دلۆڤان مەهدی: داوا دەكەم بە شێوەیەكی سەرەكی لە یانەی زاخۆ یاری بكەم
دیمانە: كارزان كانەبی
* ئاستی ئەمساڵی خولی نایابی كوردستان چۆن بوون بەگشتی؟
- بەڕاستی ئاستی خولی كوردستان ساڵ بە ساڵ بەهێزتر دەبێت، بە بۆچوونی منیش ئەمساڵ خۆشترین خول بوو لە هەموو روویەكەوە زۆریش بەهێز بوو، یانەكانیش ئاستیان بەرز بوو.
* بۆ پێشخستنی خولەكە پێت باشە لەئێستادا چی بكرێت؟
-ئەوەی ڕاستی بێت ئەگەر ژمارەی یانەكان لە 14 یانەوە زیاد بكرێت 20 یانە باشتر دەبێت و خولەكەش زیاتر بەهێز دەبێت چونكە كێبڕكێیەكان زیاتر دەبن، پێشم باشە یاریگای یانەكان چاك بكرێت، چونكە بەهێزیی و باشیی خولیش پەیوەستە بە باشی یاریگاكان چونكە بەشێك لە یاریگاكانی یانەكان زۆر خراپن هی ئەوە نییە یارییان تێدا ئەنجام بدرێت.
* هەستت چۆن بوو كاتێك خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزت پێدرا؟
-هەستێكی یەكجار خۆشم هەبوو چونكە بۆ دووەم جارە ئەم خەڵاتە دەبەمەوە كە باشترین گۆڵپارێز لەسەر ئاستی كوردستان بۆ من دەستكەوتێكی گەورەیە وام لێدەكات زیاتر گرنگی بە ئاست و تواناكانی خۆم بدەم وەكو گۆڵپارێز لەنێو یاریگاو بەردەوامبم لە كێبڕكێ كردن لەگەڵ ئەوانی تر.
* بۆچی یانەی زاخۆ ئەم وەزرە نەیتوانی ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنێت؟
- لە قۆناغی یەكەمدا ئاستی ئێمە زۆر باش بوو، بەڵام بە ڕاگرتنی یاریزانێكمان و دوورخستنەوەی پیشەگەرێك لەلایەن دەستەی كارگێڕیی یانەی زاخۆ، بۆیە لە قۆناغی دووەم ئاستمان وەكو پێوست نەبووە.
*هەست ناكەی لە یانەكانی كوردستان جیاوازی دەكرێت لە نێوان گۆڵچییەكانی عەرەب و كورد؟
- ئەم جیاوازییە بەدی دەكرێت، بەڵام لە هەندێك یانە نەك هەموو یانەكان.
* هەتاكەی چاوەڕوانی ئەوە دەكەیت كە لە یانەی زاخۆ بە یاریزانی سەرەكی یاریت پێبكەن لەخولی عێراقی، لەئێستادا زۆر جار بە یەدەگی دەبینرێی ؟
- ئەوەی ڕاستی بێت ئەوە بەرنامەی خۆم دامناوە بۆ ئەمساڵ كە قسە لەسەر ئەم بابەتە بكەم لە دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان كە ئاستم باشە بۆچی یەدەگ بم لەخولی عێراقی.
* ئەمساڵ هیچ یانەیەك داوای نەكردووی یاریی بۆبكەی؟
- چەند یانەیەك پەیوەندیان پێوە كردم بۆ یاری كردنم لە ریزی یانەكانیان، بەڵام من لە نێوان هەموویان یانەی زاخۆم هەڵبژارد بۆ یاری كردن.
* هۆكاری چی بوو هەڵبژاردەی كوردستان ئەمساڵ نەیتوانی ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنێت؟
- نەبوونی ئامادەكارییەكی باش و نەدانی چەند یاریزانێكی یانەكان بوونە هۆكاری خراپ لەم پاڵەوانیتییە.
* كێشەو گرفتان چییە لە یانەی زاخۆ؟
- لە یانەی زاخۆ هیچ كێشەیەكی ئەوتۆمان نییە شایەنی باس كردن بێت، سوپاس بۆ دەستەی كارگێڕی كە هاوكاری باشی ئێمەن.
*هیواو ئاواتت لەگەڵ یانەی زاخۆ؟
- هیواو ئاواتم ئەوەیە بتوانم ببمە گۆڵچیی سەرەكیی یانەی زاخۆ لە خولی نایابی عێراقی و بەهەوڵ و ماندووبوونی خۆشم ئەم هیوایەم دەهێنمە دی.
* بەرنامەت چییە كە ئێستا تۆ باشترین گۆڵچیی خولی كوردستان بووی؟
- هەوڵدەدەم زیاتر ئاست و توانای خۆم بەرەو پێش ببەم و پارێزگاری لەم نازناوە بكەم، چونكە ئێستا هەموو كوردستان چاویان لە منە.
* ئەگەر یانەیەكی دەرەوەی شاری زاخۆ داوای یاری كردنت لێ بكات ئامادەی یاری بۆ بكەیت؟
- ئەو كات سەیری بارودۆخی یانەكەم دەكەم و بڕیاری خۆم دەدەم، چونكە ئەمساڵ لەبەر باردۆخی ئاسایشی عێراق نەمتوانی گرێبەستی یانەیەكی گەورەی عێراق واژوو بكەم، ئەگەر نا یانەی زۆر گەورە هەبوون گرێبەستیان لەگەڵ بكەم.
* بەچ گۆڵكارێك زۆر سەرسامی لەخولی كوردستان و تۆ هەمیشە حسیابی تایبەتیت بۆكردووە؟
- گۆڵكاری بەتوانا لە خولی كوردستان زۆرن منیش حیساب بۆ هەموو هێرشبەرێك دەكەم لە هەر یانەیەك بێت.
* خۆشترین یاوەردەریی وەرزشیت چییە ؟
- بەدەست هێنانی نازناوی دووجار باشترین گۆڵپارێزی لەسەر ئاستی كوردستان و بەدەست هێنانی دووجامی كوردستان لەگەڵ زاخۆ ئەمانە یادەوەریی خۆشن لای من.

