7 هۆكار بووە هۆی دۆرانی بەرازیل بە حەفت گۆڵ

7 هۆكار بووە هۆی دۆرانی بەرازیل بە حەفت گۆڵ
هەردەم باس لەوە كراوە، كە یاری تۆپی پێی گەورە و بچووكی نییە و شتی چاوەڕوان نەكراوی زۆر لێ تۆمار دەكرێت، بەڵام ئەوەی لە یارییەكەی بەرازیل و ئەڵمانیا روویدا، كە بەهیچ شێوەیەك پێشبینی ناكرێت بەڵكۆ چاوەڕوانەكراو بوو، بەڵام راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل سكۆلاری حەفت هەڵەی كوشندەی ئەنجامدا بووە هۆكاری دۆرانی بە ئەنجامی (7) گۆڵ و ماڵئاوایكردنی هەڵبژاردەكە لە ركابەری بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتیەكە، 7 هەڵەكەی سكۆلاری بەمشێوەیە بوو.
1- سكۆلاری بەشێوازێكی زۆر سەیر یاریكرد ئەویش (2-4-1-3) كاتێك لە هێرشبردن هەردوو یاریزانی باڵی بەرگری مارسێلۆ و مایكۆن هێرشیان دەكرد و تەنیا لویز و دانتی لە بەرگری دەمانەوە ئەمەش هەڵەیەكی گەورەی سكۆلاری بوو، چونكە ئەم شێوازە یاریكردنەوە بەرانبەر هەڵبژاردەی پەیرەو ناكرێت بە بوونەی یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست( كروس، ئۆزێل، مۆلەر، شڤانشتایگر، خەزێرە) چونكە ئەم یاریزانانە بەخێرایەكی سەیر هێرشی پێچەوانەیان ئەنجام دەدا، كە خێرایەكەیان دوو ئەوەندی خێرایی مارسێلۆ و مایكۆن بوو.
2- فیرناندێنۆ كارەساتێكی گەورە بوو بۆ بەرازیلییەكان، چونكە نەیدەزانی ئەركی لە نێو یاریگا چییە، یاریزانی ناوەڕاستی بەرگرییە یاخود ناوەڕاستی هێرشبردنە هەرچەندە لە هەردووكیان سەركەوتوو نەبوو، بۆیە بۆشاییەكی زۆر لە شوێنی ئەم یاریزانە هەبوو چ بەرگری یاخود هێرشبردن
3- پشت بەستن بە دانتی و لویز وەكو یاریزانی دڵی بەرگری بە جێگیری ئەمەش وای لە بەرازیلیەكان كرد، كە سوود لە ئەزموونی ئەم یاریزانە لە رووی هێرشبردن وەرنەگرێت بەتایبەتی لویز.
4- سكۆلاری بۆ پێنجەم یاری لەسەر یەكدی پشت بە یاریزان فرید بەست، ئایا فرید چ واستەیەكی هەیە بەمشێوەیە یاری بكات وەكو یاریزانی سەرەكی، نە دەتوانێت تۆپ رابگرێت نە گۆڵ تۆمار دەكات نە پاس دەدات نە خێرایی هەیە... هتد، كەچی هێرشبەری سەرەكی هەڵبژاردەیەكی زلهێزی جیهانە ئەوەیش بەرازیل، هەڵەكە لە فرید نییە، بەڵكۆ هەڵە لەو كەسەیە كە بانگهێشتی هەڵبژاردەكەی كردووە و وەكو یاریزانی سەرەكی یاری پێ دەكات.
5- جیاوازیكی زۆر هەیە لە نێوان راهێنەرێك كە بتوانێت یاری بخوێنێتەوە وەكو یواكیم لۆف و راهێنەرێك توانی خوێندنەوەی یاری نەبێت وەكو سكۆلاری، زۆر زەحمەتە سكۆلاری سەیری یارییەكانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كردبێت یاخود ئەم هەڵبژاردەیە خوێندبێتەوە, چونكە بچووكترین كەس سەیری یارییەكاین ئەڵمانیا بكات، دەزانێت كلیلی سەركەوتنەكانی ئەم هەڵبژاردەیە هێڵی ناوەڕاستە و هێرشی پێچەوانەوەی خێرایە، كەچی سكۆلاری كارەساتێكی گەورەی ئەنجامدا كاتێك بەشێوەیەكی كراوە بەرانبەر ئەڵمانیا یاری كرد.
6-یاریكردن بە پێكهاتەیەك لە گێمی یەكەم و ئەنجامدانی گۆرانكاری لە شێوازی پلانی یاری لە گێمی دووەم ئەم كارێكی كۆنە هەموو كەس ئەم شێوازە پەیرەو دەكات، بەڵام سكۆلاری كارەساتێكی گەورەی كرد، كاتێك لە گێمی یەكەم بەشێوازێك یاری كرد، كە بووە هۆكاری ئەوەی بە ئەنجامی (5-0) گۆڵ بدۆرێت و لە گێمی دووەم هەوڵی دا پڵانەكەی بگۆرێت، كەچی دوو گۆڵی تری لێ تۆمار كرا.
7- ئەوەی باسی كاریگەری یارینەكردنی نیمار دەكات لەم یارییە هەڵەیە، چونكە ئەگەر هاتوو نیماریش لە نێو یاریگا بوایە و راهێنەر بەمشێوازە یاریبكردبایە ئەوە هەمان ئەنجام روویدەدا، چونكە خوێندنەوەی راهێنەری بەرازیل هەڵە بوو, بۆیە ئامادەنەبوونی نیمار كاریگەریەكی ئەوتۆی لەسەر هەڵبژاردەكە نەبوو.
رێبین رەمزی
Top