ئامادەكاریی تیپەكان بۆ خولی نایابی یانەكانی كوردستان

ئامادەكاریی تیپەكان بۆ خولی نایابی یانەكانی كوردستان
هەموو ساڵێك یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان بە بەرنامەیەكی تۆكمە وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستان بەبەشداریی 14 یانەی شارەكانی كوردستان دەست پێدەكات، ئەمساڵیش یەكێـتیی تۆپی پێی كوردستان لە هەوڵی تەواوكردنی بەرنامەكانی وەرزی ڕابردوودایە بۆ ئەوەی خولی نایابی كوردستان و پلە یەك و جامی كوردستان و پلە دووەكان و سەرجەم خولەكانی تر دەست پێبكات، یانەكانی كوردستانیش لە هەوڵی گۆڕینی یاریزانان و راهێنەردان بۆ ئەوەی بتوانن تیپێكی بەهێز بۆ وەرزی نوێ ئامادە بكەن بۆ چوونە نێو كێبڕكێیەكانی خولی نایاب، بەڵام ئەمساڵ جیا لە ساڵان كێشەی دارایی رێگربووە لە ئامادەكاریی ژمارەیەك لە یانەكان بۆ ئەم مەبەستەش ئەم ڕاپۆرتەمان ئەنجامدا.
كارزان كانەبی

سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی وەرزشیی هەولێر لە بارەی ئامادەكارییەكانی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: لە ئێستادا ئێمە وەكو تیپی خولی كوردستانی یانەی هەولێر هیچ ئامادەكارییەكمان نەكردووە هۆكارەكەشی بۆ قەیرانە داراییەكە دەگەڕێتەوە كە ماوەیەك رووی لە یانەكانی كوردستان كردووە، ئێمە مووچەی زیاتر لە چوار مانگی یاریزانانی خۆمان قەرزارین و لە هەمان كاتیشدا 75%ی بڕی گرێبەستی یاریزانانمان نەداوە، لە ئێستادا چۆن دەتوانین بە یاریزانان بڵێین ئێوە وەرن دەست بە مەشقەكان بكەن، هیچ یاریزانێكمان دەست لێ نەداوە لە دوورخستنەوە و هێنانی یاریزانان، وەكو تیپی كوردستانیش لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكمان نییە، ئێمە وەكو یاریزانان و دەستەی راهێنەرانی خولی كوردستانی یانەی هەولێر لە چاوەڕوانی بڕیارێكی دەستەی كارگێڕیی یانەكەین بۆ ئەوەی چارەنووسی ئێمە دیاری بكات، چونكە ژمارەیەك لە یانەكان لە ئێستادا لە هەوڵی ئامادەكاریدان.
لەبارەی ئامادەكاریی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانیش دڵشاد ساڵح ئەندامی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان بۆ گۆڵان گوتی: تا ئێستا هیچ ئامادەكارییەكمان نەكردووە بۆ دەست پێكردنەوەی خولی نایابی یانەكانی كوردستان، لە چاوەڕوانی ئەنجامدانی كۆنفرانسی وەرزشین و نوێنەری یانەكانیش بەشدار دەبن لە پاش كۆنفرانسیش بەرنامەی خۆمان دەبێت، لە ئێستادا لە هەوڵی تەواو كردنی بەرنامەكانی خۆمانین، چونكە تاكو ئێستا پاڵەوانێتیی تۆپی پێی هەڵبژاردەی پارێزگاكانمان ئەنجام نەداوە و یاریی كۆتایی خولی پلە سێ كوردستانمان ماوە 9-8پاڵەوانێتیی لاوانی هەڵبژاردەی شارەكان لە دهۆك ئەنجام دەدەین، لە 23-9لە شاری سلێمانی پاڵەوانێتیی تازەپێگەیشتووانی شارەكان ئەنجام دەدەین، ئەوكات سەرجەم چالاكییەكانمان بە كۆتادێت، ئەوكات دەست دەكەین بە دانانی بەرنامەیەكی تۆكمە بۆ خولی تۆپی پێی نایابی یانەكانی كوردستان، بەر لە ئەنجامدانی خولەكانیش لەگەڵ سەرجەم نوێنەری یانەكانی بەشدار لە خولەكە كۆ دەبینەوە، تاكوئێستاش هیچ كێشەو گرفتێكمان نەهاتۆتە پێش بۆ هیچ ئەگەرێك لەسەر خولی كوردستان.
سلێمان رمەزان راهێنەری یانەی زێرەڤانی پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: لەئێستادا ئێمە دەستمان بە ئامادەكارییەكان كردووە، بەڵام بە شێوەیەكی سەرەتایی نەك ئامادەكاریی زۆر و هیلاك بوونی زۆر، چونكە ئێمە لە هەوڵی كۆكردنەوەی یاریزانانی خۆمانین لە یانەكانی تر، ئەمساڵێش ئێمە جیا لە ساڵان تیپەكەمان سەر بە زێرەڤانییە ئەوانیش لە بەرەكانی جەنگن، بۆیە ناتوانین هەموو ئەركەكانی خۆمان بەجێ بهێنین لە وەرزش كردن، گوتیشی ئەمساڵ جیاواز دەبین لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو ئێمە زیاتر پشت بە یاریزانانی لاوانی خۆمان دەبەستین لە بڕی یاریزانانی شارەكانی تری هەرێمی كوردستان و عێراق، چونكە بارودۆخی دارایی یانەكان هەندێك خراپە و ئێمەش بەردەوام دەبین لە كۆكردنەوەی یاریزانان، لە ئێستادا ئامادەكارییەكانمان چڕ دەكەینەوە بەهۆی ئەوەی لە مانگی ڕابردوو وەكو پێویست نەبووین چونكە مانگی ڕەمەزان بوو، هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە لە رووی تیپەكەوە جگە لە بارودۆخی دارایی چونكە هەموو تیپەكان دووچاری هاتن، ئەمساڵیش دەمانەوێ پارێزگاریی لە نازناوەكانی وەرزی ڕابردوو بكەین بە پشت بستن بە یاریزانانی تیپەكەمان كە هەموویان ئاستیان بەرزە.
سەردار ساڵح راهێنەری یانەی وەرزشیی سلێمانی بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند گوتی: ئێمە تاكو ئێستا ئامادەكارییەكانمان دەست پێنەكردووە وەكو یانەی سلێمانی هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تیپی تۆپی پێی یانەی سلێمانی بەشداری لە خولی عێراقی كردووە، هەر بەم هۆیەشەوە ژمارەیەك لە یاریزانانی خولی كوردستان لەگەڵ تیپی عێراق بەشدارن بۆیە ئامادەكارییەكانمان ئەنجام نەداوە، چونكە چڕ و پڕ نەدەبوو، بەڵام لە دوای تەواو بوونی یارییەكانی خولی پلە یەكی عێراقی ئێمە دەست دەكەینەوە بە بەرنامە چڕ و پڕەكانی خۆمان بە پشتن بەستن بە پلانی تایبەت بە بەرزكردنەوەی ئاستی وەرزشیی یانەی سلێمانی، لە ئێستادا گرفتی ئەوتۆمان نییە هەر چەندە ئێمە تاكو ئێستا بەفەرمی دەست بەرداری هیچ یاریزانێك نەبووینە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین كۆمەڵێ یاریزانی بەتوانا بهێنینە ریزی یانەی سلێمانی وەكو ساڵی ڕابردووش بتوانین ئەنجامی باشتر لە وەرزی ڕابردوو بەدەست بهێنین، ئەمساڵیش دەمانەوێ جیاواز بین لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئەوەی كۆمەڵێك یاریزانی لاوی تیپەكەمان سەربخەین تاكو زیاتر یاریزانانی خۆمان پێش بخەین، سەردار لە بارەی كێشەی دارایش گوتی: ئێستا گرفتی دارایی لەلایەن یانەكانی كوردستانەوە بۆتە گرفتێك كە ڕەنگە ڕەنگدانەوەی تایبەتی خۆی هەبێت لەسەر یانەكانی كوردستان، ئەگەر بكرێت بەرنامەیەكی تایبەت دابنرێ بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە داراییە، جێگای ئاماژە پێكردنە وەرزی ڕابردوو یانەی زێرەڤانی نازناوی خولەكەی بەدەست هێنا و هەریەك لە یانەكانی ئاڵا و هەڵۆ دابەزین بۆ ریزی پلە یەكەكان و هەردوو یانەی برایەتی و بروسكیش سەركەوتن بۆخولی نایابی یانەكانی كوردستان، پێشبینیش دەكرێ وەرزی نوێ وەرزێكی بەهێز بێت بۆ یانەكانی ئەمساڵ.
Top