یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا زاڤی هێرناندیز رایگەیاند چیتر یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا ناكات و بڕیاری داوە واز لەیاریكردنی نێودەوڵەتی بهێنێت دوای ئەوەی تەمەنی گەیشتە 34 ساڵ، زاڤی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئەم هەواڵەی دووپاتكردەوە و گوتی: دەمەوێ ئەوەتان پێ رابگەیەنم كە بڕیاریم داوە واز لەیاریكردنی نێودەوڵەتی بهێنم لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، كاتی من لە یاریكردنی نێودەوڵەتی كۆتایی هات و ئێستا بیركردنەوەم تەنیا لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە و راهێنەر ئەنریكیە . هەروەها زاڤی گوتی : لەماوەی یاریكردنم بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا كاتی زۆر خۆشم بەسەر برد و چەندین نازناومان بەدەست هێنا، سوپاسی هەموو هاوڕێكانم و راهێنەرەكان دەكەم . شایانی باسە یاریزان زاڤی هێرناندیز 133 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەنجامداوە و هەرسێ نازناوی یۆرۆی 2008 و 2012 و مۆندیالی 2010ی بەدەست هێناوە، زاڤی بەشداری لەچوار مۆندیال و سێ یۆرۆ كردووە.