یانەی سلێمانی بەساڵح رازی و ژمارەیەك یاریزان خۆی بەهێز دەكات

یانەی سلێمانی بەساڵح رازی و ژمارەیەك یاریزان خۆی بەهێز دەكات
بەمەبەستی بەهێزكردنی ریزی پێكهاتەی تیپەكەی بۆ چوونە نێو كێبڕكێیەكانی وەرزی نوێی خولی عێراقی كە بڕیارە یارییەكانی سەرەتای مانگی دەی داهاتوو بەشێوازی دوو كۆمەڵە بەڕێوەبچێت، لە ئێستاشدا تیپی تۆپی پێی یانەی سلێمانی لە هەوڵی خۆبەهێزكردنە لەسەر دەستی راهێنەری بەتوانای شاری بەغدا ساڵح رازی، لە ئێستاشدا ستافی راهێنەرانی یانەی سلێمانی لە شاری بەغدان بۆ ئەوەی كۆمەڵێك لە یاریزانانی بەتوانا بۆ یانەكە دەستنیشان بكەن. هەر لەوبارەیەوە بێوەی ئەحمەد لە راگەیاندنی یانەی وەرزشیی سلێمانی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەم وەرزە دەمانەوێ تیپێكی جیاواز دروست بكەین لە ساڵانی رابردوو، بۆیە دوای هێنانی دەستەی راهێنەرانی یانەكەمان لە ئێستادا ساڵح رازی لە شاری بەغدایە بۆ ئەوەی چەند یاریزانێك دەستنیشان بكات بۆ بەهێزكردنی پێكهاتەی یانەی سلێمانی.
بێوەی گوتیشی: ئێمە راهێنەرمان سەرپشك كردووە لە دەستنیشانكردنی چەند یاریزانێك، بۆیە پێشبینی دەكەین لە چەند رۆژی داهاتوودا ساڵح رازی بەخۆی و دە یاریزانی تازە بگەڕێتەوە شاری سلێمانی، هاتنی ئەم یاریزانانەش لەسەر داوای خۆی دەبێت، بەڵام دەبێت دەستەی كارگێڕیی رەزامەندی لەسەربێت، دواتریش راهێنەری تیپەكە ژمارەیەك لە یاریزانانی خۆشمان دەستنیشان دەكات و بەیەكەوە تیپێكی تۆكمەی لێ دروست دەكەین، سەرجەم یاریزانانیش پشكنینیان بۆ دەكرێت، ئەوكات گرێبەستیان لەگەڵ واژوو دەكرێ. هیچ كێشەو گرفتێكیشمان نییە.
لە بارەی بڕی ئەو پارەی كە بۆ یاریزانان دەستنیشان كراوە، بێوەی ئامادەنەبوو هیچ گرێبەستێكی یاریزانان ئاشكرا بكات و تەنیا گوتی: كاتێك گەیشتنە شاری سلێمانی ئەوكات ئێمە لەسەر پارەو هەموو شتەكان لەگەڵیان رێكدەكەوین.
لە بارەی ناوی ئەو یاریزانانەو سیڤیەكانیان، بێوەی گوتی: ئەوە هەمووی پەیوەندی بە ساڵح رازی هەیە، تاكو ئێستاش ئێمە گفتوگۆكانمان لەگەڵ یاریزانانی شاری بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەی باشترینەكان لەگەڵ خۆی بهێنێت و بتوانین شانبەشانی یانە گەورەكان لە خولی عێراقی بەدیار بكەوین و یانەی سلێمانی ببێتە یەكێك لە یانە گەورەكانی عێراق.
Top