سەردار ئیسماعیل پاڵـەوانی لەشجوانی جیهانی: بەرز راگرتنی ناوی كوردستان لە پاڵەوانێتییە نــــێودەوڵەتییەكان ئەركی گەورەمانە
* ئاستی یاریی لەشجوانی بە شێوەیەكی گشتی لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- ئێستا لە لوتكەدایە، بەڵگەشم ئامادەبوونی كوردە لە پاڵەوانێتییە جیهانییەكان و ئەنجامە بەرچاوەكانی ئەم پاڵەوانانە.
* وەكو پاڵەوانێك پێتوایە بۆ بەرەو پێش چوونی ئەم یارییە دەبێت چی بكرێت؟
- بە بۆچوونی من هێنانی راهێنەری جیهانی و كردنەوەی پاڵەوانێتی و بەشداریكردنی راهێنەرانی كورد لە خولە جیهانییەكان بەمەبەستی بەدەستهێنانی زانیاریی نوێ و بەرزكردنەوەی ئاستی راهێنەران ئەوانە هۆكارن بۆ پێشكەوتنی ئەم یارییە.
* كردنەوەی پاڵەوانێتیی ساڵانە بۆ یەك جار ئایا دەبێتە هۆكار بۆ پێشوەچوونی ئەم یارییە؟
- بە بۆچوونی من هەر چەندێك پاڵەوانێتی زیاتر بێت، ژمارەی پاڵەوانەكانمان زیاتر دەبێت، بەڵام بێگومان پێویستی بە توانای ماددی هەیە.
* گرفتی یاریی لەشجوانی لە چیدا زیاتر رەنگ دەداتەوە؟
- كەمیی پشتگیری كردنی یاریزانان لەلایەن یانەكان هۆكاری سەرەكییە.
*كردنەوەی ئەم هۆڵانە تا چەند بە مەبەستی خزمەتە و تا چەند دەچێتە خانەی بارزگانی؟
- بەداخەوە زۆربەی هۆڵەكان بەمەبەستی بازرگانییە تەنیا 2تا3 هۆڵ نەبێت كە جێ دەستیان دیارە لە یاریی لەشجوانی.
* هەست ناكەی ئێستا ئەم یارییە لە ناو چینی گەنجان زیاتر پەرەی سەندبێت؟
- مایەی خۆشحاڵییە كە چینی گەنجان روویان لەم وەرزشە كردووە، ئەمەش گەواهیدەری فروان بوونی پێگەی جەماوەری ئەم یارییە دەردەخات.
* بەرنامەت بۆ داهاتوو چییە ؟
- پەنابەخوا دوای وەرگرتنی پشوویەك بەردەوام دەبم لە بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییە جیهانییەكان.
* بڕیاری وازهێنانی یەكجاریت لەم یارییە نەداوە؟
- دوای بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامەی كە لە خەیاڵمە، ئینجا بیر لە وازهێنان دەكەمەوە.
* تاچەند بەكارهێنانی دەرمانی وزەبەخش كاریگەری دەبێت لەسەر یاریزانانی لەشجوانی، ئایا ئێوە وەكو یاریزانان بەكاری دەهێنن؟
- دەمەوێت شتێك بۆخوێنەران روون بكەمەوە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ماددە وزەبەخشەكان و تەواوكەرە خۆراكییەكان هەیە، بێگومان یاریزانە نێودەوڵەتییەكان پێش بەشداریكردن پكشنینیان بۆ دەكرێت، ئەگەر ماددە وزەبەخشەكانیان بەكارهێنا بێت، سزا دەدرێن، بەڵام ماددە تەواوكەرە خۆراكییەكان وەكو پرۆتین و ترشە ئەمینییەكان و كریاتین و مادە رێپێدراوەكانی دیكە زۆر ئاساییە، بۆیە من وەك پاڵەوانێك نە ماددە وزەبەخشەكان بەكار دەهێنم، نە لەگەڵ بەكارهێنانم.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان و پاڵەوانێك تا ئێستا چی بوون؟
- من شانازی بەوە دەكەم یەكەم پاڵەوانی كورد كە بووم بە نێودەوڵەتی لە ساڵی2000خاوەنی زۆرترین بەشداریكردنی نێودەوڵەتیم كە 18 بەشداریكردنە.
1- پلەی چوارەم لە پاڵەوانێـتیی عەرەب لە سوریا لەساڵی 2000.
2-پلەی سێ یەم لە پاڵەوانێـتیی عەرەب لە وڵاتی میسر ساڵی 2001.
3-پلەی هەشتەم لە پاڵەوانێـیی عەرەب لە بەغدا ساڵی 2002.
4-پلەی هەشتەم لە پاڵەوانێـتیی جیهان لە قاهیرە.
5-پلەی یەكەم لە پاڵەوانێـتی عەرەب ساڵی 2004 لە عەممان.
6- پلەی سێیەم لە پاڵەوانێـتی ئاسیا لە بەحرێن ساڵی 2004.
7- بەشداربوون لە لە پاڵەوانێـتیی جامی زێڕینی قەتەر ساڵی 2004.
8-بەشداربوون لە خولی ئاسیا لە دەوحە لە ساڵی 2006.
9- پلەی یەكەم لە پاڵەوانێـتیی عەرەب ساڵی 2007 لە یەمەن.
10- پلەی هەشتەم لە پاڵەوانێـتی جیهان لە بەحرێن.
11-پلەی دووەم لە پاڵەوانێـتیی ئاسیا لە تایلەند سالێ 2009.
12- پلەی چوارەم لە پاڵەوانێتیی جیهان لە ئازەربایجان ساڵی 2011.
13- پلەی حەوتەم لە پاڵەوانێـتیی جیهان لە وڵاتی هیند ساڵی 2011.
14- پلەی یەكەم لە پاڵەوانێتیی جیهان لە ئیتالیا ساڵی 2012.
15-پلەی یەكەمی یەكەمەكان لە پاڵەوانێتیی جیهان لە ئیتالیا ساڵی 2012.
16- پلەی یەكەم لە پاڵەوانێتیی مستەر یونیفیرسی پیشەگەران ساڵی 2013 لە ئەڵمانیا.
17-پلەی یەكەمی یەكەمەكانی پاڵەوانێتیی مستەر یونیفیرس ساڵی 2013.
18- پلەی پێنجەم لە پاڵەوانێتیی ئارنۆڵدكلاسیك لە كێشی 90كگم ساڵی 2014 لە مەدرید.
* لە جیهان بەچ یاریزانێكی لەشجوانی زۆر سەرسامیت؟
- لە كۆنەكان كان ئارنۆڵد شوارزنگر، لە نوێیەكانیش فیل هیت.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم و هیوادارم بایەخێكی زیاتر بە یاریی لەشجوانی و پاڵەوانەكانی بدرێت و بەرزڕاگرتنی ئاستی یارییەكە و بەرزڕاگرتنی ناوی كوردستان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكانیش ئەركی گەورەی سەرشانمانە.
