وەفا سەڵاح هیچ لایەك هاوكاری یاریی كاراتێ ناكەن و وەك یارییەكی جیاواز سەیری دەكەن
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو ئاشنایەتیت لەگەڵ یاریی كاراتێ دروستكرد؟
-وەك هەر یاریزان و منداڵێكی تر خولیایەك لەمنداڵییەوە لەلام دروست بوو، پێم خۆش بوو ئەو یارییە هەڵبژێرم و بتوانم درێژەی پێبدەم، سوپاس بۆ خوا لەرۆژی دەستپێكردنمەوە تائێستا بەردەوامم.
*بۆچی ئەم یارییەت هەڵبژارد كە تۆ كچی زۆركات دووچاری كێشە نابیت؟
-بەداخەوە لە روانگەی خەڵك و تێگەیشتنی گشتیی خەڵكەوە، وا باوە كە ئەو یارییانە رۆحێكی شەڕانگێزی لەلای كەسی یاریزان دروست دەكات و ئەمەش تاڕادەیەك لەگەڵ كچاندا یەك ناگرێتەوەو پێویستە كچان یارییەك هەڵبژێرن كە لەگەڵ نەرم و نیانیان بگونجێت، زۆربەی كات ئەو قسەیە رووبەڕووی خۆم كراوەتەوە كە ئایا بۆ یارییەكی تر ناكەیت و ئەوە كەی یارییەو بۆ كچان گونجاو نییە، بەڵام زۆر بە پێچەوانەوە من بۆ كچان بە گونجاوتری دەزانم و ئەوەندەشی تێبینیم كردبێت ئەو كەسانەی ئەو جۆرە یارییانە دەكەن تاڕادەیەكی زۆر لەكەسانی تر ئارامترن، یارییەكانی هونەرە بەرگرییەكان وەك لەناوەكەیدا هاتووە بۆ بەرگری كردنە لەخودی خۆت و هیچ پەیوەندییەكی بەدروست بوونی رۆحی شەڕانگێزییەوە نییە، هیوادارم ئەو بیرۆكە هەڵەیە چیتر لەناو خەڵكیدا لەمە زیاتر پەرە نەسێنێت.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لەشارەكانی كوردستان؟
-ناتوانین بڵێین كە ئاستی یارییەكە بە بەراورد بەساڵانی رابردوو پێشكەوتنی بەخۆوە نەدیوە، بەڵام هێشتا وەك پێویست نییە، چونكە پێشكەوتنی یاریی پێویستی بەهاوكاری هەموو لایەك هەیە، بەڵام بەداخەوە هیچ لایەك هاوكاری یاریی كاراتێ ناكەن و وەك یارییەكی جیاواز سەیری دەكەن، لەكاتێكدا یاریزانی زۆر ئاست بەرز لەیارییەكەدا دەركەوتن و ئەنجامی بەرچاویان لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییە دەرەكییەكانیش هەبووە، بەڵام هیچ كات تەنانەت دەستخۆشییەكیان لێنەكراوە، ئەوانەشی كە تائێستا بەردەوامن وەك خۆشەویستیان بۆ یارییەكەیە.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ بەرەو پێشچوونی ئەم یارییە لەكوردستان؟
-هاندان و هاوكاری كردنی یاریزانان و راهێنەران گرنگترین هۆكارە بۆ بەرەو پێشچوونی ئاستی یارییەكە، لەرووی دابین كردنی پێداویستییەكانی یارییەكە بۆیان، هەروەها لەبەرچاو گرتنی ئەنجامەكانی یاریزانان كاتێك یاریزانێك ئەنجامێك بەدەست دەهێنێت، هەوڵ بدرێت ئەنجامەكەی بەهەند وەربگیرێت، چونكە ئەمە خۆی لەخۆیدا دەبێتە هاندانێك بۆ ئەو یاریزانە بۆ بەردەوام بوونی و زیاتر بەرەو پێشچوونی.
*هەست ناكەی ئەم یارییە لەكوردستان گرنگی پێنادرێت؟
-وەك لەوەڵامی پرسیارەكانی پێشوودا ئەماژەم پێدا، ئەم یارییە لەكوردستان بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو پێشكەوتنێكی باشی بەخۆوە دیوە، بەڵام بە بەراورد بە وڵاتانی دەرەوە هێشتا ماویەتی، یاریزان زیاتر لەیارییە تاكەكاندا دەتوانێت جێ دەستی خۆی دیاریی بكات و دەربكەوێت، بەداخەوە تاڕادەیەكی زۆر یارییەكە پشتگوێ خراوەو گرنگی ئەوتۆی پێنادرێت.
*كێشەو گرفتی سەرەكیی ئێوە چییە لەم یارییەدا؟
-نەبوونی هیچ جۆرە هاوكارییەك هەروەها جیاوازی كردن لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە، لەزۆربەی شوێنەكانیش نەبوونی جێگایەكی گونجاو بۆ مەشق كردن گرفتی سەرەكییە لەبەردەم یارییەكەدا.
*بۆچی رێژەی بەشداریی كردنی ئافرەت لەم یارییە كەمە لەكوردستان؟
-پێشتریش وتم كە بەهۆی بۆچوونی هەڵەوە كە وا تێگەیشتوون ئەو یارییانە بۆ كچان گونجاو نییە، بۆیە كچان بەشێوەیەكی زۆر كەم روو لەم یارییانە دەكەن، هەروەها رێگری خێزانەكانیش زۆرجار هۆكارە بۆ نەهاتنە پێشەوەی كچان بۆ ئەو جۆرە یارییانە بەتایبەت و وەرزش بەگشتی.
*باشترین ئەنجامەكان؟
-بەدەستهێنانی میدالیایی برۆنز لەپاڵەوانێتی وڵاتە ئیسلامییەكان لەئێران، هەروەها میدالیایی زیوو برۆنزی پاڵەوانێتی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا لەئوردن، هەروەها لەزۆربەی پاڵەوانێتییە ناوخۆییەكانیشدا پلەكانی یەكەم و دووەم.
*خانەوادەكەت تاچەند هاوكاریت دەكەن بۆ وەرزش كردن؟
-بێگومان ئەگەر هاوكاری و رێگە پێدانی ئەوان نەبوایە بەدڵنیایی نەمدەتوانی ئەو كەسەی ئێستابم، زۆر سوپاسیان دەكەم كە هەمیشە هاوكارم بون و پشتگیریان كردووم بۆ بەردەوام بوون.
*پەیامت چییە وەك كچە یاریزانێك بۆ ئەو كچانەی كە دوورن لەوەرزش كردن؟
-هەموو كات لەهەموو شوێنێكدا وتومانە باچیتر كچان لەنێو چوار دیواری ماڵەوەدا خولیاكانیان نەشارنەوە، ئیتر جیهان بەرادەیەك پێشكەوتووە كە شاردنەوەی خولیاكان وەك شتێكی ئەستەم وایە و پێویستە كچان روو لەوەرزش بكەن و بە ئەنجامەكانیان بۆ هەمووان و خێزان و كۆمەڵگاش بیسەلمێنن كە وەرزش بۆ كچان شتێكی قەدەغە نییە و بەو جۆرە نییە كە لای هەمووان ئەو بیرۆكەیەیان لا دروست بووە كە كچان نەچنە نێو بواری وەرزش.
*دوا وتەت ئەگەر شتێكت مابێ؟
- سوپاس بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە، پێم خۆشە لێرەوە زۆر سوپاسی راهێنەری بەڕێزم مامۆستا ئەرسەلان مورادی بكەم كە هەوڵ و ماندوو بوونی ئەو هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بەردەوام بوونی من، داواكارم چیتر جیاوازی لەنێوان یاریزانان و یارییەكاندا نەكرێت و هەمووان بە یەك چاو سەیر بكرێن، ئاواتەخوازم لەمەودوا كچان بتوانن ئەو رێچكەیە بشكێنن و چیتر خولیاكانیان قەتیس نەكەن و پیشانی بدەن كە ئەوانیش خاوەن بەهرەو توانایەكن هیچان كەمتر نییە لەكوڕان و دەتوانن جێ دەستی خۆیان دیاریی بكەن.

