یاریزان دەریا دارا : داواكاریم ئەوەیە خولی زیاتر بۆ فوتساڵی كچان بكرێتەوە

یاریزان دەریا دارا :  داواكاریم ئەوەیە خولی زیاتر بۆ فوتساڵی كچان بكرێتەوە
كچە یاریزانی تیپی فوتساڵی یانەی ئەفرۆدێتی شاری سلێمانی دەریا دارا كاپتنی یانەكەیە و وەرزی ڕابردوو لە خولی فوتساڵی یانەكانی كوردستان لە ئاستی كچان توانی ئاستێكی یەكجار بەرز پێشكەش بكات و هەر بۆیە یانەكەش توانی پلەی سێیەم لەسەر ئاستی كوردستان بەدەست بهێنێت، دەریا لە دایكبووی ساڵی 1993ی شاری سلێمانییە و سەرەتای ژیانی وەرزشی لە قوتابخانەكان دەست پێكردووە و داواتریش لە قوتابخانەی باسكەی گزنگە و دواتریش بۆ یانەی نەورۆز ئێستا یاریزانی فوتساڵی یانەی ئەفرۆدێتە ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد.
دیمانە : كارزان كانەبی

*چۆن بوو بڕیاری ئەوەتدا تێكەڵ بە وەرزش بیت؟
- وەكو هەموو یاریزانێك سەرەتا لە ناو كۆڵان و شەقامەكان دەستم پێكرد دواتریش بۆ ناو قوتابخانەكان بەشداری چالاكییەكانم كردووە، چەندین ئەنجامی باشم بەدەست هێناوە، لە ساڵی 2008 لە رێگای مامۆستا رزگار و دیبی راهێنەری ئەمریكی بانگهێشت كرام بۆ قوتابخانەی باسكەی گزنگە و لەوێشەوە بۆ یانەی نەورۆز لە یاریی باسكە، دوای دووساڵ وەرزشكردنم لە یاری باسكە ئارەزووی زۆرم بۆ یارییەكانی تۆپی پێ هەبوو لە ساڵی 2011 لەگەڵ هەڵبژاردەی سلێمانی یاریم كردووە، دوای ئەوەش لەلایەن یانەی ئەفرۆدێت داوا كرام پەیوەندیم بە یانەكەوە كرد.
* بەچ شێوەیەك لەگەڵ یانەی ئەفرۆدێت پێكهاتوون؟
- پەیوەندی كردنم بە یانەی ئەفرۆدێت تەنیا بە شێوەی مووچەیەكی مانگانە 200هەزار دینار بوو و هیچ گرێبەستێكم نەبووە لە یانەكە.
* هەست ناكەی لە كوردستان وەكو پێویست گرنگی بە یارییەكانی فوتساڵ نادرێت؟
- لە چاو ساڵانی پێشوو باشە، بەڵام وەكو پێویست نییە چونكە لە ساڵێكدا خولێك دەكەنەوە بۆ فوتساڵی كچان ئەمیش زۆر زۆر كەمە، بەڕاستی من پێم باشە گرنگیی زیاتری پێبدرێت و خولەكان ساڵانە زیاد بكرێن تا كچانیش وەكو كوڕان بێبەش نەبن، چونكە كچان هیچیان كەمتر نییە و شان بەشانی كوڕان دەتوانن بەردەوامبن.
* بۆچی نیازی بەجیهێشتنی یانەی ئەفرۆدێتت هەیە؟
- یانەی ئەفرۆدێت بۆمن زۆر گرنگ بوو بە تایبەتی كاتێك ڕاهێنەری بەتوانا مامۆستا سەلام عومەر لەگەڵمان بوو، ئەو هۆكار بوو بۆ بەرزبوونەوەی ئاستم و ببمە یەكێك لە یاریزانە سەرەكییەكانی تیپەكەمان و متمانەی بەتواناكانم هەبوو، ئەوەش وای كرد ئاستم بەرز بێتەوە ببمە جێگای سەرنجی یانەكانی دیكە، دوای داوا كردنی مافی خۆم و ئەوانیش ئەم مافەی منیان نەدا، بۆیە منیش بڕیارم دا ئەو یانەیە جێبهێڵم.
*ئافرەتانی هەولێر داوای گرێبەستیان لێ كردوویت؟
- بەڵێ گرێبەست و مووچەیەكی باشیان پێداوم، بۆیە بڕیارم داوە بچمە ئەم یانەیە و سوپاس بۆ ست كافیە سەرۆكی یانەی ئافرەتانی هەولێرو راهێنەری یانەكە مامۆستا مەزن و چرسیك خان، ئەم یانەیەش تاكە یانەیە كە گرێبەستی لەگەڵ یاریزانان كردووە، چونكە زۆر گرنگی بە ئاستی كچان و بواری وەرزشی دەدەن.
* هیچ گرێبەستێكت بۆهاتووە لە لایەن یانەكانی تر؟
- وەكو گرێبەست نەخێر بۆم نەهاتووە، بەڵام چەندین یانە چاویان لەسەرم بووە و داوایان كردووم، بەڵام وەكو هەڵبژاردن من یانەی ئافرەتانی هەولێرم هەڵبژاردوە بەنیازم گرێبەستیان لەگەڵ واژوو بكەم.
* پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی یاریی فوتساڵی كچان بەرز بكرێتەوە؟
- پێم باشە زیاتر خول بكرێتەوە بۆ یاریزانانی كچان و ساڵانە خولی باش بكرێتەوە بۆ ڕاهێنەران و بۆ بەرەو پێشچوونی ئاستیان لە یاریی فوتساڵدا زیاتر خزمەتی كچان بكرێت.
* لە كوردستان چ یانەیەك بە ڕكابەری یانەكەتان دەزانی؟
- ئەوەی ڕاستی بێت ئاستی سەرجەم یانەكان زۆر بەرزەو دەتوانن ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین و ساڵانەش ڕكابەریی باش هەیە لە نێوان یانەكان.
*كێشەو گرفتان وەكو یاریزانان چییە ؟
- كێشەی سەرەكیی زۆربەی یانەكان نەبوونی یاریگای پێویستە بۆ یارییەكانی فوتساڵ بە تایبەتی هۆڵی داخراو بە دروست كردنی چەند یاریگایەك كێشەكان چارەسەر دەبێت.
* هیوا و ئاواتت لەم یارییەدا چییە ؟
- هیوام وایە رۆژێك لە رۆژان بەشداریی پاڵەوانێتییەك بكەم لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان و بە ئاڵای پیرۆزی كوردستانەوە.
* بەچ یاریزانێكی جیهانی زۆر سەرسامیت؟
- بە یاریزانی بەتوانای ئەرجەنتینی میسی و مارادۆنا و رۆنالدینهۆی بەرازیلی زۆرجار شێوازی یاری كردنیان لە نێو یاریگا بەكار دەهێنم.
* خوێندن كێشەت بۆدروست ناكات؟
- نەخێر چونكە خۆشم پیشەم وەرزشە و قوتابی پەیمانگای وەرزشی شاری سلێمانیم زۆریش سوودی هەبووە بۆ من و هیچ كات كێشەی بۆ دروست نەكردووم.
*داواكاریت لەلایەنی بەرپرس چییە ؟
-داواكارم خولی ڕاهێنانی و ڕاهێنەری بۆ كچان بكرێتەوە لە بوارەكانی وەرزش كچان بێبەش نەبن و گرنگی زیاتر بە خولەكان بدرێت، چونكەلە یەك ساڵ یەك خول زۆر كەمە بۆ یاریزانان.
* بە بۆچوونی تۆ كێ باشترین تیپی كوردستانە لە یاری فوتساڵ؟
- زێرەڤانی و ئافرەتانی هەولێرو ئەفرۆدێت سێ باشترین تیپن لە كوردستان و عێراق.
*جگە لەم یارییە چ وەرزشی دیكە ئەنجام دەدەی؟
- لە ئێستادا تەنیا یاریی فوتساڵ ئەنجام دەدەم، بەڵام یارییەكانی باسكە و تۆپی دەست و بالەو تێنسی سەرمێزم ئەنجام داوە.
*خانەوادەكاتان چەند هاوكاریت دەكەن؟
- بەردەوام سوپاسی خێزانەكەم دەكەم هەمیشە پاڵپشتم بووینە لە وەرزش كردن بەردەوام هانیان داوم بۆ زیاتر گرنگیدان بە ئاستی وەرزشیی خۆم، هەموو كات خۆم بەقەرزاری ئەوان دەزانم سوپاس بۆ ئەوانەی منیان خستە بواری وەرزشییەوە.



Top