سكۆلاری بەرازیل جێناهێڵێت

سكۆلاری بەرازیل جێناهێڵێت
دوای ئەوەی رۆژی شەممە هەڵبژاردەی بەرازیل لە یاری پلەی سێیەم و چوارەم لە جامی جیهانی 2014 بەرانبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندە تووشی دۆران هات و پلەی چوارەمی پاڵەوانێتیەكەی بە دەستهێنا، لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی دوای یارییەكە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل لویس فلیپ سكۆلاری رۆژنامەنووسان و جەماوەری تووشی شۆك كرد، كاتێك بڕیاری دا ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە جێنەهێڵێت و گوتی: سەرەتا دەستخۆشی لە ئاستی یاریزانان دەكەم لەم پاڵەوانێتیەكە هەرچەندە بەرازیل كەم و كورتی زۆر هەبوو، بەڵام توانیمان بگەینە یاری پێش كۆتایی پاڵەوانێتیەكە ئەوەش بۆ ئاست بەرزی یاریزانەكان دەگرێتەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا سكۆلاری گوتی: من لە ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە بەردەوام دەبم، تەنیا سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی بەرازیل بڕیار لەسەر لابردنم لە ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە دەدات، بۆیە ئەم بابەتە لەم گۆنگرە رۆژنامەنووسیە باس ناكەم و هەموو شتێك بۆ سەرۆك جێدەهێڵێم ئەو لە توانای هەیە بڕیاری خۆی بدات.
بە پێی چەند سەرچاوەیەك باس لەوە دەكەن، كە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی بەرازیل لە هەوڵدایە كە گرێبەست لەگەڵ مۆرینهۆ مۆربكات بۆ راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە و هەروەها باس لەوەش دەكەن، كە رەنگە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی بەرازیل دەستبەرداری سكۆلاری نەبێت.
رێبین رەمزی
Top