هۆكاری ماڵئاوایكردنی ئیتاڵیا لە جامی جیهانی 2014 چییە؟؟
1- پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە جامی جیهانی چەندین یاریزان بانگهێشتكرابوون، كە یاریزانی تر زۆر شایستە تر هەبوون، بۆ نموونە راهێنەری یاریزان كاسانۆی بانگهێشتكرد لەسەر حیسابی جۆسیبی رووسی یاخود دیسترۆ، هەروەها ئەكویلانی لەسەر حیسابی فلۆرینز بانگهێشتكرابوو و هەروەها یاریزان دی تشیلیۆ لەسەر حیسابی رۆمیلۆ بانگهێشتكرا، هەر لەسەرەتاوە براندیلی تووشی رەخنەیەكی زۆر هات لەسەر ئەم پێكهاتەیە، چونكە هەردوو یاریزان ئەباتی و دی تشیلۆ زۆربەی كاتەكانی وەرز لە نەخۆشخانە بوون بەهۆی چارەسەركردنی پێكان، هەروەها كاسانۆ و ئەكویلانی بە ئاستێكی زۆر خراپیان پێشكەش كرد.
2- براندیلی لەسەرەتای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە یەك شێواز یارینەكردن بەڵكو لە هەر یارییەك بەشێوازێك و پلانێك یاری دەكرد، چ لە یارییەكانی پاڵاوتن یاخود لە یارییە دۆستانەكان، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا توانی بە دوو شێواز زۆر سەركەوتوو بێت، كاتێك لە یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی (2014) بە شێوازی (3-5-2) یاری كرد و زۆر سەركەوتوو بوو و هەروەها لە یارییە دۆستانەكان بەشێوازی (4-3-3) یاری دەكرد ئەویش تا رادەیەك سەركەوتوو بوو، بەڵام لە جامی جیهانی براندێلی بڕیاری دا بە شێوازی (4-5-1) یاری بكات لە دوو یاری سەركەوتوو نەبوو، بۆیە لە یاری سێیەم بڕیاری دا بگەرێتەوە سەر شێوازی (3-5-2) كەچی نەبوونی یاریزانی یاڵەكان نەیتوانی بەمشێوازە سەركەوتوو بێت و هەروەها لە زۆربەی یارییەكانی هەڵبژاردەی ئێتاڵیا هیچ لێكگەیشتن لە نێوان یاریزانان نەبوو بەهۆی یارینەكردن بە یەك شێواز.
3- بالۆتێلی بە كوری رازیكراوی براندێلی دەژمێردرێت، كە راهێنەر متمانەیەكی تەواوی بەم یاریزانە هەبوو، هەرچەندە بالۆتیڵی بەمزاجی یاری دەكات، وەكو لە خاڵی دووەم باسمان كرد براندێلی سەركەوتوو دەبوو، ئەگەر هاتوو بە پلانی (4-3-3) یاری بكردبایەن بەڵام ئەم پلانە لە شێوازی بالۆتێلی نەدەگونجا، چونكە دەبوایە بالۆتێلی لە دوای هێرشبەران یاری بكات و پشت بە یاریزان ئیمۆبێلی ببەستێت و پیچویستی بە یاریزانی باڵەكان وەكو تشیرشی و ئەنسینی هەبوو، بۆیە براندیلی لەبەر بالۆتێلی پلانەكەی گۆری، كەچی ئاستی بالۆتێلی جیچگەی سەرنج بوو، هەرچەندە پێكهاتەی ئیتاڵیا چەندین یاریزانی هەبوون دەیتوانی بە شێوازی (4-3-3) یاری بكات، بەڵام بەرژەوەندی بالۆتێلی لە بەرژەوەندی پێ باشتر بوو.
4- راهێنەر لە پێش مۆندیال و لە كاتی بەرێوەچوونی یارییەكانی مۆندیال تووشی كێشەی پێكانی زۆری یاریزانان هەبوو، لەسەرەتای مۆندیال براندێلی بڕیاری دا هەریەكە لە یاریزانان (ستیفان شەعراوی، جۆسیبی رووسی، رۆمیلۆ) دوورخستەوە بە بیانۆی پێكان، كەچی هەردوو یاریزان ئەباتی و دی تشیلیۆ پێكانیان هەبوو بانگهێشتی هەڵبژاردەكە كران.
لە كاتی بەرێوەچوونی یارییەكانی جامی جیهانی هەردوو یاریزان بۆفۆن و دی تشیلۆ دووبارە تووشی پێكان هات و هەروەها یاریزان دی رووسی لە یاری كۆستاریكا تووشی پێكان هات و لە یاری ئۆرگوای یاریزان ڤیراتی تووشی پێكان هات.
5- لە كاتی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی و یارییە دۆستانەكان هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هەردەم هەڵەی زۆری ئەنجام دەدا، كەچی براندێلی هیچ چارەسەرێكی بۆ هەڵەكان نەدەكرد، بەتایبەتی لە یارییە دۆستانەكان هەڵبژاردەی ئیتاڵیا كێشەی سەرەكی تۆپە بەرز كردنەوە بوو لە باڵەكان، كە زۆربەی یارییەكان گۆڵی بەمشێوەیە لێ تۆمار دەكرا، كەچی براندێلی چارەسەری نەكرد، ئەنجامەكەی 3 گۆڵی لە جامی جیهانی لێ تۆماركرا، هەر سێ گۆڵ لە تۆپ بەرزكردنەوە بوو لە باڵەكان.
ئەم هۆكارانە بووە هۆی ماڵئاوایكردنی ئیتاڵیا لە جامی جیهانی، كە راهێنەر براندیلی لێ بەرپرسیارە، وا پێشكەش كردنی دەستلەكاركێشانەوەی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا باشترین بەڵگەیە، كە ئەو هۆكاری ئەم ئاست نەزمی ئیتاڵیا بوو.
رێبین رەمزی
