یانەیەكی كۆسۆڤۆ گرێبەستێكی پێشكەش بە سوارێز كرد

یانەیەكی كۆسۆڤۆ گرێبەستێكی پێشكەش بە سوارێز كرد
دوای ئەوەی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بەفەرمی بڕیاری دا یاریزان سوارێز بۆ ماوەی چوار مانگ و 9 یاری نێودەوڵەتی رابگرێت بەهۆی ئەم كارە ناشیاوی، كە لە یارییەكەی ئۆرگوای و ئیتاڵیا ئەنجامی دا، بۆیە لەم بڕیارە یاریزان سوارێز و یانەی لیڤەرپوول زەرمەند دەبن، چونكە لەگەڵ ئەگەری جێبەجێكردنی بڕیارەكە، ئەوە ماوەی دوو مانگ سواریز لە خولی ئینگلیزی دادەبڕێت و هەروەها لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش بەهەمان شێوە و لە هەمان كاتدا سوارێز لە كەش و هەوای یارییەكان دوور دەكەوێتەوە و ماوەیەكی زۆری پێویست دەبێت بۆ گەرانەوە بۆ كەش و هەوای یارییەكان، بەڵام یانەیەك بڕیاری دا سوارێز لەم كێشەیە رزگار بكات و بیرۆكەیەكی زێرەكانی ئامادە كردووە بۆ رزگاركردنی ئەم ئەستێرەیە.
خافێت باكوللی بەرپرسێكی یانەی هایفالیا بریشتینا-ی هەرێمی كۆسۆڤۆ لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی (بۆتا سۆت) كۆسۆڤی دا و گوتی: سوارێز ناتوانێت بۆ ماوەی چوار مانگ یاری بكات، بە بڕیاری فیفا، بەڵام بەهۆی ئەوەی كۆسۆڤۆ دانیپێنەدراوە لە لایەن فیفا ئەم یاریزانە دەتوانێت لەگەڵ یانەكەی ئێمە یاری بكات بۆ ئەم مەبستەش گرێبەستێكم بۆ یانەی لیڤەرپوول ئامادە كردووە.
بە پێی رۆژنامەكە یانەی هیافالیا بریشتینا بڕی (30) هەزار یۆرۆ، كە دەكاتە (41) هەزار دۆلار وەكو گرێبەست پێشكەش بە یانەی لیڤەرپوول دەكات بۆ ئەوەی سوارێز لەم چوار مانگ لەم یانەیە یاری بكات لەگەڵ مووچەی مانگانەی (1500) یۆرۆ بۆ یاریزان سوارێز.
جێگەی باسە كۆسۆڤۆ ئەندام نییە لە یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی یاخود یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپی، بۆیە ئەگەر هاتوو ئەم بڕیارە راست دەربچێت ئەوە یاریزان سوارێز دەتوانێت لە یەكێك لە یانەكانی خولی كوردستان یاری بكات بۆ ماوەی چوار مانگ، چونكە هەمان شێوەی كۆسۆڤۆ لەسەر كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
رێبین رەمزی
Top