سەفین كانەبی:كەی بووینە خاوەنی یاریزان و راهێنەری زۆر بەتوانا ئەوكات بارەگایەكی تایبەت بەخۆمان

سەفین كانەبی:كەی بووینە خاوەنی یاریزان و راهێنەری زۆر بەتوانا ئەوكات بارەگایەكی تایبەت بەخۆمان
كەی بووینە خاوەنی یاریزان و راهێنەری زۆر بەتوانا ئەوكات بارەگایەكی تایبەت بەخۆمان دەكەینەوە
سەفین كانەبی لە دایكبووی ساڵی 1967ی شاری هەولێرەو لەوەتەی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان دامەزراوە، سەرۆكایەتیی یەكێتییەكە دەكات. هاوكات ئەمینداری دارایی لێژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستان و ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی هەولێرە و یەكێك لە یاریزانە دێرینەكانی پێشووی یانەی هەولێر بووە. لە ماوەی سەرۆكایەتیی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستانیش خزمەتێكی زۆری بە وەرزشی تۆپی پێ لە كوردستان كردووە و بۆ پێشخستنی رەوتی وەرزشی لە كوردستان بەردەوام لە خزمەتی وەرزشكاراندا بووە. لەم دیمانەیەشدا وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵان دەداتەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
* ساڵانە لە كاتی خۆی خەڵاتەكانتان دابەش ناكرێ، تاكەی رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەكانتان دوادەخرێ و تا چەند بەرپرسان هۆكاری ئەوەن؟
- هیچ پەیوەندییەكی بە بەرپرسانەوە نییە، ئەوە بەرنامەی خۆمانە، هەموو ساڵێك پێمان باشە بەم جۆرە بكرێت و مەراسیمێكی شایستە بۆ ئەو یانەو یاریزان و راهێنەران و سەرۆك و دەستەی كارگێڕیی تیپەكان ساز بكرێت كە ئەنجامی شایستەیان بەدەست هێناوە.
* خەڵاتی یانە براوەكان 75% بۆ یانەكانەو 25% بۆ یاریزانانە، ئایا ئەمە زوڵم نییە لە یاریزانان دەكرێت؟
- ئەو خەڵاتە هەموو تیپەكان ناگرێتەوە، چونكە تیپی لاوان و تازەپێگەیشتوان هەمووی بۆ خۆیانە، واتا یاریزانان و راهێنەران، بڕۆن لە یانەكانی هەولێر و زێرەڤانی بپرسن، بەڵام ئەمساڵ قەیرانێكی دارایی سەخت كوردستانی گرتۆتەوە و بەرۆكی یانەكانیشی گرتووە، كێشەی دارایی بۆ سەرجەم یانەكان دروستكردووە، چەندین یانە نەیانتوانیوە مووچە و گرێبەست بە یاریزانان بدەن، ئەو یانانەی سەركەوتووش بوون، ناتوانن بڵێین هەمووی بۆ یاریزانانە، چونكە پارەیەكی زۆریان سەرف كردووە، لەم بڕیارەش چاوپۆشیمان كردووە، ئەمساڵ دووبارە بڕیارمانداوە یانەكان لەو خەڵاتە سەر پشك بكەین.
* دەنگۆی ئەوە هەیە كە لە كاتی دانانی سەرپەرشتیاری یارییەكان ئەندامانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان كێبڕكێیانە لەسەر وەرگرتنی ئەركی سەرپەرشتیاریی یارییەكان و شوێنی باش بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن؟
- ئەو دەنگۆیانە هیچ راستییەكیان نییە، بەڵام ئەوانیش وەكو خەڵكانی دیكە دادەنرێن و لەوانیش كەمتر نین، گەر زیاتریش نەبن، لە كۆبوونەوەی رابردووشدا باسمان كردووە، چاوێك بەم بڕیارەدا بخشێنینەوە و كەسانی پسپۆڕ دابنێین، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر شارەزان بۆ ئەوەی كێشەكان لە نێو یاریگە كەمتر بێتەوە.
* كەواتە ئەمساڵ ئەم بڕیارەی ئێوە جێبەجێ دەكرێت؟
- تاكو ئێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە، بەڵام ئەو باسە خراوەتە گفتوگۆ.
* دەنگۆی زۆر هەیە كە ئەگەر سەفین كانەبی لە كۆبوونەوەكانی یەكێتیی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان نەبێت، ئەوە یەكێتییەكە بۆی نییە هیچ بڕیارێك بدات، بگرە ناتوانن یەك دیناریش سەرف بكەن، ئەمە تا چەند راستە؟
- شتی وا نییە و دەتوانن ئەم پرسیارە لە ئەندامانی یەكێتیەكە بكەن، من ناتوانم بەرگری لەخۆم بكەم، بەڵام زۆرجاریش من لە كۆبوونەوەكان ئامادەش نەبووم و كارەكان بەڕێوەچووە و بڕیاریش لەسەر زۆر بابەكان دراوە، خۆ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان تەنیا سەفین كانەبی نییە.
* تا كەی بڕیارتان داوە هەڵبژاردن نەكەن، خۆ بە تەنیا ئێوە نیازی ئەوەتان نییە هەر خۆتان ئەم ئەركە بەڕێوە ببەن؟
- هەڵبژاردەنی یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان لە دەستی ئێمە نییە، ئەوە لێژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستانە بڕیاری لەسەر دەدات، لێژنەی ئۆڵۆمپیش ناتوانێ سەربەخۆ بڕیار بدات، تاكو یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان دەرنەچێت، كەس ناتوانێ هەڵبژاردن بكات.
* بۆچی هیچ قسەیەكتان لەسەر شكستی هەڵبژاردەی كوردستان لە پاڵەوانێتیی ڤیڤا نەبوو ؟
- چۆن قسەمان نەبووە، ئەو ئەنجامە چاوەڕوان دەكرا، لە یەكەم كۆبوونەوەمان لە سوید پێشبینی ئەوەمان دەكرد كە نەتوانین ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، چونكە ئاستی تیپەكانی بەشداربوو زۆر بەرز بوو، یاریزانانی ئەوان ئاستیان لە ئێمە زۆر بەرزتر بوو، ئەوانەی لە پشووی هاوینەدا بوون، هەموو یاریزانەكان لەگەڵ هەرێمەكانیان هاتبوون، یاریزانەكان هەمووی لە خولە بەهێزەكانی ئەوروپا یارییان دەكرد، بۆیە تیپەكان ئاستیان لە ئێمە باشتربوو.
* بڕیارتان نەداوە ئەندامێكی ئافرەت لە یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان زیاد بكەن؟
- ئەو بڕیارە لە دەستی من نییە، دەگەڕێتەوە بۆ لێژنەی ئۆڵۆمپی لە كاتی جێبەجێكردنی یاساكە و هەڵبژاردنی یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان، ئەوكات بزانین چۆن دەبێت.
* بۆچی هیچ هەڵوێستێكتان لەسەر لێژنەی ناوبژیوانانی هەولێر نییە و هەر یەكێك لە شوێنێك بۆ خۆی مەشق دەكات؟
- دەتوانن ئەو پرسیارە ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق لقی هەولێر بكەن، ئەوە كاری ئەوانە و پەیوەندی بەوانەوە هەیە، زۆرجار كۆمانكردوونەتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، بەڵام ئەو كێشانە پەیوەندیی بەخۆیان هەیە.
* تاچەند توانیوتانە سوود لەوە وەربگرن كە سەرۆكی یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراقی كوردە و خەڵكی هەولێرە؟
- بەپێچەوانەوە ئێمە هەموو كات پەیوەندیمان لەگەڵ یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراقی بەهێز بووە، ئێستاش بەهێزترە، بۆ ئێمە باشترە كە سەرۆكەكەی كوردە، هەوڵیش دەدەین كاری باشتر بە هەماهەنگی ئەوان بۆ كوردستان بكەین، بە تایبەتی لە رووی پەیوەندییەكانەوە.
* زۆرجار گلەیی ئەوەتان لێ دەكرێت لە زۆربەی گەشتەكان خۆت یاوەری شاندەكان دەكەی؟
- زۆر جار سەفەر دەكرێت، ئەوە هیچ پەیوەندی بەمنەوە نییە، چونكە من خاوەنی فیزەی شنگلم، هەركاتێك بمەوێ سەفەر دەكەم، گەشتی سوید كاك سەركار سەرۆكی شاند بووە، من هەموو گەشتەكانم كە پەیوەستە بەخۆم لەسەر حیسابی خۆم دەچم، دەشتوانن سەیری گەشتەكانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستانیش بكەن كە ناوی من لە هیچ شتێكدا نییە، چوونی منیش بۆ هەر گەشتێك ئەوە بۆ شاندەكان پشتگیرییەكی باش دەبێت.
* ئەمساڵیش خولی كوردستان هەر بە قەرز بەڕێوە دەچێت؟
- بابەت قەرز نییە، حكومەتی هەرێم و مووچەخۆرانیش كە چەند مانگێكە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئێمەش نامانەوێ زۆر فشار لەسەر حكومەت بكەین، بۆیە ئارام دەگرین، سوپاسی حكومەتی هەرێمیش دەكەین كە هەموو كات پشتگیریی ئێمەی كردووە، جارێ چاوەڕوانی گەیشتنی بودجەین لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان.
* ئامادەكاریتان چۆنە بۆ بەڕێوە بردنی خولی نایابی كوردستان؟
- هەموو ئامادەكارییەكانمان كرردووە بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە خولەكە بەڕێوە ببەین.
* بۆچی تاكو ئێستا یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان بارەگایەكی تایبەت بە خۆی نییە؟
- ئەو پرسیارە زۆر جار دەكرێت، بەڵام من بۆچوونێكی ترم هەیە بۆ ئەمە، ئەگەر بمانویستبایە دروستی بكەین، بەتایبەتی من هەوڵم بدایە زۆر دەمێكە دەبووینە خاوەنی بینایەكی تایبەت بەخۆمان، بەڵام لە بینا زۆر گرنگتر هەیە لای من، پێویستە ببینە خاوەنی یاریزان و راهێنەری زۆر ئاست بەرز و بەتوانا بۆ ئەوەی پێویستمان بە راهێنەری دەرەوە نەبێت، هەروەها دەبێت ببینە خاوەنی یاریگەی مۆدیڕین و ناوبژیوانی زۆر ئاست بەرز، كەی بووینە خاوەنی ئەم شتانەی پێویستمانە ئەوكاتیش دەبینە خاوەن بارەگایەكی تایبەت بەخۆمان كە ئەمە زۆر قورس نییە.
Top