یارییەكانی خولی بژاردەی تۆپی دەستی كوردستان لە دوای تاقیكردنەوەكان بەڕێوەدەچێت

یارییەكانی خولی بژاردەی تۆپی دەستی كوردستان لە دوای تاقیكردنەوەكان بەڕێوەدەچێت
بەهۆی تاقیكردنەوەكانی قوتابیان لە وەرزەكانی كۆتایی قۆناغی خوێندن ڕەنگە یارییەكانی خولی بژاردەی تۆپی دەستی كوردستان دوابكەوێت، دوای ئەوەی یارییەكانی هەردوو كۆمەڵەی یەكەم و دوومی خولی نایابی یانەكانی كوردستان لە یاریی تۆپی دەستی لە هەردوو شاری هەولێرو سلێمانی بەڕێوەچوو، دوای ئەنجامدانی چەندین یاری و كێبڕكێ لە نێوان یانەكانی كوردستان بۆ سەركەوتن بۆخولی بژاردە لە هەردوو كۆمەڵەكەش هەریەك لە یانەكانی(سلێمانی، سیروانی نوێ، كۆیە، هەولێر،نەورۆز، كەیوان) سەركەوتن بۆخولی بژاردە، هەر چەندە یارییەكانی كۆمەڵەی دووەمیش سەرۆكی یەكێتیی تۆپی دەستی كوردستان لەسەر ئەركی خۆی سەرجەم یارییەكانی بەڕێوەبردووە، بەڵام تاكو ئێستا یەكێتیی ناوەندیی تۆپی دەستی كوردستان بڕیاری یەكلاییكەرەوەی داوە بۆ بەڕێوەچونی یارییەكانی خولی بژاردە كە بڕیارە یارییەكانی لە پایتەختی كوردستان بەڕێوەبچێت، لەم بارەشەوە بێجان ئیبراهیم سەرۆكی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی دەستی كوردستان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی(( ئێمە تاكو ئێستا كۆبوونەوەی خۆمان نەكردووە كە چ كاتێك یارییەكانی خولەكە ئەنجام بدەین لە قۆناغی بژاردە، بەهیوای ئەوەین لە كاتێكی زوو ئەنجامی بدەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كێشەی دارایی زۆربەی زۆری یەكێتییە وەرزشییەكانی گرتۆتەوە، ئێمەش كێشەی داراییمان هەیە، بۆیە لە كۆبوونەوەی داهاتووی خۆماندا ئەم بڕیارە یەكلایی دەكەینەوە، بەڵام ڕەنگە دوایبخەین بە هۆی وادەی تاقی كردنەوەكانی قوتابیان لە دوای تاقی كردنەوەكان خولی بژاردە بەڕێوەببەین، لە یارییەكانی كۆمەڵەی دووەمیش هەموو خەرجیی یارییەكانم لە ئەستۆی خۆم گرتووە وەكو سەرۆكی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی دەستی كوردستان، بەهیمەتی هەموو لایەك هەوڵدەدەم ئاستی وەرزشی تۆپی دەست لە كوردستان پێشبخەین و هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە جگە لە كێشەی دارایی نەبێت، سوپاسی یانەكانیش دەكەین كە توانیان بە ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن لە خولەكانی نایاب لە هەردوو كۆمەڵەكە)).
Top