هەڵبژاردەی ئەڵمانیامێژوویەكی پڕ سەروەری داهاتوویەكی پڕشنگدار

هەڵبژاردەی ئەڵمانیامێژوویەكی پڕ سەروەری داهاتوویەكی پڕشنگدار
یارییەكانی مۆندیالی بەرازیلی 2014 كۆتایی هات و لەدوای ململانێیەكی بەهێز لە نێوان 32 هەڵبژاردە بۆ ماوەی 31 رۆژ، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەشایستەیی نازناوەكەی بۆ جاری چوارەم لە مێژوویدا بەدەستهێنا و لاپەڕیەكی دیكەی لەمێژووی تۆپی پێی جیهانی نووسیەوە، لەم مۆندیالەدا و سەڕەرای بوونی چەندین هەڵبژاردەی بەهێز بەڵام هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەئاستێكی نموونەیی بەدیاركەوت بەبوونی راهێنەرێكی بەتوانای وەك یواكیم لۆف كە متمانەی تەواوی بەخۆی و دەستەی راهێنەران هەبوو لەگەڵ كۆمەڵێك یاریزانی بەتوانا و لەسەرجەم یارییەكاندا ئاستێكی جێگیری پێشكەش كرد تا یاریی كۆتایی بەرامبەر ئەرژەنتین.
رێژەی تەمەنی یاریزانانی ئەڵمانیا لەگەڵ بوونی خولێكی بەهێز و كانیاوی یاریزانان وا لەم هەڵبژاردەیە دەكات كەباڵا دەست بێت لەسەر نەخشەی تۆپی پێی جیهانی، چاودێران پێیان وایە ئەڵمانیا لەیۆرۆی 2016 و مۆندیالی 2018 لە پاڵێوراوە سەرەكییەكان دەمێنێتەوە بۆ بەدەست هێنانی نازناوەكان.


* مێژووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
لەساڵی 1900 یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا دامەزرا بەهەوڵی چەند یانەیەكی باشووری ئەم وڵاتە و دواتر لە ساڵی 1901 یەكەم هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێكهێنرا بەبێ ئەوەی بتوانن هیچ یارییەكی نێودەولەتی ئەنجام بدەن، لەساڵی 1904 لەگەڵ دامەزراندنی یەكێتی تۆپی پێی جیهانی (فیفا)، ئەڵمانیا بوو بەئەندام، لەگەڵ ئەوەشدا یەكەم یاری نێودەولەتی دواكەوت تا ساڵی 1908، لە رۆژی 5/4/1908 هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یەكەم یاری نێودەولەتی لەشاری بازل ئەنجامدا بەرامبەر هەڵبژاردەی سویسرا و تووشی دۆڕاندن هات بە ئەنجامی (5-3) گۆڵ، لە دوای ئەم یارییە ئەڵمانیا بەرامبەر ئینگلتەرا و نەمسا دۆڕا، لە رۆژی 4/4/1909 ئەڵمانیا یەكەم سەركەوتنی لە مێژوودا تۆمار كرد بەرامبەر سویسرا بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر.
لەساڵی 1912 بۆ یەكەمجار هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەشداری لەپاڵەوانەتییەكی فەرمی كرد كە ئۆلۆمپیادی ستۆكهۆلم بوو بەڵام هەر زوو لە قۆناغی یەكەمەوە ماڵئاوایی كرد، لەساڵی 1930 ئەڵمانیا بانگهێشتكرا بۆ بەشداریكردن لەمۆندیالی ئۆرگوایی بەڵام بەهۆی دووری رێگاوە بەشداری نەكرد و لەساڵی 1934 بەشداری لەمۆندیالی ئیتالیا كرد و پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و لەو كاتەوە ئەڵمانیا هێزێكی كاریگەری تۆپی پێی جیهانیە، گەورەترین سەركەوتنی ئەڵمانیا بەرامبەر روسیا بوو لە 1/7/1912 بەئەنجامی (16-0) گۆڵ، گەورەترین دۆڕاندنیش بەرامبەر ئینگلتەرا بوو لە 16/3/1909 بە ئەنجامی (9-0) گۆڵ، ئەڵمانیا بەشداری لە 18 مۆندیال كردووە تەنها لەهەردوو مۆندیال 1930 و 1950 بەشداری نەكردووە .
* دەسكەوتەكانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
ئەڵمانیا یەكێكە لەو هەڵبژاردانەی كە زۆرترین دەسكەوتی بەدەست هێناوە چ لەسەر ئاستی جامی جیهانی یان لەسەر ئاستی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا .
- جامی جیهانی
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا چوار جار جامی جیهانی بەدەستهێناوە
1- ساڵی 1954 لە مۆندیالی سویسرا لەیاری كۆتایی لەهەنگاریای بردەوە بەئەنجامی (3-2) گۆڵ
2- ساڵی 1974 لە مۆندیالی ئەڵمانیا لەیاری كۆتایی لە هۆڵەندای بردەوە بەئەنجامی (2-1) گۆڵ
3- ساڵی 1990 لە مۆندیالی ئیتالیا لەیاری كۆتایی لە ئەرژەنتینی بردەوە بەئەنجامی (1-0) گۆڵ
4- ساڵی 2014 لە مۆندیالی بەرازیل لەیاری كۆتایی لە ئەرژەنتینی بردەوە بەئەنجامی (1-0) گۆڵ
ئەڵمانیا لەمۆندیالەكانی 1966 و 1982 و 1986 و 2002 پلەی دووەمی بەدەست هێناوە و لە مۆندیالەكانی 1934 و 1970 و 2006 و 2010 پلەی سێیەمی بەدەست هێناوە و لەمۆندیالی 1958 پلەی چوارەمی بەدەست هێناوە
- جامی نەتەوەكانی ئەوروپا
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا سێ جار جامی نەتەوەكانی ئەوروپای بەدەستهێناوە
- ساڵی 1972 لە یۆرۆی بەلژیكا لەیاری كۆتایی لە یەكێتی سۆڤیەتی بردەوە بەئەنجامی (3-0) گۆڵ
2- ساڵی 1980 لە یۆرۆی ئیتالیا لەیاری كۆتایی لە بەلژیكای بردەوە بەئەنجامی (2-1) گۆڵ
3- ساڵی 1996 لە یۆرۆی ئینگلتەرا لەیاری كۆتایی لە كۆماری چیكی بردەوە بەئەنجامی (2-1) گۆڵ
ئەڵمانیا لە یۆرۆكانی 1976 و 1992 و 2008 پلەی دووەمی بەدەست هێناوە و لەیۆرۆكانی 1988 و 2012 گەیشتە قۆناغی پێش كۆتایی .
* راهێنەرانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
لە مێژوودا ئەم راهێنەرانە ئەركی راهێنانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیان وەرگرتووە :
1- ئۆتۆ نێرز لە ساڵی 1923 تا ساڵی 1936
2- سیب هێربێرگەر لە ساڵی 1936 تا ساڵی 1964
3- هیلمۆت شۆن لە ساڵی 1964 تا ساڵی 1978
4- بۆب دێرڤال لە ساڵی 1978 تا ساڵی 1984
5- فرانز بیكنباوەر لە ساڵی 1984 تا ساڵی 1990
6- بێرتی فۆگتس لە ساڵی 1990 تا ساڵی 1998
7- ئەریك ریبیك لە ساڵی 1998 تا ساڵی 2000
8- رۆدی ڤۆلەر لە ساڵی 2000 تا ساڵی 2004
9- یۆرگن كلینزمان لە ساڵی 2004 تا ساڵی 2006
10- یواكیم لۆف لە ساڵی 2006 تا ئێستا
Top