باسم قاسم گەڕایەوە یانە كۆنەكەی

باسم قاسم گەڕایەوە یانە كۆنەكەی
بەمەبەستی بەهێزكردن و رێكخستنەوەی تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی دهۆك لە ركابەرییەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی عێراقی كە ئەم وەرزە یانەی دهۆك جیا لە وەرزەكانیترە، هەر چەندە ئەم وەرزە یانەی دهۆك كێشەی هەرە سەرەكیی گرفتی داراییە بەم هۆیەشەوە دەستەی ڕاهێنەران و كۆمەڵێك یاریزانی بەرچاوی یانەكە ریزی یانەكەیان جێهێشت، بەڵام لە ئێستادا یانەی دهۆك لە نێوان گفتوگۆیە چڕەكانی لەگەڵ سێ راهێنەری بەتوانای عێراقی توانی بگاتە رێككەوتن لەگەڵ باسم قاسمی راهێنەری پێشووی یانەكەیان. لەمبارەشەوە محەمەد عەلی وتەبێژی یانەی دهۆك بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەم وەرزە هەر چەندە یانەكەمان تووشی گرفتی سەختی دارایی بووە، جیا لە ساڵانی پێشوو تا ئێستا ئامادەكارییەكانمان دەست پێ نەكردووە، هەر بۆیە دەستەی راهێنەرانی پێشووش وازیان لە مەشقی یانەكەیان هێناوە، بەڵام دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان بەردەوام بوون لە هەوڵی بەدەستهێنانی راهێنەرێكی بەتوانا بۆ ئەوەی بتوانین دەست بە ئامادەكارییەكانمان بكەین و ئاستی تیپەكە بەرز بكەینەوە، بۆیە لە نێوان چەند راهێنەرێك تیپەكەمان رێككەوت لەسەر ئەوەی باسم قاسم راهێنەری پێشووی یانەكەمان بەفەرمی لە داهاتوو ئەركی مەشقی تیپەكەمان لە ئەستۆ بگرێت، لە ئێستادا بە شێوەیەكی كۆتایی لەگەڵی رێككەوتووین، بەڵام چەند خاڵێكی بچووكمان مابوو كە ئەوانیش چارەسەركران، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی تیپێكی بەهێز دەستنیشان بكەین، هەوڵیش دەدەین بتوانین تیپێكی بەهێز دروست بكەین و راهێنەری تیپەكەشمان سەرپشكە بۆ گۆڕانكارییەكان و لە هەوڵی ئەوەشداین چەندین یاریزانی ئاستبەرز و بەتوانا بهێنینە ریزی یانەی دهۆك بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێ لەگەڵ تیپەكانی بەشدار لە خولی عێراقی ركابەری بكەین.
Top