پەیام ئەحمەد: بەهیچ شێوەیەك خـوێندن رێگە لە وەرزشكردنم ناگرێت

پەیام ئەحمەد:  بەهیچ شێوەیەك خـوێندن رێگە لە وەرزشكردنم ناگرێت
پەیام یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یاریی تۆپی باسكەیە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، ماوەی چەند ساڵێكە لە ریزی تیپی باسكەی یانەی سیروانی نوێ خەریكی وەرزش كردنە و لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین ئەنجامی شایستەی بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، پەیام لە پاڵەوانێتیی یانەكانی عەرەبی لە وڵاتی ئیمارات توانی ئاستێكی بەرز لەگەڵ یانەكەی پێشكەش بكات و ببێتە مایەی سەرنجی تیپەكانی ئەو وڵاتە، ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1998ی شاری سلێمانییە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.
دیمانە : كارزان كانەبی
*چۆن بوو، هاتیە نێو دنیای یاریی باسكە؟
- حەز و ئارەزووم بۆ یاریی باسكە، هۆكاری سەرەكیم بوو بۆ هاتنە نێو یاریی باسكە كە تاكو ئێستاش لەگەڵ ئەم یارییە بەردەوامم.
* ئاستی یاریی باسكە لە كوردستان چۆن دەبینی ؟
- بە بۆچوونی من یاریی باسكە لە چاو جاران پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆییەوە بینیوە لە كوردستان، بەڵام هێشتا ماومانە بگەینە لوتكەی ئاستەكە. بەڵام بە گرنگی دانی زیاتری وەرزش دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ پێشكەوتنی وەرزش بەگشتی لە كوردستان.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە سلێمانی لە چ ئاستێكە؟
- لە شارەكەی خۆشمان لە ئێستادا گەنج و لاوان لە جاران زیاتر روو لە یاریی باسكە دەكەن و یانەكەی ئێمەش پشتگیری باشی ئەم یارییەیە.
*پێت باشە چی بكرێت،بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- كردنەوەی پاڵەوانێتیی زیاتر بۆ ئێمەی یاریزانان وهاندانی زیاتری كچان بۆ چوونە نێو وەرزش و بەرپرسان زیاتر یارمەتی یاریزانان بدەن بۆ بەردەوام بوونیان لە وەرزش كردن كردنەوەی كەمپی مەشقی و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە لە دەرەوە وبەشداری كردن لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئاستی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ زیاتر بەرەو پێش بردنی ئەم یارییە لە كوردستان.
*باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چین؟
- چەندین ئەنجامی باشم بەدەست هێناوە لەگەڵ یانەی سیروانی نوێ و دەست ینشان كردنم بۆ هەڵبژاردەی قوتابخانەكانی عێراق و بەشداری كردنم لە پاڵەوانێتییەك لە وڵاتی كوێت لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق.
*لەئێستادا بەرنامەت وەكو یاریزانێك چییە ؟
- مەشق كردنی بەردەوامم وەكو یاریزان بۆ خۆئامادەكردن بۆ پاڵەوانێتییەكان و پێشكەش كردنی ئاستێكی بەرزتر لە جاران.
*كێشەو گرفتان وەكو یاریزان لەم یارییەدا چییە ؟
- كێشەی سەرەكیی ئێمە نەبوونی یاریگایەكی پێویستە بە خۆمان بۆ ئەوەی مەشقەكانمان بە رێكی تێدا ئەنجام بدەین، ئەگەر ئەم یاریگا تایبەتەمان بۆ دروست بكرێت بەشێكی زۆر لە كێشەكانمان چارەسەر دەبێت.
* لە خێزانەكەت هیچ كەسێكیان وەرزشوانە ؟
- بەڵێ ئێمە خانەوادەیەكی وەرزشوانین و خوشكێكم وەرزش دەكات و لە ماڵەوەش زۆر هاوكاریمان دەكەن بۆ وەرزش كردن.
*خانەوادەكەت لە وەرزش كردنت رێگرێت لێ ناكەن؟
- بە پێچەوانەوە بە هەموو شێوەیەك خانەوادەكەمان پاڵپشت و پاڵنەرمانن بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە وەرزش كردن، ئەوان هۆكاری سەرەكین بۆ بەردەوام بوونی ئێمە وەكو یاریزان لە یارییەكان.
* كەواتە هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك ؟
- زیاتر بەرەو پێشبردنی وەرزشە لە كوردستان بتوانین لە رێگای وەرزشەوە كوردستان بە جیهان بناسێنین، ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین بۆ وەرزشی كوردستان.
*وەرزش كردن رێگری لە خوێندنت ناكات ؟
- بەڵێ تا ڕادەیەك كاتم لێ دەگرێ، بەڵام ئەگەر تۆ بەنیازی ئەوە بێت لە هەردووكیان سەركەوتوو بێت دەبێ بەرنامەیەكی تایبەتی بۆدابڕێژی و بۆ ئەوەی خۆت بتوانێ سەركەوتوو بیت لە هەردوو بوارەكە.
*هیچ یانەیەك داوای لێ كردوویت یاری بۆ بكەی؟
- تاكو ئێستا نەبووە.
*یانەكەت هاوكاریتان دەكەن ؟
- بەڵێ هاوكارمانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە هاوكاریی زیاترە لەم یارییە.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت؟
- سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم بۆ بەسەركردنەوەی بەردەوامی یاریزانان و ناساندنیان، بەڕاستی خزمەتێكی باش بە پرۆسەی وەرزش دەكەن لە كوردستان.




Top