بەمەبەستی بەشداریكردن لە دوو پاڵەوانێتیی ماراسۆنی نێودەوڵەتی لە هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و سویسرا، بڕیارە سەفین رەسول كوڕە یاریزانی شارۆچكەی پیرمامی سەر بە پارێزگای هەولێر لە كۆتایی ئەم مانگە بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا بچێت بۆ بەشداریكردنی لە یەكەم پاڵەوانێتیی لە شاری لایبزیخ و دواتریش بۆ وڵاتی سویسرا بچێت، لە بارەی بەشداریكردنیشی لە هەردوو پاڵەوانێتییەكە سەفین رەسول بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: وەكو یاریزانێكی كورد لەسەر خەرجیی خۆم بەشداری دەكەم لە پاڵەوانێتییەكەدا لە وڵاتی ئەڵمانیا بە ناوی پاڵەوانێتیی لایبزیخ كە بڕیارە لە رۆژی 14ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت بە بەشداری چەندین یاریزانانی بیانی لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ئەم ماوەیەش لە وڵاتی ئەڵمانیا ئامادەكاری دەكەم بۆ ئەوەی بتوانم ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەم و ئاڵای كوردستان و ناوی كوردستان بەرز بكەمەوە، دواتریش دەچمە وڵاتی سویسرا بۆ بەشداریكردن لە ماڕاسۆنێكی نێودەوڵەتی، لەم پاڵەوانێتییەش وەكو یاریزانێكی كورد بە ئاڵای كوردستان بەشداری دەكەم، كە بڕیارە سەرەتای مانگی دە بەڕێوەبچێت، من ئەو ماوەیەش لە كوردستان ئامادەكاری باشم كردووەو نیازی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستەم هەیە.
لە بارەی هاوكاریكردنیشی گوتی: جگە لە هاوڕێیەكی خۆم بە ناوی تەحسین محەمەد هیچ كەسێك هاوكاری نەكردووم، حەزم دەكرد هاوكارییەكی باشمیان بكردایە بۆ ئەوەی بمتوانیایە زیاتر سەركەوتوو بم.