەكان بوو، هەروەها دەستبەرداری ئەستێرەی یانەكە (هۆزان ئیسماعیل) بوو، بەڵام چاودێرانی وەرزشی لە شاری سلێمانی ئەم بڕیاری دەستەی كارگێڕی یانەكە بە تەكتیك دادەنێن و هاوكات تۆمەت دەخەنە پاڵ دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانی، كە هۆكاری ئاژاوەگێڕی یارییەكەی نەفت و سلێمانی بە ئەنقەست روویداوە، تاكو ببێتە هۆكارێك بۆ كشانەوەی یانەكە لە خولی نایاب، چونكە یانەی سلێمانی لە كۆی 4 یاری هیچ خاڵێكی نییە و دەستەی كارگێڕی یانەكە دڵنیا بوون، كە ناتوانن لە وەرزی داهاتوو هەر لە خولی نایابی عێراق یاری بكەن و دادەبەزن بۆ خولی پلە یەك، بۆیە ئەم بڕیاریان داوە، هەرچەندە رەنگە لەسەر ئەم بڕیارە یانەی سلێمانی تووشی سزایەكی قورسی دارایی و كارگێڕی بێت لە لایەن یەكێتی تۆپی پێی عێراق و رەنگە بڕیاری دابەزاندنی بۆ یانەكانی خولی پلە دووی عێراق بدەن.
ئەم بڕیارەی دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانی لەلایەن جەماوەر و وەرزشدۆستان و رۆژنامەنووسانی شاری سلێمانی ناڕەزاییەكی زۆری لێكەوتەوە.
بروسك مێژووەكەی خۆی لە چاڵ نا
یانەی بروسك یەكێكە لە یانە دیارەكانی كوردستان و مێژوویەكی دێرینی هەیە لە كوردستان لە گشت یارییەكان و قوتابخانەیەكی بەرهەمهێنەر بووە بۆ پێگەیاندنی یاریزانان، بەتایبەتی لە تۆپی پێی، بەڵام ئەم مێژووە دێرینەی بروسك یارمەتیدەر نەبوو، كە یانەكە لە قەیرانی دارایی رزگار بكرێت و دەستەی كارگێڕی یانەكە بە فەرمی بڕیاری داخستنی دەرگای یانەكەی دا و كشانەوەی خۆیان لە خولی نایابی كوردستان راگەیاند، هەرچەندە بەپێی زانیارییەكان یانەكە چەندین پەیمانی لەلایەن سەرمایەدارانی شاری هەولێر، كە پشتگیری یانەكە دەكەن، هەروەها چەندین بەرپرس هەمان پەیمانیان پێدان، بەڵام دەستەی كارگێڕی یانەكە ئارامی نەگرت و بڕیارەكەی خۆی جێبەجێكرد، ئەم بڕیارەش ناڕەزاییەكی گەورەی لە لایەن یاریزانانی یانەكەوە لێكەوتەوە و دواتر هەر یاریزانێك چووە یانەیەكی دیكەی كوردستان. بە قسەی ئەو یاریزانانە ماوەی دوو ساڵە لە مەشق و راهێنان لەگەڵ یانەكە بەردەوامن و «لە خراپترین یاریگەی كوردستان»، كە یاریگەی بروسكە بە گەرما و سەرما یارییان كردووە، كەچی بە بڕیارێك لە تام و چێژی خولی كوردستان بێبەش كران، تا ئێستاش دەستەی كارگێڕی یانەی بروسك بێدەنگی خۆی لەسەر ئەم بڕیارە نەشكاندووە و نازانرێ ئایا پڕۆگرامی داهاتوویان بۆ رزگاربوون لەم قەیرانە داراییە چییە.
سیروانی نوێ هەڕەشە دەكات
بەپێی هەواڵە نافەرمییەكان یانەی سیروانی نوێ هەڕەشەی كشانەوە لە خولی پلە یەكی كوردستان دەكات ئەگەر هاتوو هاوكاری نەكرێت، تا ئێستا یانەكە لەسەر ئەم بابەتە هیچ قسەیەكی فەرمی نەكردووە، بەڵام بەپێی چەند كەسانێكی نزیك لە یانەكە، سیروانی نوێ لە قەیرانێكی داراییدایە و هەوڵی چارەسەركردنی ئەم قەیرانە داراییە دەدات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە خۆی رزگار بكات.
چارەسەر چییە؟
چەندین یانەی دیكەش هەن، هەمان كێشەی قەیرانی داراییان هەیە، بەڵام ئەوان بڕیاریان داوە بێدەنگ بن و بەشداری چالاكییەكان نەكەن، بە گوتەی ئەوان رێگە بە خۆیان نادەن، پاڵەپەستۆ لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان درووست بكەن، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شەڕێكی دژوواردایە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستان، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ كێشەی قەیرانی دارایی یانەكان وەبەرهێنان و رێكلامە.
هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەم بابەتە زانیاری زیاترتان پێدەدەین.
Top