شنیار فوئاد یاریزانی سەولوكانون: لەسەر ئاستی كوردستان پلەی یەكەم و لە پاڵەوانێتیی عەرەبیش مەدالیای برۆنزیم بەدەست هێناوە

شنیار فوئاد یاریزانی سەولوكانون: لەسەر ئاستی كوردستان پلەی یەكەم و لە پاڵەوانێتیی عەرەبیش مەدالیای برۆنزیم بەدەست هێناوە
شنیار یەكێكە لە یاریزانە هەرە بەتواناكانی یاریی سەولو كانونی یانەی دوكان و هەڵبژاردەی عێراق، هەر چەندە شنیار تەمەنی بچووكە، بەڵام حەز و ئارەزووەكانی بوونەتە هۆكار كە بتوانێ درێژە بە ئاستە بەرزەكەی خۆی بدات و چەندین ئەنجامی بەرچاو لەگەڵ یانەی دوكان و هەڵبژاردەی عێراق بەدەست بهێنێت. شنیار بە ئاستە بەرزەكەی چەندین یانەی سەرسام كردووە بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ واژوو بكەن، بەڵام خۆشەویستیی بۆ یانەی دوكان رێگەی نەداوە بچێتە هیچ یانەیەك، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1998ی قەزای دوكانەو قوتابی ئامادەییە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.





*چۆن بە یاریی سەولوكانون ئاشنا بووی؟
- من لە شارۆچكەی دوكان دەژیم، لای هەموومانیش ئاشكرایە كە قەزای دوكان خاوەن دەریاچەیەكی گەورەیە و شوێنێكی گونجاوە بۆ ئەم یارییە، ئەم وەرزشەش خولیای منداڵیم بوو، حەزم دەكرد جۆرە وەرزشێك ئەنجام بدەم، لە ناو ئاو بێت.
* بۆچی لە ناو ئەم هەموو وەرزشە جۆراوجۆرە تەنیا ئەم یارییەت هەڵبژارد كە بۆ كچان هەندێك ئەستەمە وەرزشكردن لە ناو ئاودا؟
- چونكە ئەم یارییە لەگەڵ خواست و ئارەزووی خۆم دەگونجێت و یارییەكی جیهانییە، ساڵانە چەندین پاڵەوانێتیی تێدا ئەنجام دەدرێت، هیچ كاتێك ئەم یارییە بۆ من جێگەی ترس نەبووە.
*هەست ناكەیت ئەم یارییە لە ناو ئاودا مەترسی خنكانی تێدایە، یاخود ژیانت لە مەترسیدا دەبێت؟
- نەخێر، چونكە من هەر لە منداڵییەوە لە دەریاچەی دوكان مەلەم كردووە و شارەزایی باشم تێدا هەیە و ترسی خنكانم نییە.
*ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان چۆن دەبینی؟
- ئەم یارییە لە كوردستان تازەیە، یانەكانی كوردستان زۆر گرنگی پێ نادەن، تەنیا یانەكانی دوكان و پیرەمەگروون لە سنووری پارێزگای سلێمانی تیپیان هەیە، خۆشبەختانە ئێمەش وەكو تیپی كچانی دوكان توانیومانە ئەنجامی باش لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق تۆمار بكەین.
* بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستاندا پێت باشە چی بكرێت؟
- پێم باشە بەرپرسانی وەرزشی لە كوردستان گرنگیی زیاتر بەم یارییە بدەن، چونكە داهاتوویەكی باشی دەبێت، ئەگەر لە ئێستاوە كار بكرێت بۆ فێركردنی منداڵ و كردنەوەی خولی تایبەت بەم یارییە، چونكە ئەم یارییە، یارییەكی جیهانییە و دەتوانرێ ئەنجامی بەرچاوی لەسەر ئاستی جیهانی لێ بەدەست بێت.
* هەست ناكەیت ئەم یارییە لە كوردستان گرنگی ئەوتوێ پێ نادرێت؟
- بەڵێ زۆر راستە، ئەوەی راستی بێت ئەم یارییە لە كوردستان هیچ گرنگییەكی پێ نادرێت و بگرە فەرامۆشیش كراوە.
* كێشەو گرفتی سەرەكیی ئێوە لەم یارییە چییە ؟
- كێشەی سەرەكیی ئێمە ئەوەیە كە ئەنجامەكانمان هیچ گرنگییەكی نییە لای بەرپرسانی وەرزش و تەنانەت دەستخۆشیمان لێناكەن كاتێك ئەنجامی شایستە بەدەست دەهێنین.
* بۆچی لە كوردستان رێژەی بەشداریكردنی ئافرەت لەم یارییەدا كەمە؟
- دوو هۆكار هەیە، یەكەمیان ئەوەیە لەلایەن لێژنەی ئۆلۆمپی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە گرنگی پێنادرێت وەكو یارییەكانی تر، لەلایەكی دیكەوەش خێزانی كورد رێگە نادەن كە كچەكانیان وەرزش بكەن و رێگرییان لێ دەكرێت.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چی بووە؟
- چەندین ئەنجامی باشم بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، لە ئاستی كچان پلەی یەكەمم لەسەر ئاستی كوردستان بەدەست هێناوە، هەروەها لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەبی لە میسر توانیم پلەی سێیەم و مەدالیای برۆنزی بەدەست بهێنم، هەوڵدەدەم لە داهاتوو ئەنجامی باشتریش بەدەست بهێنم.
* خانەوادەكەت تا چەند بۆ وەرزشكردن هاوكاریت دەكەن؟
- خانەوادەكەم پاڵپشتییەكی بەهێزن بۆ من، بە تایبەتی دایك و باوكی بەڕێزم بۆ من هەمیشە هاوكار بوون و هانم دەدەن بۆ بەردەوامبوونم لە وەرزشكردن، باوكیشم ئەندامە لە هەڵبژاردەی عێراق، ئەو زیاتر هانم دەدات بۆ بەردەوامبوونم لە وەرزشكردن.
* وەكو كچە یاریزانێك پەیامت بۆ ئەو كچانەی كە دوورن لە وەرزشكردن چییە؟
- پەیامی من بۆهەموو كچان ئەوەیە كە ئەوانیش بێنەپێش و تواناكانی خۆیان نەشارنەوە و بۆ بەرەوپێشچوونی وەرزش لە كوردستان و ناساندنی كوردستان بە وڵاتانی دەرەوە لە رێگەی وەرزشەوە هەوڵبدەن.
* چ یانەیەك داوای كردووە لە ریزی یانەكایان یاری بكەی؟
- بەڵێ چەند یانەیەك داوای گرێبەستیان لێ كردووم بۆ ئەوەی یارییان لەگەڵدا بكەم، بەڵام بەهۆی خۆشەویستیم بۆ یانەی دوكان حەزم نەكردووە ئەم یانەیە بەجێبهێڵم، هەر لەم یانەیەشدا بەردەوام دەبم.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت بۆ وتن مابێت؟
- دەمەوێ زۆر سوپاسی راهێنەرەكەم بكەم بەهۆی ئەوەی كە ئەو هۆكار بوو بۆ ئەوەی من بگەمە ئەو ئاستەی ئێستا، هیوادارم لە داهاتوویەكی نزیكدا بتوانم لە وڵاتانی دەرەوە ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوە و لە رێگەی وەرزشەوە خزمەت بە كوردستان بكەم، سوپاسیش بۆ گۆڤاری گوڵان.

Top