پێنج هۆكار دەبێتە هۆی دۆرانی بەرازیل و سێ هۆكارێش دەبێتە هۆی بردنەوەی

پێنج هۆكار دەبێتە هۆی دۆرانی بەرازیل و سێ هۆكارێش دەبێتە هۆی بردنەوەی
وا بڕیارە ئەمشەو كاتژمێر 11ی شەو بە كاتی كوردستان یارییەكانی پێش كۆتایی جامی جیهانی 2014 لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و بەرازیل ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم یارییە چەندین پێشهاتە هاتۆتە پێش بەرازیلیەكان، كە تیاییدا باس لە 5 هۆكار دەكەین، كە دەبێتە هۆی دۆراندنیان و هەروەها باس لە 3 هۆكار دەكەین، دەبێتە هۆی سەركەوتنیان لەم یارییە.
ئەم 5 هۆكارە چییە كە دەبێتە هۆی دۆرانی بەرازیلیەكان
1- لەم یارییە ئەستێرەی ئەستێرەكانی بەرازیل نیمار بەشداری ناكات بەهۆی پێكان، ئەمەش كارەساتێكی گەورەیە بۆ بەرازیلیەكان، چونكە هیوایەكی تەواویان بەم یاریزانە هەبوو، كە بتوانێت جامی جیهانیان بۆ بكاتە دیاری، ئەوەی زیاتر ئەركی بەرازیلیەكانی قورس كردووە یارینەكردنی تیاگۆ سیلڤایە.
2- لە هێڵی هێرشبەر هەڵبژاردەی بەرازیل كێشەیەكی گەورەیان هەیە تا ئێستا فرید و هالك و جۆ نەیانتوانیوە ئاستێكی باش پێشكەش بكەن بۆیە لە زۆربەی یارییەكان كێشەیان بۆ بەرازیلیەكان دروست كردووە.
3- هیچ هەڵبژاردەیەك لە بەرانبەر بەرازیل ترسی نییە ئەم قسەیە هەردوو هەڵبژاردەی مەكسیك و كۆڵۆمبیا سەلماندیان، كە لە یارییەكەیان بەرانبەر بەرازیل بە توندی هێرشیان دەكرد و كۆنترۆڵی هێڵی ناوەڕاستیان دەكرد ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە بۆ بەرازیلیەكان، چونكە ئەڵمانیا خاوەنی بەهێزترین هێڵی ناوەڕاستی پاڵەوانێتیەكەیە.
4- بەرازیلیەكان لەسەرەتای دەستپێكردنی جامی جیهانی ترسی دۆراندیان هەیە ئەمەش لە یارییەكان زۆر بەئاشكرا بەدی دەكرا، بەهۆی پاڵپەستۆی جەماوەر لەسەر یاریزان، بەڵام لە یارییەكەی ئەڵمانیا پاڵپەستۆیەكی گەورەتر دێتە سەر یاریزانان بەهۆی یارینەكردنی نیمار.
5- هەرچەندە كۆڵۆمبیا زۆر بەزەحمەت بەرانبەر بەرازیل تووشی دۆران هات، بەڵام ئەڵمانیەكان لە كۆڵۆمبیا باشترن لە هەموو روویەكەوە بۆیە ئەركی بەرازیلیەكان قورسە لەم یارییە، بەتایبەتی ئەڵمانیا هەوڵی تۆڵەسندنەوە دەكات لە بەرازیلیەكان چونكە لە یاری كۆتایی جامی جیهانی 2002 تووشی دۆران هات.
3 هۆكار دەبێتە هۆی سەركەوتنی بەرازیل
1-هەڵبژاردەی بەرازیل لەم پاڵەوانێتیە توانی 4 سەركەوتن و یەك یەكسانبوون تۆمار بكات و بگاتە یاری پێش كۆتایی ئەمەش خاڵێكی باشە بۆ بەرزبوونەوەی باری دەروونی یاریزانان و هەروەها لە یاری كۆڵۆمبیا بەرازیلیەكان توانیان بە باشترین شێوە لێدانە جێگیریەكان جێبەجێبكەن و دوو گۆڵ تۆمار بكەن ئەمەش خاڵێكی بەهێزی بەرازیلیەكانە.
2- هەرچەندە ئەڵمانیا كەسایەتی پاڵەوانی هەیە، بەڵام ئەوەی بەرازیلیەكانی دڵخۆش كردووە، ئەڵمانیا لە دوو یاری رابردووی لە قۆناغی 8 و پێش كۆتایی ئاستی وەكو پێویست نەبوو، لە بەرانبەر جەزائیر لە كاتی زیاد كراو سەركەوتنی تۆمار كرد و لە یاری پێش كۆتایی بە تاكە گۆڵێك لە فەرەنسای بردووەز
3- لە هەموو شتێك گرنكتر بەرازیلیەكان لە نێو یاریگا و جەماوەری خۆیان یاری دەكەنن هەرچەند باسی پاڵپەستۆ لەسەر یاریزانانی بەرازیل بكەین ناگاتە ئەم خاڵە بەهێزی كە لە نێو یاریگەی خۆیان یاری دەكەنن هەرچەندە تۆپی پێی جێگەی متمانە نییە، بەڵام هاندەرانی بەرازیل تا كۆتایی یارییەكە لە هاندان ناوەستن.
رێبین رەمزی
Top