لە خولی نایابی عێراق... هەولێر چوار جار تۆری زەورا-ی هەژاند

لە خولی نایابی عێراق... هەولێر چوار جار تۆری زەورا-ی هەژاند
لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 23یەمی خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێی، رۆژی سێشەممە لە یاریگەی گەڵ لە شاری بەغداد، هەردوو یانەی هەولێر و زەورا رووبەرووی یەكتر بوونەوە.
لەم یارییەدا یاریزانانی هەولێر ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد و توانیان یارییەكە بە ئەنجامی (4-1) گۆڵ ببنەوە و بەشێوەیەكی كاتی بێنە پێشەنگی خولەكە.
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا یاریزانانی هەولێر ئاستێكی یەكجار بەرزیان پێشكەش كرد و توانیان دوو گۆڵ لە رێگەی یاریزانان سەعد عەبدولئەمیر لە خولەكی (14) و لوئەی سەڵاح لە خولەكی (39) تۆمار بكەن بەرانبەر گۆڵێك بۆ یانەی زەورا، كە لە رێگەی یاریزان حەیدەر عەبدولئەمیر لە خولەكی (18) تۆماری كرد.
لە گێمی دووەمی یارییەكەدا یاریزانانی هەولێر بەردەوام بوون لە ئاست بەرزی و توانیان دوو گۆڵی تر لە رێگەی یاریزانان (رۆبیاتاۆ) لە خولەكی (71) و لوئەی سەڵام لە خولەكی (76) تۆمار كرا، هەر لەم گێمەدا گۆڵچی بەتوانای هەولێر سەرهەنگ موحسین توانی لێدانێكی سزای یانەی زەورا لە خولەكی (68) دووربخاتەوە.
بەم ئەنجامە یانەی هەولێر كۆی خاڵەكانی بۆ (42) خاڵ بەرزكردووە و بەشێوەیەكی كاتی هاتە پێشەنگی خولەكە و دوو یاری دواخراوی هەیە.
ماڵپەری فەرمی یانەی هەولێر
Top