دوای ئەوەی یانەی دهۆك لە میانی یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی لە حەوت یاریی ڕابردوو نەیتوانیوە تامی هیچ سەركەوتنێك بكات و ئەنجامەكانی ئەم دواییە كە زۆر خراپە هاندەرانی توڕە كردووە لە هەمان كاتیشدا تیپی دهۆك گرێبەست و مووچەی یاریزانانی تیپەكەی نەداوە، لەلایەن خۆشیەوە سائیرجەسام ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشیی دهۆك ئەوەی ئاشكراكرد كە دواكەوتنی مووچە و گرێبەستی یاریزانان هۆكار بوونە بۆ شكستی یانەكەیان و یاریزانان لە كەشێكی ئارام یارییان نەكردووە بە هۆی وەرنەگرتنی پارەكانیان، لەم بارەشەوە دكتۆر محەمەدسەعید جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشیی دهۆك بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی» ڕاستە كێشەی داراییمان هەیە لە یانەی دهۆك، ئێستاش لە زۆربەی یانەكانی كوردستان قەیرانی دارایی سەری هەڵداوە بەهۆی كێشەكانی ئەم دواییەی قەیرانی بودجەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی، ئێمە لە ئێستادا نە مووچەی یاریزانان و نە بەشی دووەمی گرێبەستی یاریزانانمان نەداوە ئەوانیش داوای مافی سروشتی خۆیان دەكەن كە مافێكی خۆیانە دەبێ ئێمە بۆیان دابین بكەین، تاكو ئێستا نەمانتوانیوە بۆیان دابین بكەین و بە چەندین شوێنیمان گوتووە بەڵام قەیرانەكە سەرتاسەرییە، هەموو هەوڵێكمان دەخەینە گەڕ بۆ سەرخستنی یانەكەمان بۆ رێڕەوی خۆیی و چارەسەر كردنی گرفتە داراییەكان، هەوڵیش دەدەین ئاستی تیپەكەمان بەرزتر بكەینەوە بەسەر ئەو كێشانە زاڵبین كە دووچارمان هاتوونە.