لە پرێس كۆنفراسێكداژیلوان حەمەد: دڵم خۆشە كە لە خولی بۆندس لیگ یاری دەكەم

لە پرێس كۆنفراسێكداژیلوان حەمەد:  دڵم خۆشە كە لە خولی بۆندس لیگ یاری دەكەم
لە شاری هەولێر لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری پرێس كۆنفراسێك بۆ یاریزانی پیشەگەری كوردی وڵاتی سوێد ژیلوان حەمەد یاریزانی یانەی هۆفینهایمی ئەڵمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن بەرێوەچوو، لەسەرەتای پرێس كۆنفراسەكەش ژیلوان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی «دەمەوێ لێرەوە سوپاسی هەموو ئەوانە بكەم كە هاوكاری منیان كردوە بۆیە ئەم پرێس كۆنفراسەشم كرد بە هۆی ماوەی كەمی كاتەكەم كە لە كوردستانم بۆ ماوەی 12 رۆژ لێرە دەبم و ماوەی یەك هەفتەیە لە شاری رانیە بوویمە بۆ سەردانی كردنی خزم و كەسان ژمارەیەكی زۆریش لە دەزگا راگەیاندنەكان تیلیان بۆكردومە، بۆیە گوتم با هەموومان كۆبووینەوە، ساڵی 2013 ساڵێكی باش بوو بۆمن بەهۆی ئەوەی وەكو بچووكترین كاپتنی تیپەكە لە یانەی مالمۆ توانیمان جامی ئەو وڵاتە بەرز بكەینەوە و لەگەڵ جامی كۆبیشمان بردەوە لە خولی سوێدی، بە دڵخۆشی یانەی مالمۆم جێهیشت و گرێبەستم لەگەڵ یانەی هۆفنهایمی ئەڵمانی مۆركرد، ماوەی پێنج مانگە لەم یانەیە یاری دەكەم و هەست بەدڵ خۆشیەكی زۆر دەكەم كە لەریزی ئەم یانەیە یاری دەكەم، چونكە یانەیەكی گەورەیە و ناوێكی گەورەی هەیە، هەر چەندە بۆ هەموو یاریزانێك قورسە كاتێك دەچێتە یانەیەك دەبێ زمان و كەلتوری ئەم وڵاتە فێر ببێت، دوایش جیاوازێكی زۆری هەیە لە نێوان خولی ئەڵمانی و سوێدی، لە حەفت یاری ڕابردوو یاریزانی یەدگ بوویمە و لە حەفت یارییش یاریم كردوە بۆمن باشە وەكو سەرەتایەك، ئێستاش پشووی یانەكەمانە كە من هاتوومەتەوە لێرە پشوویەك بدەم و دەچمەوە وڵاتی سوێد بۆ درێژەدان بە مەشقەكانم دواتریش دەچمەوە وڵاتی ئەڵمانیا و درێژە بە تواناكانی خۆم بدەم بۆ ئەوەی بتوانم بە ئاست بەرزیەوە ئەمساڵ لە خولی بۆندس لیگ یاری بكەم و سەری خۆم و هەموولایەك بەرز بكەمەوە، دواتریش دەرگا بە رووی رۆژنامەنووسان دیاری كرا بۆ ئەوەی پرسیارەكانیان ئاڕاستەی ژیلوان حەمەدی یاریزانی پیشەگەری كوردی وڵاتی سوێد بكەن و چەندین پرسیاری جۆراوجۆریان لەسەر ژیانی ئاراستە كرا، لە بارەی هەماهەنگی دروست كردن بۆ وەرزشی كوردستان هەروەكو بەڵێنی دابوو ناوبراو گوتی» من بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدام هەمانگی دروست بكەم بۆ وەرزشی كوردستان كە هەڵبژاردەی كوردستانیش هاتە وڵاتی سوێد بۆ جامی كۆنیفا من بە ئەوانم گوتوە كە هاوكاریتان دەكەم هەركاتێك ئەوان پێویستیان بە من بێت من لە خزمەتی وەرزشی كوردستان دەبم، بەڵام تاكو ئێستا یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان بەفەرمی داوای لەمن نەكردوە بۆ ئەوەی هەماهەنگیان بۆدروست بكەم لەگەڵ وەرزشی سوێد و دەرەوەی سوێد، سەبارەت بە دروست كردنی فێرگەیەكی منداڵان لە یەكێك لە كەپمەكانی كوردانی رۆژئاوا وەكو یاریزانێكی پیشەگەری وڵاتانی جیهانی ناوبراو گوتی «من حەزم لێیە ئەم كارە بكەم، بەڵام تاكو ئێستا ئەم درەفەتەم بۆ نەڕەخساوە و هەر كەسێكیش حەزی لێیە ئەم كارە بكات من ئامادەم هاوكاری بكەم بۆفێرگەی دروست كردنی یاریزانان و لە شاری رانیەش فێرگەیەك هەیە بەردەوام هاوكاریمان كردوە، لە داهاتووش بەردەوام دەبم لە هاوكاری كردنی لەبارەی بڕی گرێبەستەكەشی لەگەڵ یانەی هۆفینهایم ناوبراو گوتی» بڕی گرێبەستەكەم 3ملیۆن یۆرۆیە، هەر چەندە چەندین یانە داوایان لێ كردووم بۆ ئەوەی یارییان بۆبكەم لەسەر ئاستی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و لە روسیاش بەڵام من خولی ئەڵمانیام پێباشتربوو ئێستاش هەموو بیرم لە وڵاتی ئەڵمانیا هەر چەندە لە یانە ئەڵمانیەكە جارێك یەدەگم بەڵام دەمەوێ بە ئاست بەرزی خۆم بتوانم ببمە یاریزانی سەرەكی ئەویش كاتی دەوێ ماوەی گرێبەستەكەشم بۆماوەی سێ ساڵ و نیوە، لە بارەی هەڵبژاردەی سوێدیش كە ئێستا لەم هەڵبژاردە ناوی نابینرێ گوتی» بەهۆی ئەوەی كە ماوەی پێنج مانگە چوومەتە خولی بۆندس لیگ لەویش یاریم كەم كردوە بۆیە ناوم تێ نەكراوە، بەڵام هەوڵ دەدەم بگەڕێمەوە هەڵبژاردەی سوێدیش هەر چەندە لەلایەن هەریەك لە هەڵبژاردەكانی سوێد و كازاخستان و عێراق داوای یاریم لێ كراوە بەڵام تاكو ئێستا بڕیاری كۆتاییم لەسەر چارەنووسی خۆم نەداوە و هەوڵیش دەدەم لە یەكێك لە باشترین هەڵبژاردەكان یاری بكەم.





Top