ئیبراهیم سالم: من درێسم بۆ یانەی سلێمانی كریوە
ئیبراهیم سالم لە لێدوانێكی دا هێرشێكی توندی كردە سەر دەستەی كارگێری یانەكە.
لە دیمانەیەكیدا بۆ ماڵپەری وێنەكانی تۆپی عێراقی گوتی: سكالا لەسەر یانەی سلێمانی لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق تۆمار دەكەم بۆ وەرگرتنی گشت مافەكانی خۆم، چونكە یانەی سلێمانی تاكە لایەنە گرێبەستی هەڵوەشاندیتەوە بە بێ گەرانەوە بۆ من یاخود راوێژكردن.
لە درێژەی قسەكانیدا ئیبراهیم سالم گوتی: من زۆر خزمەتی یانەكەم كردووە لە هەموو روویەكەوە، بەڵام بەمشێوەیە وڵامی چاكەكانی منیان دایوە، كاتێك چوومە یانەی سلێمانی، یاریزانەكان هەریەكە بە درێسێك دەهاتنە نێو یاریگا بۆ مەشق كردن، كە بەراستی دیمەنێكی زۆر ناشیاو بوو، بۆیە من لە شاری بەغداد لە پێشانگای وەرزشی یاریزان سامر سەعید، درێسم بۆ یانەكە كری، كە نرخی 750 دۆلار بوو و تا ئێستا پارەكەم وەرنەگرتیتەوە و تا ئێستاش یانەی سلێمانی هەر بەم درێسە مەشق دەكات و یاری ئەنجام دەدات.
لە كۆتاییدا ئیبراهیم سالم گوتی: بۆیە ئەم قسانە دەكەم، چونكە دەستەی كارگێری یانەی سلێمانی منی تۆمەتبار كرد، كە یانەكەم جێهیشتووە و هیچ شتێكم بۆیان نەكردووە.
جێگەی باسە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵ دەستەی كارگێری یانەی سلێمانی حەمید سەلمانی وەكو راهێنەری تیپەكە دەستنیشان كرد و ئیبراهیم سالم-ی وەكو راهێنەری گۆڵپارێز دەستنیشان كرد بۆ ئەوەی لە خولی پلە یەكی عێراق یارمەتی یانەكە بدەن تاكو بگەرێتەوە خولی نایابی عێراق لە وەرزی داهاتوو.
رێبین رەمزی
