سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان خەڵاتی ئافرەتانی هەولێری كرد
یانەی ئافرەتانی هەولێر لە ماوەی رابردوودا توانیان لە شاری بەغداد نازناوی خولی نایابی عێراق بۆ فۆتسال بە دەستبهێنن دوای ركابەرییەكی بەهێز لەگەڵ یانە بەشداربووەكاندا و هەر لەم پاڵەوانێتیەدا نازناوی گۆڵگاری خولەكە بۆ یاریزان خەندە عەبدوڵڵا بوو بە تۆماركردنی 17 گۆڵ و نازناوی باشترین گۆڵچی پاڵەوانێتیەكە بۆ گۆڵچی یانەی ئافرەتانی هەولێر بوو و هەروەها نازناوی یاری خاوین بۆ یانەكە بوو و هەروەها چەندین یاریزانی یانەكە بەفەرمی بانگهێشتی هەڵبژاردەی فۆتسالی عێراق كران.
لەم پێشوازیدا هەریەكە لە سەلام حوسێن سكرتێری یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و دلشاد ساڵح و سیروان نەجمەدین ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و ژمارەیەكی زۆری دەزگا راگەیاندنەكان ئامادە بوون.
سەرەتا سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم ئەنجامە گەورەیە دەربری و گوتی: جێگەی شانازییە بۆ ئێمە كە یانەیەكی كوردستانی وەكو یانەی ئافرەتانی هەولێر توانیان لە نێو جەرگەی بەغدا نازناوی خولی نایابی عێراق بۆ فۆتسال بە دەستبهێنن و نازناوەكە بگرێنەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لەم باروودۆخە خراپی، كە عێراق بە گشتی و شاری بەغدا بە تایبەتی تێپەر دەبێت، هیچ كەسێك لەم باروودۆخەدا ناتوانێت سەردانی شاری بەغداد بكات، بەڵام یانەكەتان ئەم ئەركە زەحمەتیان كێشا بوونی خۆیان سەلماند و توانیان بە نازناو بگرێنەوە هەولێر.
لە درێژەی قسەكانیدا سەفین كانەبی گوتی: ئەم دەستكەوتی ئێوە زۆر گەورەیە بۆیە ئێوە شایستەی هەموو شتێكن بۆتان ئەنجام بدرێت هەرچەندە ئەم خەڵات كردنە دواكەوت، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە بووم بزانم چ لایەنێكی پەیوەندار خەڵاتی تیپەكە دەكات، كەچی هیچ كەسێك یان لایەنێك ئامادە نەبوو پێشوازیتان لێ بكات یاخود پیرۆزبایتان ئاراستە بكات بۆیە بە ئەركی خۆمان زانی، كە وەكو یەكەم لایەنی پەیوەندار بەم ئەركە ئەنجام بدەین و خەڵات بكرێن، هەرچەندە رەنگە خەڵاتەكە وەكو پێویست نەبێت بەهۆی ئەم باروودۆخە داراییە، كە بە گشتی بەسەر هەموو لایەك تێپەر دەبێت، بەڵام تایبەتمەندی خۆی هەیە.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەفین كانەبی گوتی: هەر لێرەوە هەواڵێكی خۆشتان پێ رادەگەینم، كە لەم هەفتەیە بەفەرمی وادەی دەست پێكردنی یارییەكانی خولی نایابی كوردستان بۆ یاری فۆتسال دەستنیشان دەكرێت بۆ ئەوەی یانەكان بەتایبەتی ئافرەتان سەرقالی وەرزش بن بە تایبەتی یاری تۆپی پێی و دڵنیام لە وەرزی ئەمساڵدا ركابەرییەكی بەهێز لە نێوان یانە بەشداربووەكان دەبێت.
دواتر ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی ئافرەتانی هەولێر بێگەرد خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم خەڵات كردنە دەربری و گوتی: زۆر سوپاسی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكەم، كە بڕیاری خەڵاتكردنی تیپی ئافرەتانی هەولێری دا، لێرەوە سوپاسی هەموو لایەك دەكەم، كە ئەوانی پشتگیری خۆیان بۆ یانەكە دەربری لە كاتی بەشداریكردنی لە خولی نایابی عێراق و هەروەها سوپاسی دەزگا راگەیاندنەكان دەكەم، كە پاڵپشتی تیپەكەیان كرد لە هەموو كاتێكدا و هیوادارم لایەنە پەیوەندارەكان زیاتر پاڵپشتیمان بكەن بۆ ئەوەی بتوانین لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە نازناوی گەورەتر بە دەستبهێنین.
پاشان راهێنەری یانەی ئافرەتانی هەولێر مەزن خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم نازناوە دەربری و گوتی: زۆر خۆشحاڵم، كە لە یەكەم پاڵەوانێتی لەگەڵ یانەكەم توانیم نازناوی خولی عێراق بە دەستبهێنم ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ ئێمە و هەروەها ئەركی ئێمەی قورستر كرد، چونكە بەشداری لە پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی دەكەین ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی زیاتر هەیەن لێرەوە بە باشی دەزانم سوپاسی سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بكەم، چونكە وەكو تاكە كەس، كە كچە یاریزانەكانی ئێمەی خەڵات كرد ئەمەش دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی ورەی یاریزانان و هەروەها سوپاسی دەزگا راگەیاندنەكان دەكەم، كە هەر لە سەرەتای پاڵەوانێتیەكدا تا كۆتایی و گەرانەوەمان بۆ هەولێری پایتەخت پاڵپشتی ئێمە بوون و هاوكار بوون بۆ گواستنەوەی هەواڵ و ئەنجامەكانی ئێمە، ئەوەی زیاتر خۆشحاڵی كردم پابەند بوونی كچە یاریزانەكان بە رێنماییەكانی ئێمە لە هەموو روویەكەوە و هەروەها توانیمان چەندین خەڵات بە دەستبهێنن وەكو خەڵاتی گۆڵكاری خولەكە و نازناوی باشترین گۆڵچی و هەروەها بە پێی هەواڵەكان لێژنەی فۆتسالی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بڕیاری داوە زیاتر لە 6 یاریزانی یانەكەمان بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بكرێن ئەمەش دەستكەوتێكی ترە بۆ یانەكەمان.
لە كۆتاییدا كاپتنی یانەی ئافرەتانی هەولێر بەهرە دارا گوتی: بە دەستهێنانی نازناوی خولی عێراق دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ ئێمە و توانیمان لە كاتی هەستیاردا ئەم نازناوە بە دەستبهێن، بەم بۆنەیە ئەم نازناوە پێشكەش دەكەم بە برا پێشمەرگەكان، كە لە بەرەكانی پێشەوا پارێزگاری لە كوردستان دەكەن و بە پێویستی دەزانم سوپاسی ئەم دەستپێشخەری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەفین كانەبی بكەم، كە تیپەكەمانی خەڵات كرد.
پاشان سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەفین كانبی یەكێكە بە یەكێ یاریزانەكان و دەستەی راهێنەران و سەرپەرشتیاری تیپەكەی خەڵات كرد.
