فیفا لێژنەی لێكۆڵینەوەی دانا

فیفا لێژنەی لێكۆڵینەوەی دانا
دوای ئەوەی رۆژی هەینی لە چوارچێوەی یارییەكانی قۆناغی 8ی جامی جیهانی هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و كۆڵۆمبیا رووبەرووی یەكتر بوونەوە و بەرازیلیەكان توانیان یارییەكە لەبەرژەوەندی خۆیان تەواو بكەن بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ، لەم یارییەدا ئەستێرەی بەرازیل و بەرشلۆنە نیمار تووشی پێكانێكی سەخت هات لە بربرەی پشتی، كە بووە هۆكاری دوورخستنەوەی تا كۆتایی جامی جیهانی.
هۆكاری پێكانەكەش زۆنگا یاریزانی كۆڵۆمبیا بوو، هەرچەندە ناوبژیوانی یارییەكە هیچ فاوڵێكی نەگرت یاخود یاریزانە كۆڵۆمبیەكەی سزا نەدا، بەڵام یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بڕیاری دا لێژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم رووداوە دروست بكات و سەیری ڤیدیۆی یارییەكە بكات بۆ زانینی ئایا زۆنگا بە ئەنقەست بەمشێوەیە نیماری تووشی پێكان كرد یان تەنیا ركابەری بوو لەسەر تۆپ و هیچ ئەنقەستی تێدا نەبوو.
فیفا لە بەیانامەیەكیدا تەئكیدی لەوە كردوو، كە ئەوان پشت بە ڤیدیۆ و راپۆرتی ناوبژیوان دەبەستن بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی خۆیان بدەن.
جێگەی باسە هەفتەی رابردوو هەمان لێژنە بڕیارییەكی قورسی بەسەر ئەستێرەی ئۆرگوای سوارێز سەپاند بە یارینەكردنی 9 یاری نێودەوڵەوتی و چوار مانگ لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە دوای ئەوەی سەیری ڤیدیۆی یارییەكەی ئیتاڵیا و ئۆرگوای-یان كرد.
رێبین رەمزی
Top