یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە سەرەتای ئەم وەرزە بە ئامانجی بەهێزكردنی ریزی پێكهاتەی یانەكەی و بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە وەرزی نوێی خولی كوردستان، چەندین گرێبەستی لەگەڵ یاریزانان مۆركرد، یەكێك لەم یاریزانانەش سەفین حەمەدەمینی گۆڵچی پێشووی یانەی برایەتی بوو كە لە ریزی یانەی برایەتی بە بڕی 16ملیۆن دینار گواستیەوە بۆ ریزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، بەڵام بەهۆی كەم كردنەوەی بڕی پارەی گرێبەستەكەی، ناوبراو وازی لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هێناوە. لە بارەی هۆكاری وازهێنانی لە یانەكەش سەفین حەمەدەمین بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «سەرەتا من لە رێگەی مامۆستا دیار كەمال پەیوەندیم بە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی كرد بۆ ئەوەی بەرگری لە گۆڵەكەیان بكەم لە خولی نایابی كوردستان، بڕی گرێبەستەكەم بۆ ماوەی یەك ساڵ بوو بە 16ملیۆن دینار، بەڵام دواتر كە ماوەی 3مانگ لەگەڵیان بەردەوام بووم، بەمنیان راگەیاند كەوا بڕی بۆندەكەم كەم كراوەتەوە بۆ 10ملیۆن دینار، بۆیە منیش بەوە رازی نەبووم و ریزی یانەكەم جێهێشت، ئەو ماوەیەش لە یانەكە بووم مووچەی تەواویان پێ داوم. لە بارەی یانەی پێشمەرگەش گوتی: «بەداخەوە ئەوەی لە دەرەوە باسی ئەم یانەیە دەكەن، وا دەرنەچوو، چونكە لە ژوورەوە كەس گوێ لەكەس راناگرێ، ئەوان وایان بیر كردەوە كە من لەگەڵ مامۆستا دیارم، كە ئەو وازی هێنا، منیش واز دەهێنم، بەڵام من تەنیا پەیوەندیم بە خۆمەوە هەیە، ئەوە بیر كردنەوەی ئەوان بوو.
لە بارەی مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ یانەی دیكەش گوتی: «تاكو ئێستا بەفەرمی لەگەڵ هیچ یانەیەك رێكنەكەوتووم و تەنیا گفتوگۆم لەگەڵ یانەی برایەتی كردووە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ شتێكی فەرمی نییە.