خولی هیندستان لە نەبوونەوە بۆ جیهانی بوون
پڕۆژەكە چییە؟
یەكێتی تۆپی پێی هیندی بڕیاری داوە لە سەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵ خولێك بە ناوی (خولی سوپەری هیندی) بۆ هەشت یانەی هەشت شاری ئەو وڵاتە بكاتەوە. ئەم خولە ماوەی 10 هەفتە دەخایەنێت. بەپێی سیستمی ئەم خولە هەر یانەیەك بۆی هەیە (8) یاریزانی پیشەگەر بهێنێتە ریزەكانی، بەمەرجێك دەبێت یەكێك لەم هەشت یاریزانە ناوێكی دیاری بواری تۆپی پێی بێت، یاخود دەستكەوتی گەورەی هەبێت، وەكو جامی جیهانی، یاخود ئەوروپا، هەروەها مەرجە هەر یانەیەك (14) یاریزانی هیندی لە تیپەكەی بێت، بە مەرجێك نابێت یاریزانانی شارەكە، كە یانەكەی لێیە لە (4) یاریزان كەمتر بێت.
چ یاریزانێك پەیوەندی بە خولی هیندی دەكات؟
ئەگەر كەسێك چاودێری چوون و هاتنی یاریزانەكان بۆ یانەكان نەكات، ئەوە سەیری پێدێت، كە چ ئەستێرەیەك روویان لە خولی هیندی كردووە بە گرێبەستی گرانبەها بۆ ماوەی تەنیا 10 هەفتە، كە كەمترین گرێبەست لە یەك ملیۆن دۆلار كەمتر نییە، ئەم ئەستێرانەی خوارەوە پەیوەندییان بە یانەكانی خولی هیندی كردووە:
1- نیكۆلاس ئەنێلكا ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا چووە یانەی بۆمبای هیندی بۆ ماوەی 3 مانگ بە بڕی یەك ملیۆن دۆلار.
2-ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەڕازیل و راهێنەری بەڕازیلی زیكو بووە راهێنەری یانەی گوا هیندی بۆ ماوەی 10 هەفتە.
3-ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئیتاڵی دیل پێرۆ بە فەرمی چووە یانەی دیلهی دینامۆز.
4-ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا داڤید تریزیگیە چووە ریزی یانەی بۆنی سیتی هیندی.
5- ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا رۆبێرت پێرس چووە ریزی یانەی بۆمبای هیندی.
6- هەردوو ئەستێرەی ئیسپانی لویس گارسیا و خوان كابدیڤیا چوونە ریزی یانەكانی خولی هیندی.
7- ئەستێرەی هەڵبژاردەی سوید لیونبێرگ ئەوەیش پەیوەندی بە یانەكانی خولی هیندی كرد.
8-گۆڵچی ئینگلیزی دیڤید جیمس پەیوەندی بە یانەكانی خولی هیندی كرد و لە ریزی یانەی كیرالا بلاسترز ئیف سی یاری دەكات.
ئەوەی تێبینی دەكرێت، یانە هیندیەكان زیاتر گرێبەستیان لەگەڵ ئەو یاریزانانە مۆركردووە، كە لە خولی ئینگلیزی یاریان كردووە، چونكە بەپێی ئامارێكی رۆژنامەیەكی ئینگلیزی دەركەوتووە، كە 90 ملیۆن هیندی سەیری یارییەكانی خولی ئینگلیزی دەكەن، واتا لە (7.5%) ریژەی خەڵكی ئەم وڵاتە هانی یانە ئینگلیزییەكان دەدەن.
چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا چەند ئەستێرەیەكی دیاری تۆپی پێ پەیوەندی بە یانەكانی تری هیندستان بكەن.
