فائیزە جەلال:ئاواتمە ببمە باشترین گۆڵچی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق
* ئاستی یارییەكانی فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- بە شێوەیەكی باشی دەبینم كە ساڵانە تیپەكان ئامادەكاری باش دەكەن بۆ كێبڕكێ كردن لەسەر بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لە خول و پاڵەوانێتییەكان، هەموو ساڵێكیش یانەكان لە شارەكانی كوردستان لە هەوڵی بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستەبوون بە پاڵەوان دەدەن.
* ئاستی فوتساڵ لە هەولێر چۆن دەبینی؟
-لەم بڕوایەم ئاستی یاریی فوتساڵ لە پایتەختی كوردستان ساڵ بە ساڵ بەرەو پێش چوونی باش بەخۆیەوە دەبینێت، ساڵ لەدوای ساڵ تیپی بەهێز لە هەولێر دروست دەبێت ئەگەر گرنگیی بەردەوام هەبێت پێش بینی دەكەم لە داهاتوودا دەبینە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانا.
* وەكو كچە یاریزانێك پێت باشە چی بكرێت بۆبەرزبوونەوەی ئاستی یاری فوتساڵ لە كوردستان؟
- كردنەوەی پاڵەوانێتی بەردەوام و دروست كردنی یاریگاو هۆڵی تایبەت ئەوە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان بۆ هاتنی كچان بۆ ناو وەرزش و بەرز بوونەوەی ئاستی ئەم یارییە، لە هەمان كاتیشدا پێویستمان بە ئامادەبوونی هاندەران هەیە لە یارییەكان بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر هانبدرێین بۆ كێبڕكێ كردن لەسەر بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە.
* تاكو ئێستا لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق داواكراویت؟
- نەخێر بەڵام بەهیوای ئەوەم لە داهاتوو زیاتر پەرە بەتواناكانی خۆم بدەم و ببمە یەكێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراقی.
* كێشەو گرفتەكانتان زیاتر لە چی ڕەنگ دەداتەوە؟
- پێشووتر كێشەی هۆڵمان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا وا خەریكە بە كۆتایی دێت و ئیتر كێشەو گرفتی یاریگامان نامینێت.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
- بەهیوای ئەوەم لە داهاتوو ببمە باشترین گۆڵچی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق.
* حەز دەكەی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی كوردستان دابمەزرێ؟
- ئەو هیواو ئاواتی چەند ساڵەی منە لە وەرزش كردن بۆئەوەی منیش یەكێك بم لە یاریزانەكانی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی كوردستان و خزمەتی وڵاتەكەم بكەم لەر ێگای وەرزشەوە.
* لە ماڵەوە هاوكاریت دەكەن بۆ وەرزش كردن.
- لێرەوە لە رێگای ئەو مینبەرە جوانەوە دەمەوێ سوپاسی دایك و باوكی خۆشەویستم و راهێنەرەكەم بكەم ئەگەر پشتگیری ئەوان نەبێت نەمدەتوانی بەم شێوەیە بەردەوامبم.
* بەچ گۆڵچێك زۆر سەرسامی لەسەر ئاستی جیهان؟
- زۆر بە ئاستی ئیكەر كاسیاسی گۆڵچی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید سەرسامم.


