یانەی هەولێر خۆی نوێ دەكاتەوە

یانەی هەولێر خۆی نوێ دەكاتەوە
بەمەبەستی بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستەو بەهێز كردنی ریزی پێكهاتەی یانەكەی لە وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستان، هەر چەند ئەم وەزرە بەهۆی قەیرانی دارایی تیپی تۆپی پێی خولی كوردستان یانەكە دەستەی ڕاهێنەران و ژمارەیەك یاریزانی بەرچاوی یانەكەی لەدەستدا، لە ئێستاشدا دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر لە هەوڵی بەردەوام دان بۆ ئەوەی بە تیپێكی تەواو جیاواز دەربكەون لە خولەكەدا، بتوانن پشت بە یاریزانانی لاو ببەستن بۆیە دەستەی كارگێڕیی یانەكە بەفەرمی سەمەد جەوهەری وەكو ڕاهێنەری تیپی دووەمی یانەكە دەست نیشان كرد، بە پێی دوایین زانیارییەكانیش هەریەك لە یاریزانان(هونەر ئەحمەد، میران كەریم)پەیوەندیان بە یانەی زێرەڤانی كردووە، (كارزان عەبدولڵا،شڤان رەقیب) بۆ یانەی بروسك، (نەوزاد شێرزاد،فەرەیدون عوسمان) بۆ یانەی هەندرێن، (عیماد ئەسعەد، نیاز محەمەد، تالیب رەقیب، شێرزاد محەمەد) بۆ یانەی پێشمەرگەی هەولێر، سەمیر بابۆ و ستافی ڕاهێنەرانیش بەفەرمی یانەكەیان جێهێشتووە، لەم بارەشەوە بێجان ئیبراهیم ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی» ئەم وەرزە ئێمە بەنیازی گۆڕانكاریی بەرچاوین لە تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی هەولێر بۆ چوونە نێو كێبڕكێیەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان، چونكە ئێمە باش ئەوە دەزانین زیاتر لە دە یاریزان و دەستەی ڕاهێنەرانمان تیپەكەیان بەجێهێشتووە كە لە وەرزەكانی ڕابردوو ئاستی بەرچاویان بەدەست هێناوە، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە كە بەرۆكی یانەكەمانی گرتووە، بۆیە ئەمساڵ پشت بە یاریزانانی لاو دەبەستین هەر چەندە ژمارەیەك لە یاریزانی بە ئەزموونمان ماوە لە یانەكە و دەتوانین بە ئەزموونی ئەوان و چەند یاریزانێكمان لە خولی لاوان سەرخستووە ئەنجامیان پێ بەدەست بهێنین، بۆ ستافی ڕاهێنەرانیش گرێبەستمان لەگەڵ هەریەك لە سەمەد جەوهەر وجەمیل مەحمود وەكو ڕاهێنەری گۆڵچیەكانی یانەی هەولێر دەست نیشان كرد، لەبارەی بڕ و مووچەی مانگانەیان بێجان گوتی: ڕاهێنەری یانەكەمان هیچ بڕە گرێبەستێكی نییە جگە لە مووچەیەكی مانگانە كە دەگاتە یەك ملیۆن و250هەزار دینار، ئەمساڵیش چاومان لە بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە نییە، چونكە ئێمە كۆمەڵێك كەم و كورتیمان هەیە بە تایبەتی لە رووی مادییەوە بۆیە دەمانەوێ پشت بە یاریزانانی لاوی یانەكەمان ببەستین لە بری پەنا بردنە بەر یاریزانانی تر.
Top