سۆنیا تەها یاریزانی شەترەنج: هیواخوازم یاریزانانی كورد بایەخیان زیاتر پێ بدرێت

سۆنیا تەها یاریزانی شەترەنج: هیواخوازم یاریزانانی كورد بایەخیان زیاتر پێ بدرێت
سۆنیا تەها ساڵی 1991 لە گەڕەكی چوارباخی شاری سلێمانی لە دایكبووە و لە ئێستادا یەكێكە لە شەترەنجزانە بەتواناكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراق و لە چەندین پاڵەوانێتیی جیهانی و عێراقیش بەشداریی كردووە و ئەنجامەكانی بەرچاو بوون. سۆنیا لە خانەوادەیەكی وەرزشی پەروەردە بووە و دەرچووی پەیمانگەی كۆمپیوتەرە. لەم دیمانەیەشدا سەبارەت بە یاریی شەترەنج وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵان دەداتەوە.

* دەخوازین بزانین سۆنیا بۆچی لە هەموو بوارەكانی وەرزشیدا یاری شەترەنجی هەڵبژاردووە؟
- هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە من لە خێزانێكی شەترەنجیدا گەورە بووم، باوكم و برا گەورەكەشم پێش من ئەم یارییەیان هەڵبژاردبوو، ئەوەش هاندەر بوو بۆ من بۆ ئەوەی هەر لە تەمەنی چوار ساڵیدا فێری ئەم یارییە ببم و خۆمی تێدا بدۆزمەوە.
*ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- لە ئێستادا ئاستی یاریی شەترەنج لە كوردستان زۆر باشترە لە چاو ساڵانی پێشوو، زیاتر پەرەی پێدەدرێت و كۆمەڵێك یاریزانی باشمان هەیە كە ئەنجامی شایستەیان بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتە عەرەبییەكان و توانیویانە نازناو بۆ كوردستان و عێراق بەدەست بهێنن.
* ئەی لە شاری سلێمانی بەتایبەتی لە چ ئاستێكدایە؟
- بێگومان یاریزانانی شاری سلێمانی جێ دەستیان بە روونی دیارە، هەر چەندە شەترەنج جۆرە یارییەكە كەمترین هەواداری هەیە لە چاو یارییەكانی دیكە و كەمترین كەس ئارەزووی ئەوە دەكات كە فێربێت، بەڵام بە گشتی ئاستی یارییەكە لە سلێمانی زۆر پێشكەوتووە.
*بۆچی لە ئێستادا كەمتر كچان لە یاری شەترەنجدا دەبینرێن؟
- ناكرێ بڵێین كەمیی یاریزانی كچ تەنیا لەم بوارەدایە، بەڵكو بەگشتی ئەم كێشەیە لە زۆربەی بوارەكان و بەتایبەتیش لە وەرزش هەیە، هۆكاریشی زۆرە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام بە بۆچوونی من سەرەكیترینیان رێگری خێزانە.
*كێشە و گرفتتان لە یاریی شەترەنج چییە؟
- ئەگەر وەكو یانەی پێشمەرگە باسی كێشەكان بكەین، دەبێت لە پێشدا باسی ئەوە بكەین كە یانەی پێشمەرگە خزمەتێكی زۆری بە یاریی شەترەنج كردووە و لەسەر ئاستی سلێمانی و كوردستان و عێراق جێ دەستی دیارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كەم و كورتییەكان زۆرن، بۆ نموونە: هۆڵێك نییە لەسەر ئاستی پاڵەوانێتیی كوردستان یان عێراق بێت، خۆشبەختانە ئەم كارە لە پایتەختی كوردستان ئیشی بۆ كراوە وەك یانەی خانزاد و كازابلانكا كە تایبەتە بە راهێنانی یاریزانان، ئەگەر ئەوە لە شارەكانی دیكەش هەبێت، كارێكی زۆر باشە بۆ كەمبوونەوەی كێشەی یاریزانان، هەروەها پێویستە بەردەوام گرنگی بە كردنەوەی خولی راهێنان لە دەرەوە بدرێت، چونكە ئەمە هۆكارێكی گرنگە بۆ پێشكەوتنی یاریزانەكان، زۆر كێشەی دیكەیش هەن لە كاتی پاڵەوانێتییەكاندا دروست دەبن، بێگومان ئەو كێشانە یەكەمجار نین كە دەخرێنەڕوو.
*ئایا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی وەكو پێویست هاوكاریتان دەكات؟
- بە سوپاسەوە هاوكاریی بەردەوامی ئێمەی یاریزانان دەكات، هەر ئەوانیش هۆكار بوون بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئێمە.
*لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەردەوامیت؟
- نەخێر من ئێستا لە هەڵبژاردەی عێراقدا نەماوم، بەڵام ئەگەر باری ئەمنیی عێراق و بەتایبەت شاری بەغدا باش بێت، دووبارە بەشداری پاڵەوانێتییەكان دەكەمەوە.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك چییە؟
- هیوام ئەوەیە كە وەكو هەموو وڵاتان یاریزانی كورد و هەموو كەسێك لە بوارەكەی خۆیدا ئەوەندە جێگەی بایەخ بن كە ببنە هۆی هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە بوارەكەی خۆیاندا.
*بۆپێشكەوتنی ئەم یارییە چی بكرێت باشە؟
- كردنەوەی خولی بەردەوام و قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان و دابینكردنی هۆڵی تایبەت بەم یارییە.
*داوكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس چییە؟
- هیوادارم لایەنی بەرپرس لە نزیكەوە ئاگاداری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی بواری وەرزش بێت، تا بتوانێ كەموكورتییەكان بە چاوی خۆیان ببینن.
* بە چ یاریزانێكی نێودەوڵەتی سەرسامیت؟
- یاریزانی نێودەوڵەتی ماكنوس كارلسن بەتایبەت یەكێكە لەوانەی كە پێی سەرسامم، بەڵام لای من هەر كەسێك یاریی شەترەنج بكات، پێی سەرسامم، چونكە تەنیا كەسانی زیرەك دەتوانن لەم یارییەدا بەردەوام بن،
*بۆچی ئێستا لە پاڵەوانێتییەكان كەمتر دەبینرێی؟
- هۆكاری كەم بینینم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە پاڵەوانێتییەكان كەم بوونەتەوە بەتایبەت ئەمساڵ بەهۆی باری ئەمنییەوە.
*باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چی بووە؟
- لە ساڵی 2006بۆ 2010 بۆ ئاستی تەمەنی خۆم سێ جار توانیم پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بهێینم، دووجاریش پلەی دووەمم بەدەست هێناوە، لە ساڵی 2012 لە پاڵەوانێتی عەرەب لە وڵاتی تونس پلەی چوارەمم بەدەست هێنا، لەسەر ئاستی كوردستان و سلێمانیش ئەنجامم بەرچاو بووە.
*بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە ؟
- بەرنامەم زۆرە، حەزیشم لە بواری هونەرە بە تایبەت سینەما و مۆسیقا، هیوادارم بتوانم لە داهاتوودا كاریان لەسەر بكەم.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- هیوادارم هەر كەسێك كە دەیەوێت لە هەر بوارێك كار بكات كە خزمەت بێت بۆ خۆی و وڵاتەكەی، با بەبێ ترس و بەبێ گوێدانە رەخنەی شكێنەر كار بكات، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی بەڕێزیش كە بەردەوام پشتیوان و هاوكارێكی باشی بواری وەرزش و یاریزانان بووە.
Top