تلیما سالم یاریزانی بالەی یانەی ئەكاد: هۆڵی تایبەت و مەشقكردنی بەردەوام هاندەری سەركەوتنی یاریزانن

تلیما سالم یاریزانی بالەی یانەی ئەكاد: هۆڵی تایبەت و مەشقكردنی بەردەوام هاندەری سەركەوتنی یاریزانن
یانەی ئەكاد هەموو كات قوتابخانە بووە بۆ پێگەیاندنی یاریزانان لە تیپە جۆراوجۆرەكانی پێشەنگ بووە لە دروستكردنی چەندین یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بۆ تیپەكانی لاوان و تازە پێگەیشتووانی بالەی یانەی ئەكاد هەمیشە بەوە بەناوبانگ بووە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان كە ژمارەیەك یاریزانی بەتوانای لە خۆگرتووە، یەكێك لەم كچە یاریزانانەی كە پاشەڕۆژێكی پرشنگدار چاوەڕوانیەتی، كچە یاریزان (تلیما سالم)ـە لە ساڵی 1999 لە شارۆچكەی عەنكاوەی هەولێر لەدایكبووەو قوتابییە و لە هەمان كاتیشدا یاریی تۆپی بالە دەكات، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
*ئاستی یاریی بالە لە كوردستاندا چۆن دەبینی؟
- لە ئێستادا ئاستی ئەم یارییە باشە و وەكو پێویستە، بەڵام دەبێ زیاتر گرنگی بە كردنەوەی خول بدرێت بۆ یاریزانانی ئاستە بچووكەكان، بەتایبەتی لاوان و تازەپێگەیشتووان بۆ ئەوەی زیاتر پێش بكەون.
* بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە زیاتر پێشبكەوێت، چی بكرێت باشە؟
-گرنگی زیاتر بدرێت بەو یاریزانانە لە ئاستی تەمەنە جۆراوجۆرەكانن و قۆتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە، هۆڵی زیاتر بۆ ئافرەتان بكرێتەوە، چونكە ئێستا زۆربەی یانەكان هۆڵی تایبەتیان نییە بۆ ئەوەی پەرە بە ئاستی خۆیان بدەن.
*چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی ئەكادـەوە كرد؟
- ئەوەی راستی بێت یانەی ئەكاد هەمیشە قوتابخانە بووە بۆ پێگەیاندنی یاریزانان، منیش وەكو زۆربەی یاریزانەكان لە رێگەی مامۆستای وەرزشەوە لە قوتابخانەوە چوومە تیپی تازە پێگەیشتووانی یانەی ئەكاد، لەوێش مامۆستا راندی و ستافی راهێنەران گرنگیی زۆریان بە ئاستی ئێمە داوە و بەردەوامیش لە مەشقین بۆ ئەوەی ئاستمان بەرزتر بێت.
*كێشەو گرفتتان لە یانەی ئەكاد چییە؟
-بە سوپاسەوە لە ماوەی یاریكردنم لەگەڵ یانەی ئەكاد تا ئێستا دووچاری هیچ كێشەو گرفتێك نەبووم و بگرە زۆریش هاوكارمانن، تەنیا نەكردنەوەی خولی بەردەوام بۆتە گرفت بۆ ئێمەی یاریزانان.
*بۆچی ئافرەت لە كوردستان كەمتر وەرزش دەكات؟
- بەڕاستی زۆر ئافرەت هەن كە حەز دەكەن وەرزش بكەن، بەڵام زۆرجار كۆمەڵگە بە چاوێكی كەم سەیری ئافرەتی وەرزشكار دەكات، بەڵام ئێمە بەردەوام هاوكاریی و پشتیوانی دەكرێین لەلایەن خانەوادەكەمان، لێرەوەش سوپاسیان دەكەین.
*پەیامت چییە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە وەرزش ناكەن؟
_ئەگەر دەیانەوێ لەش ساغ وئاسوودەبن، با وەرزش بكەن، چونكە باشترین رێگە بۆ ئافرەت وەرزشە بۆ ئەوەی بتوانن تواناكانی خۆیان دەربخەن.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك چییە؟
_بەهیوای ئەوەم لەگەڵ یانەی ئەكاد بتوانم لە پاڵەوانێتییەكان بەشداری بكەم و ناوی خۆم و یانەكەم لە رێگەی یاریی بالەوە بەرز بكەمەوە.
*هیچ كات لە وەرزشكردن لەلایەن خانەوادەكەت رێگریت لێ نەكراوە ؟
-نەخێر زۆریش هاوكاریم دەكەن، ئاست بەرزەییم بۆ پاڵپشتیی ئەوان دەگەڕێتەوە كە بەردەوام هاوكارمن.
*ئایا دەستەی كارگێڕیی یانەكە هاوكاری بەردەوامتان دەكەن؟
-بێگومان هیچ كات كەمتەرخەمییان نەكردووەو هەمیشە لە وەرزشكردنمان پاڵپشتی ئێمە بوون.
* خوێندن نەبۆتە هۆكاری رێگەگرتن لە وەرزش كردنت؟
- تاكو ئێستا نەمهێشتووە ببێتە كۆسپ، چونكە بەرنامەیەكی باشم داناوە بۆ ئەوەی لە یەك كاتدا لە هەردووكیاندا سەربكەوم.
*لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت ماوە بۆ گۆڤاری گوڵان باسی بكە؟
_تەنیا سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم، بەهیوای ئەوەشم بەردەوام بێت لە خزمەتكردنی ئافرەتی وەرزشكار لە كوردستاندا.
Top