كاتی مەشق و ستافی راهێنەرانی تیپی دووەمی یانەی هەولێر ئاشكرا كرا

كاتی مەشق و ستافی راهێنەرانی تیپی دووەمی یانەی هەولێر ئاشكرا كرا
دوای ئەوەی رۆژی شەممە دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بەفەرمی بڕیاری دا سەمەد جەوهەر وەكو راهێنەری تیپی دووەمی یانەی هەولێر بەشداربوو لە خولی نایابی كوردستان دەستنیشانكرا، رۆژی یەكشەممە سەرۆكی یانەی هەولێر د.عەبدوڵڵا مەجید پێشوازی لە راهێنەری نوێی یانەكە كرد بۆ تاوتێوكردنی باروودۆخی تیپەكە و چۆنیەتی ئامادەكردنی بۆ وەرزی داهاتووی خولی نایابی كوردستان و كاتی دەستپێكردنی مەشق و دەستنیشانكردنی ستافی مەشق.
سەمەد جەوهەر سەرەتا بڕیاری دا هیچ داواكارییەكی دارایی نەبێت ئەم كارەی بۆ دەستەی كارگێری یانەكە جێهێشت پاشان بڕیاری دا، كە رۆژی سێشەممە یەكەم یەكەی مەشقی فەرمی خۆی لەگەڵ تیپەكە دەستپێبكات و پشت بەو یاریزانانە ببەستێت، كە لە تیپەكە ماوەن و لەگەڵ بانگهێشتكردنی چەند یاریزانێكی تیپی لاوانی یانەكە بۆ ئەوەی تیپێكی دوارۆژ بۆ یانەی هەولێر دروستبكەن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بەفەرمی جەمیل مەحمود وەكو راهێنەری گۆڵچی تیپی دووەمی یانەكە دەستنیشانكرا و چاوەڕوان دەكرێت لەم چەند رۆژدا بەفەرمی یاریدەدەری راهێنەریش دەستنیشان بكرێت، كە بە خواستی راهێنەر سەمەد جەوهەر دەبێت.
جێگەی باسە لەم كۆبوونەوەیە سەرپەرشتیاری تیپی پۆپی پێی خولی كوردستان نەوزاد عەولا و پشتیوان شەبیب و سەرپەرشتیاری تیپی لاوانی و تازەپێگەیشتووانی یانەی هەولێر محەمەد خۆشناو ئامادەی بوون بۆ ئەوەی هەموو ئاسانكارییەك بۆ راهێنەر دابین بكەن لە پێناو سەركەوتنی تیپەكە لە وەرزی ئەمساڵدا.
رێبین رەمزی
Top