ئاژانسەكان.... شۆڕشی بەرشلۆنە بەڕێوەیە

ئاژانسەكان.... شۆڕشی بەرشلۆنە بەڕێوەیە
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە كە دەستەی كارگێڕیی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی لەهەوڵی ئەنجامدانی شۆڕشێكی گەورەیە. لەمبارەیەوە رۆژنامەی سپۆرتی كەتالۆنی نزیك لەیانەی ناوبراو لەهەواڵێكیدا ئەم دەنگۆیانەی پشت راستكردۆتەوە كە دەستەی كارگێڕیی یانەكە لەهەوڵی دانانی پلانێكە بۆ ئەنجامدانی شۆڕشێكی گەورە ئەویش بەفرۆشتنی زیاتر لەنیوەی یاریزانانی تیپەكە لە كاتی كردنەوەی گواستنەوەی یاریزانان لە وەرزی هاوینی داهاتوودا، چونكە بەپێی بۆچوونەكان لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەكی زۆری یاریزانە سەرەكییەكانی تیپەكە تەمەنیان گەورە بوو. لەلایەكی ترەوە هەمان سەرچاوە دووپاتی كردۆتەوە كە ئەو یانە كەتالۆنییە هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ دەست بەرداربوون لە شەش یاریزانی یانەكەی كە لەم وەرزەدا هیچ هەلێكیان لەبەردەم نەڕەخسا یاری بكەن بەتایبەت جۆناسان دۆس سانتۆس و ئیبراهیم ئەفیلای و كریستیان تییۆ و ئیسحاق كوینكا و سیرجی رۆبیرتۆ و ئوییر ئۆزلابا. جگە لەوانەی باسكران كارگێڕیی یانەكە بەسەرۆكایەتی جۆسیب بارتۆمیۆ گوێ لەو گرێبەستانە دەگریت كە پێشكەشی دەكرێن لەمەڕ هەریەك لە دانی ئەلڤێس و سیسك فابریگاس و ئەلیكس شانسیز و خافیر ماسكیرانۆ و پیدرۆ رۆدریگز و ئەدریانۆ كۆریا و ئەلیكساندەر سۆنگ.
ئەوەی جێگای باسە لە 30 یۆنیۆی داهاتوودا سێ یاریزان دەستبەرداری یاریكردن دەبن لەم یانەیە ئەوانیش بریتین لە هەریەك لە كارلیس پیۆل كە بەر لەچەند هەفتەیەك خۆی بڕیاری جێهێشتنی دا لەگەڵ ڤیكتۆر ڤاڵدیز كە ئەگەری هەیە گرێبەست لەگەڵ مۆناكۆ واژووبكات، لەگەڵ نوێ نەكردنەوەی بۆندی گۆڵپارێز پینتۆ
Top