یانەی میلان فیلپۆ ئینزاگی بەفەرمی وەك راهێنەری یانەكە دەست نیشانكرد

یانەی میلان فیلپۆ ئینزاگی بەفەرمی وەك راهێنەری یانەكە دەست نیشانكرد
یانەی ئەی سی میلانی ئیتالی بەفەرمی فیلپۆ ئینزاگی بەڕێوەبەری هونەریی تیپی لاوانی بە راهێنەری تیپی یەكەمی یانەكەی دەست نیشانكرد لە شوێنی كلارنس سیدۆرفی هۆڵەندی دوای ئەوەی ناوبراو ماوەی تەنیا شەش مانگە ئەركی راهێنەرایەتی میلانی لەشوێنی ماسیملیانۆ ئەلیگری وەرگرت.ئەمەو یانەی میلان بەیاننامەیەكی فەرمی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە: سوپاس و ستایشی سیدۆرف دەكەین لەم ماوە كورتەی راهێنەری یانەكەبوو، لەئێستاشدا ئینزاگی وەك راهێنەری تیپی یەكەم ئەركی راهێنانی تیپەكە دەگرێتە ئەستۆ بەپێی گرێبەستێك تا ساڵی 2016. ئەمەو رۆژنامەی لاگازیتا دیللۆسپۆرت ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە مووچەی مانگانەی ئینزاگی 700 هەزار یۆرۆ دەبێت بۆ ماوەی ساڵێك. پێویستە بوترێت سیدۆرف لە كانونی دووەمی رابردوو ئەركی راهێنەرایەتی یانەی میلانی وەرگرت لەشوێنی ئەلیگری كە تەنها توانی پێنج سەركەوتن بۆ ئەو یانەیە بەدەست بهێنێت لەقۆناغی دووەم. هەرچەندە بەهاتنی سیدۆرف ئاستی یانەكە بەرەو باشی رۆیشت، بەڵام پەیوەندی نێوان سیدۆرف و كارگێڕی یانەكە گرژی تێكەوت بەهۆی دەستتێوەردان لەكاروباری هونەری، بۆیە رۆیشتی لەو تیپە كارێكی پێشبینی كراو بوو كەهێشتا 2 ساڵی مابوو بەپێی گرێبەستەكەی كە تا 2016 بوو. جێگەی باسە یانەی میلان دووچاری شكستێكی گەورە بوو لەوەرزی ئەمساڵ كە لە پلەی هەشتەم مایەوە و سەرنەكەوت بۆ پاڵاوتنی پاڵەوانیەتی ئەوروپا كە ئەمەش یەكەمجارە روودەدات لە دوای ساڵی 1998.
Top