كێ دەبێتە پاڵەوانی ئەوروپامەدرید یان ئەتلەتیكۆ؟
ئەتلەتیكۆ مەدرید
یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە ساڵی 1903 دامەزراوە لە ساڵی دامەزراندنی تا ئێستا خاوەن 29 نازناوە لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئیسپانیا و تا ئێستا خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای بە دەست نەهێناوە، (9) پاڵەوانی خولی ئیسپانیایە و (1) خولی پلە دووی ئیسپانیای بە دەستهێناوە و (2) خولی ئەوروپا و (1) جامی یەكێتی ئەوروپا و (2) جامی سوپەری ئەوروپا و (10) جامی شای ئیسپانیا و (3) جامی سوپەری ئەوروپا و (1) جامی ئەنتەركۆنتینتالی بە دەستهێناوە و لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا 8 جار بەشداری كردووە و باشترین ئەنجامی لە ساڵی (1973-1974) بوو كاتێك گەیشتە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە، بەڵام لە یاریی كۆتایی بە ئەنجامێكی گەورە بەرانبەر یانەی بایرن میونیخ دۆرا (4-0) گۆڵ، بۆیە ئەم ساڵ هەوڵ دەدات یەكەم نازناوی خۆی لەم پاڵەوانێتییە بە دەستبهێنێت.
یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید خاوەن یاریگای (فێستنی كالدیرۆن)ە و شوێنی (54851) هەزار كەس دەبێتەوە.
یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە وەرزی ئەم ساڵدا لە كۆمەڵەی حەوتەمدا شان بەشانی یانەكانی (زێنت سان بترسبۆرگ (روسیا)، پۆرتۆ (پورتوگال)، ئۆستریا ڤێنا (نەمسا) یاریی كرد و توانی 5 سەركەوتن و یەك یەكسانبوون تۆمار بكات و لە پلەی یەكەم سەركەوت بۆ قۆناغی 16، لەم قۆناغەدا رووبەڕووی یانەی (ئەی سی میلان)ی ئیتاڵی بووە و توانی لە هەردوو یاری لە یانە ئیتاڵییەكە بباتەوە و خۆی بگەیەنێتە قۆناغی هەشت و رووبەڕووی یانەی بەرشلۆنە بووەوە، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لەم یارییەدا توانی لە كۆی هەردوو یاری سەربكەوێت بۆ قۆناغی پێش كۆتایی و رووبەڕووی یانەی چێلسی ئینگلیزی بووەوەو توانی لە یانە ئینگلیزییەكەش بباتەوە و خۆی بگەیەنێتە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە.
ئەوەی جێگای سەرنجە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لەم پاڵەوانێتییە تا ئێستا هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە و خاوەنی 27 گۆڵە و تەنیا 6 گۆڵی لێ تۆماركراوە.
ئەتلەتیكۆ مەدرید خاوەنی باشترین گۆڵچی پاڵەوانێتییەكەیە ئەویش (كورتوا)ی بە رەگەز بەلژیكییە، هەروەها خاوەن باشترین یاریزانی هێڵی هێرشبەرە ئەویش (دیگۆ كۆستا)ی ئیسپانی و بەسەركردایەتیی (دیگۆ سیمیۆنی) ئەرژنتینی.
ریال مەدرید
لە ساڵی 1902 لە شاری مەدرید دامەزراوە و خاوەن یاریگەی سانتیاگۆ بیرنابیۆیە كە شوێنی (85454) هەزار هاندەر دەبێتەوە و لە سەرەتای دامەزراندنی تا ئێستا (77) نازناوی بە دەستهێناوە و بە یانەی (شاهانە) ناسراوە، نازناوەكانیش بریتین لە (32) جار خولی ئیسپانیا و (9) جار خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و ( 2) جار خولی ئەوروپا و (1) جار جامی سوپەری ئەوروپی و (19) جار جامی شای ئیسپانیا و (10) جار جامی سوپەری ئیسپانیا و (3) جار جامی ئەنتەركۆنتینتال و (1) جار جامی جیهانی یانەكانی بە دەستهێناوە.
یانەی ریال مەدرید (38) جار بەشداریی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كردووە و توانی (9) جار نازناوی پاڵەوانێتییەكە بە دەستبهێنێت و تا ئێستا هیچ یانەیەك نەیتوانیوە ئەم دەستكەوتە تۆمار بكات.
یانەی ریاڵ مەدرید لە كۆمەڵەی دووەم شانبەشانی یانەكانی (گەلاتە سەرای (توركیا)، یۆڤنتوس (ئیتاڵیا)، ئیف سی كۆپنهانگ (دانیمارك) یاری كرد و توانی بە پلەی یەكەم سەركەوێت بۆ قۆناغی 16 دوای ئەوەی توانی لە 5 یاری سەركەوتن تۆمار بكات و یەك یاری یەكسان بێت و لە قۆناغی 16 بە ئەنجامێكی گەورە لە هەردوو یاری لە یانەی شاڵكە-ی ئەڵمانی بردەوە و لە قۆناغی 8 رووبەڕووی یانەی بروسیا دۆرتمۆند-ی ئەڵمانی بووەوە، لەم یارییە ریال مەدرێد بەزەحمەت توانیان بگەنە قۆناغی پێش كۆتایی، كە رووبەڕووی یانەی بایرن میونیخ-ی ئەڵمانی بوونەوە لەم یارییەدا یانەی شاهانە بە ئەنجامێكی گەورە لە باڤارییەكانی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی كۆتایی.
لەم پاڵەوانێتییەدا یانەی ریال مەدرید تەنیا لە یەك یاری تووشی دۆڕان هات بەرامبەر یانەی بروسیا دۆرتموند و توانی لەم پاڵەوانێتیەدا 37 گۆڵ تۆمار بكات و تەنیا 9 گۆڵی لێ تۆمار كراوە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی ریال مەدرید گۆڵگاری خولەكەیە، هەروەها خاوەنی باشترین گۆڵچی جیهانییە ئەویش ئیكەر كاسیاسە و بەسەركردایەتیی راهێنەری ئیتاڵی ئەنچلیۆتی.
لە یاریی كۆتایی یاریزان ئەلۆنسۆ بەهۆی وەرگرتنی كارتی زەرد لەم یارییە بێبەش دەبێت.
چەند زانیارییەك لەسەر یاریگای دالوژ
یاریگای دالوژ لە ساڵی 1954 دروستكراوە و لە ساڵی 2003 یاریگایەكە نوێكراوەتەوە، ئەم یاریگایە لە شاری لیشبۆنەیە لە وڵاتی پورتوگال و شوێنی 65 هەزار هاندەر دەبێتەوە.
ئەم یاریگایە میوانداریی یاریی كۆتایی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا-ی 2004ی كرد لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی رووسیا و پورتوگال، كاتێك هەڵبژاردەی پورتوگال یارییەكەی دۆڕاند، هەروەها ئەم یاریگایە میوانداریی یاریی كۆتایی جامی سوپەری ئەوروپای كرد لە ساڵی 1992 و لە ساڵی 1991 میوانداریی جامی جیهانی لاوان-ی كرد و لە خولی پورتوگال ئەم یاریگایە یانەی بەنفیكا یارییەكانی تێدا ئەنجام دەدات.
