سبەی هەولێر لە یارییەكی چارەنووسسازدا كوردستانییان بە پەرۆشەوە سەیری یارییەكە دەكەن، هەولێرییەكانیش بەڵێنی سەركەوتن دەدەن
ئەم یارییە گرنگی خۆی هەیە، چونكە لە (50%)ی تیپی سەركەوتوو بۆ یاری كۆتایی پاڵەوانێتییەكە دەستنیشان دەكات، هەردوو یانەكەش بەشێوەیەكی باش خۆیان بۆ ئەم یارییە ئامادەكردووە. جەماوەری كوردستانیش هیوا و ئاواتێكی زۆر و متمانەیەكی تەواویان بە یاریزانانی یانەی هەولێر هەیە، كە بتوانن لەم وەرزدا دەستكەوتێكی باش بەدەستبهێنین و بگەنە یاری كۆتایی پاڵەوانێتیەكە بەمەبەستی بەدەستهێنانی نازناوەكە.
یانەی هەولێر بۆ ئەم مەبەستە رۆژانە یەكە مەشقییەكانی خۆی لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری ئەنجام دەدا، دواتر 3 یاری دۆستانەی لەگەڵ یانەكانی (نەفت) و یانەی برایەتی ئەنجامدا، كە تیایدا یانەی هەولێر لە یانەی برایەتی بردەوە بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ و لەگەڵ یانەی نەفت لە یارییەك تووشی دۆڕان هات بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ و لە یاری دووەم سەركەوتوو بوو بە ئەنجامی (3-1) گۆڵ. هەروەها رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شاندەكە چووە وڵاتی ئوردن بە مەبەستی ئەنجامی ئۆردوگایەكی مەشقی كورت لەم وڵاتەدا بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم یارییە.
بە پێی ئامادەكارییەكان لەم یارییە تەنیا دوو یاریزان بەهۆی پێكان ناتوانن بەشداری بكەن، ئەویش هەریەكە لە (سەرهەنگ موحسین و سیروان خدر)ن، یاریزانەكانی دیكە لە ئامادەباشیدان بۆ یارییەكە و بەڵێنی سەركەوتنیان داوە و ورەی یاریزانان یەكجار بەرزە دوای ئەوەی دەستەی كارگێڕی یانەكە لە هەموو روویەكەوە ئامادەكاری بۆ تیپەكە كردووە، هەرچەندە یانەكە كێشەیەكی دارایی گەورەی هەیە، كە لە زۆربەی كاتەكان نزیك بوو لە رێگرتن لە بەردەوامبوونی یانەكە لەم پاڵەوانێتیە، بەڵام دەستەی كارگێڕی یانەكە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەی دا و لە رێگەی پەیوەندی تایبەتەكانی خۆیەوە توانییان بڕە پارەی هاتن و چوونی تیپەكە جێبەجێبكەن.
سبەی سێشەممە هەموو كوردستانییان چاویان لە یارییەكەیە و پاڵپشتی خۆیانیش بۆ یانەكە لەم یارییە گرنگ و هەستیارەدا دووپات دەكەنەوە.
